بەشی ڕاگەیاندن بەشداری لە هەڵمەتی كۆكردنەوەی هاوكاریی بۆ ڕۆژئاوای كوردستان دەكات
ڕۆژی یەكشەممە ڕێكەوتی 25-1-2026، بەشێك لە فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن لە زانكۆی جیهان-هەولێر، بەسەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (ئەحمەد جەمال حەمەكەریم)، بەشدارییان كرد لە هەڵمەتێكی كۆكردنەوەی هاوكاریی بۆ كوردانی ڕۆژئاوی كوردستان.
هەڵمەتەكە لەلایەن ناوەندی ڕۆشنبیریی مەم و زین ڕێكخرابوو، كە بریتیبوو لە تەرخانكردنی داهاتی كتێبی (كۆبانی) بۆ كوردانی ڕۆژئاوی كوردستان، كە ڕۆمانێكە لەلایەن نووسەری دیاری كورد (جان دۆست) نووسراوە و، تێکۆشان و خۆڕاگریی کچان و کوڕانی کۆبانی و خەڵکی کورد بە گشتی بۆ پاراستنی ئەم شارە و خاوێنکردنەوەی لە هەوری ڕەشی داعش لە ڕابردوودا، بابەتی سەرەکیی ڕۆمانەكەیە.
هەریەكە لە فێرخوازانی قۆناغی دووەمی بەشی ڕاگەیاندن، ئامانج سەبری، ئەركان ئەمیر، سەهەند سەڵاح، سەهەند ئیدریس، مەڕوان سیامەند بەشدارییان لەو هەڵمەتەدا كرد وەك پشتگیریی و هاوكارییەك بۆ خوشك و براكانیان لە ڕۆژئاوای كوردستان، كە لە ئێستادا بەهۆی ئەو زوڵم و داگیركاری و ستەمەی لەلایەن حكومەتی سووریاوە بەامبەریان دەكرێت، بووەتە هۆی دەربەدەربوون و چەوسانەوەیان و، لەم وەرزی سەرمایەشدا پێویستییان بە بەهاناوەچوون هەیە بۆئەوەی بەردەوامیی بە خۆڕاگرییان بدەن.








