بەشی تەکنیکى وێنەگرتن تیشکى سەردانێکی زانستی بۆ نەخۆشخانەی ژین ڕێکدەخات
لە چوارچێوەى هەوڵەکانیدا بۆ دابینکردنی ژینگەیەکی پەروەردەیی تەواوکار، کە خوێندنی ئەکادیمی و ژینگەیی پراکتیکی تێکەڵ دەکات، سەرۆکایەتى بەشی تەکنیکی وێنەگرتنی تیشکى لە زانکۆی جیهان – هەولێر سەردانێکی زانستی بۆ فێرخوازانى قۆناغی دووەم بۆ نەخۆشخانەی ژین لە شارى هەولێر ڕێکخست.
ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتى (10-2-2025)، بە سەرپەرشتی مامۆستاى یاریدەدەری عەبدول عەلیم و بەڕێوەچوو، فێرخوازان لەلایەن تەکنیکاری تیشک (ئاوارە ئیبراهیم فەتاح) پێشوازییان لێکرا، بۆ ئەو مەبەستەش ڕونکردنەوەیەکی وردی لەسەر نوێترین تەکنیکەکانی وێنەگرتنی تیشکی بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشیەکان پێشکەش بە فێرخوازان کرد، پاشان لە میانەى بەسەرکردنەوەى تاقیگەکانى نەخۆشخانەکەدا فێرخوازانى ئاشناى کۆمەڵێک ئامێرى تیشکى کرد، لەوانە تیشکی ئێکس کە بۆ وێنەگرتنی ئێسکەکان و دیاریکردنی شکان بەکاردێت، تۆمۆگرافی کۆمپیوتەر (CT-Scan) کە وێنەی سێ ڕەهەندی بۆ دەستنیشانکردنی برینەکانی ناوەوە دابین دەکات، جگە لە وێنەگرتنی دەنگدانەوە موگناتیسیەکان (MRI) کە پشت بە کێڵگەی موگناتیسی دەبەستێت بۆ پشکنینی شانە نەرمەکان و ئەندامەکانی ناوەوە، هەروەها سۆنەر کە لە پشکنینی دووگیانی و دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکانی دڵ و سکدا بەکاردەهێنرێت.
لە میانەى ئاشناکردنى فێرخوازان بە ئامێرەکانى تاقیگەکانیان، ئاوارە ئیبراهیم فەتاح باسى لە گرنگی هاوکاری نێوان نەخۆشخانەکان و دامەزراوە ئەکادیمییەکان کردەوە، بۆ ئەوەش جەختی لەوە کردەوە کە نەخۆشخانەی ژین هەمیشە هەوڵدەدات پاڵپشتی پرۆسەی خوێندن بکات لەڕێگەی پێشوازیکردن لە فێرخوازانى زانکۆ و ڕەخساندنی دەرفەتى گونجاو بۆ فێربوون بە نوێترین ئامێر و تەکنەلۆژیای پزیشکی، کە لە بواری تیشکدا بەکاردەهێنرێن. ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم سەردانانە نەک تەنها بەشدارى لە فراوانکردنی ئاسۆی هزرى فێرخوازان دەکات، بەڵکو توانا پراکتیکییەکانیان بەرز دەکاتەوە و متمانەیان پێدەبەخشێت لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئامێرە پزیشکییە مۆدێرنەکان، ئەمەش وایان لێدەکات زیاتر ئامادەبن بۆ کارکردن لە بازاڕی کار دوای تەواوکردنی خوێندن.