بەشی زانستەکانی کۆمپیوتەر بە چالاکیی زانستی یادی ڕۆژی جیهانیی پڕۆگرامسازانى کردەوە
ڕۆژی یەکشەممە، ڕێککەوتی (١٤ی ئەیلوولی ٢٠٢٥)، سەرۆکایەتى بەشی زانستەکانی کۆمپیوتەر لە زانکۆی جیهان – هەولێر، یادی ڕۆژی جیهانیی پڕۆگرامسازانی کردەوە. ئەم ڕۆژە دەکەوێتە (٢٥٦)هەمین ڕۆژی ساڵەوە، کە ژمارەیەکە واتا و بایەخی تایبەتی هەیە لە جیهانی کۆمپیوتەر و پڕۆگرامسازیدا، چونکە ژمارەی بەها ناوازەکان پیشان دەدات کە دەکرێت بە هەشت بت (byte) نیشان بدرێن. لەو بۆنە ئەکادیمییە ناوازەیەدا، مامۆستایان و فێرخوازان بەشی زانستى کۆمپیوتەر لە هەموو قۆناغە جیاوازەکانی خوێندندا ئامادەیبوون، بە ئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری سەبارەت بە گرنگیی پڕۆگرامسازی و ڕۆڵی سەرەکیی لە بنیاتنان و پەرەپێدانی دیجیتاڵیی هاوچەرخ.
چالاکییەکانی یادکردنەوەکە بە وتاری کردنەوە دەستیپێکرد، کە ژمارەیەک لە مامۆستایانی بەش پێشکەشیان کرد. لە وتارەکانیاندا تیشکیان خستە سەر پەرەسەندنی خێرای زانستەکانی کۆمپیوتەر و بەکارهێنانە جۆراوجۆرەکانی، کە بوونەتە دڵ و دەماری ژیانی سەردەم، هەروەک جەختیان لەسەر ڕۆڵی گرنگی پڕۆگرامسازان کردەوە وەک هێزێکی پاڵنەر بۆ داهێنان و پێشکەوتنی تەکنەلۆژی.
هەر لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بەش و یادەکەدا و، بۆ هاندانی گیانی ڕکابەری و داهێنان لە نێوان فێرخوازاندا، پێشبڕکێیەکی دیجیتاڵیی سەرنجڕاکێش لە نێوان فێرخوازانى قۆناغی دووەم ڕێکخرا. بەشداربووان ئاستێکی بەرزی لێهاتوویی و داهێنانیان لە چارەسەرکردنی کێشە پڕۆگرامسازییەکاندا نیشاندا. پێشبڕکێکە بە سەرکەوتنی فێرخواز (ئەلەند شیرزاد ئیبراهیم) بە پلەی یەکەم کۆتایی هات و خەڵاتێکی تایبەتی پێبەخشرا، ئەوەش وەک ڕێزلێنانێک بۆ هەوڵە نایاب و کارامەیی بێوێنەکەى.
چالاکییەکانی یادکردنەوەکە تەنها لە لایەنی ئەکادیمییەوە نەبوو، بەڵکو پڕۆگرامەکە چەندین چالاکیی کاتبەسەربردن و کارلێکیشی لەخۆگرتبوو بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان فێرخوازان و مامۆستایان لە ژینگەیەکی دۆستانە و هاندەردا. ئەم چالاکییانە یارمەتیدەر بوون لە لابردنی بەربەستە نەریتییەکان و هاندانی ئاڵوگۆڕی ئەزموون و بیرۆکەکان، لەگەڵ پەرەپێدانی لێهاتوویی داهێنەرانە و نوێخوازانە لە بواری زانستەکانی کۆمپیوتەردا. ئەمەش فەلسەفەی گشتگیرانەی بەش لە بنیاتنانی کەسایەتی ئەکادیمی، پیشەیی و کۆمەڵایەتیی فێرخوازان دوپات دەکاتەوە.