بەشی تیشک و سۆنار لە زانکۆی جیهان-هەولێر ڕۆژی جیهانی پزیشکانی تیشک دەکاتەوە
بەئامادەبونى پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر، سەرۆکایەتى بەشى تیشک و سۆنار لە زانکۆى جیهان-هەولێر ڕۆژى جیهانى پزیشکانى تیشک بەرز ڕادەگرێ.
ڕۆژى پێنچ شەممە ڕێکەوتى (٩/١١/٢٠٢٣) سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر فیستیڤاڵى ڕۆژى جیهانى پزیشکى تیشکى کردەوە، کە لەلایەن سەرۆکایەتى بەشى تیشک و سۆنار بەهاوکارى فێرخوازانى بەشەکە ڕێکخرابوو، لەو فیستیڤاڵەدا، کە بەئامادەبونى پڕۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆر عبدالستار کەریم یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى کارگێڕى و فێرخوازان و، سەرۆکى ژمارەیەک لە بەشە زانستیەکانى زانکۆ و فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر و میوانان ئامادەیبون، فێرخوازانى بەشى تیشک و سۆنار کۆمەڵێک چالاکى زانستیان ئەنجامدا، لە میانەى چالاکیەکانیاندا ئاماژەیان بە مێژووی تیشک و ئامرازەکانی وێنەگرتنی تیشک و سۆنار کرد، بەتایبەت مێژووی داهێنانى ئامێرى تیشکی ئێکس و سۆنەر و سی تی و ئێم ئاڕ ئای، هاوکات فێرخوازان چەندین ئامێری وێنەگرتنی پزیشکی جۆراوجۆریان نمایش کرد.
لە میانەى بەسەرکردنەوەى فیستیڤاڵەکەشدا پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر ستایشى فێرخوازان و سەرۆکایەتى بەشى تیشک و سۆنارى لە زانکۆى جیهان-هەولێر کرد و، وتی: زانستى تیشک و سۆنار یەکێکە لە زانستە پێشکەوتوەکانى بوارى پزیشکى و ڕۆڵێکى دیارى بەرچاوى لە چارەسەرکردنى نەخۆشیەکان هەیە، ڕونیشیکردەوە داهاتوى فێرخوازانى ئەم بەشە ڕون و گەشە، هەروەک دەستخۆشیشى لێکردن بۆ ڕێکخستن و بەڕێوەبردنى ئەو فیستیڤاڵە و، پشتیوانى سەرۆکایەتى زانکۆشى بۆ دوپاتکردنەوە.
ڕۆژى (٨/١١)ى هەموو ساڵێک تەرخانکراوە بۆ ڕۆژى پزیشکانى تیشک، لەو ڕۆژەدا پسپۆڕانى بوارەکە چەندین چالاکى جۆراوجۆر ڕێکدەخەن بۆ ناساندن و گرنگى ئەو بەشە زانستیە لە چارەسەرکردن و چاودێریکردنى نەخۆش، ئەم ڕۆژە دەگەڕێتەوە بۆ یادی دۆزینەوەی تیشکی ئێکس لەلایەن ویلیام کۆنراد ڕۆنتگنەوە لە ڕێکەوتى (٨/١١/١٨٩٥).