بەشی چارەسەری سروشتی لە زانکۆی جیهان-هەولێر بە چالاکیەک ڕۆژی جیهانی چارەسەری سروشتی پیرۆز دەکات
سەرۆکایەتى بەشی چارەسەری سروشتی لە زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژی دووشەممە، ڕێکەوتی ٨/٩/٢٠٢٥، چالاکیەکى تایبەتی بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی چارەسەری سروشتی لە هۆڵی (VIP)ی زانکۆ ڕێکخست.
لەو چالاکیەدا، کە بە ئامادەبوونی مامۆستاى یاریدەدەر تەنیا سەلام ساڵح سەرۆکی بەش و ژمارەیەک لە مامۆستایان و فێرخوازانی بەشەکە بەڕێوەچوو چەند بڕگەیەکى لەخۆگرتبوو، بۆ ئەوەش سەرۆکى بەش لە میانەى وتەیەکیدا پیرۆزبایی ڕۆژی جیهانی چارەسەری سروشتی لە سەرجەم بەشداربووان کرد و هیوای سەرکەوتنی زیاتر بۆ هەمووان خواست لە خزمەتکردنی کەرتی پزیشکیدا، هەر لە وتەکەیدا تیشکى خستە سەر ڕۆڵی بنەڕەتی چارەسەری سروشتی لە چاودێری تەندروستی مۆدێرندا، بە جەختکردنەوە لەسەر بەشداریکردنی لە بواری بوژانەوەى جەستە و، کەمکردنەوەی ئازار، باشترکردنی کوالێتی ژیان، دووپاتیشی کردەوە وەک سەرۆکایەتى بەش لە زانکۆى جیهان-هەولێر پابەندن بە بەردەوامیدان بە پەرەپێدانی ڕێبازە نوێ و پشت بە بەڵگەی زانستییەکان دەبەستن بۆ ڕاهێنان و فێرکردنى فێرخوازان لە بوارى چارەسەری سروشتیدا، بە ئامانجی دابینکردنی پێداویستییەکانی چاودێری تەندروستی هاوچەرخ.
لە بەشێکى دیکەى چالاکیەکەدا کارلێک و ئاڵوگۆڕی زانستی لە نێوان مامۆستایان و فێرخوازان و بەشداربوون کرا و، پرسیاری جۆراوجۆریان وروژاند و زانیارییەکانیان لەنێو خۆیاندا گۆڕییەوە. ئەم دیالۆگە ئەکادیمییە نەک تەنها تێگەیشتنی بەشداربووانی دەوڵەمەند کرد، بەڵکو یارمەتیدەر بوو لە دۆزینەوەی بیرۆکەی نوێ و داهێنەرانە بۆ پەرەپێدانی فێرکردن و پراکتیک لە بواری چارەسەری سروشتیدا.