بەشی ڕاگەیاندن خولێکى ڕاهێنانی تایبەت بە ڕۆڵی میكیاج لە بەرهەمهێنانی میدیاییدا بەڕێوەدەبات
لە چالاكییەكی زانستییدا، ڕۆژی سێشەممە ڕێكەوتی 13-1-2026، سەرۆكایەتیی بەشی ڕاگەیاندن لە زانكۆی جیهان-هەولێر، بە سەرپەرشتیی مامۆستای یاریدەدەر (ئەحمەد جەمال حەمەكەریم)، ڕاهێنانێكی بەناونیشانی (ڕۆڵی میكیاج لە بەرهەمهێنانی میدیاییدا) لە هۆڵی ئەكادیمیای جیهان بۆ ڕاهێنان و پەرەپێدان بەڕێوەبرد.
ناوەڕۆكی ڕاهێنانەكە، لەلایەن (عەدنان سیروان) مەیكئەپ ئارتیست لە تۆڕی میدیایی ڕووداو پێشكەشكرا و، تیایدا ژمارەیەک لە فێرخوازانی هەرچوار قۆناغی بەشی ڕاگەیاندن ئامادەیبوون. لە دەستپێكی ڕاهێنانەكەدا، ڕاهێنەر باسی لە گرنگی بەكارهێنانی میكیاج كرد بۆ بەرهەمە میدیاییەكان، بەتایبەتی لە تەلەڤزیۆندا، بۆ ئەوەش ڕوونیكردەوە كە میكیاج تەنها بۆ جوانكاریی نییە، بەڵكو ڕۆڵێكی تەكنیكی و پیشەیی گرنگی هەیە لە بەرهەمهێنانی میدیایی. هەروەها تیشكی خستە سەر سوودەكانی بەكارهێنانی میكیاج بۆ گەڕاندنەوەی زیانەكانی ڕووناكی ناو ستۆدیۆ بۆ میدیاكاران، ئەوەشی خستەڕوو كە چۆن میكیاج دەتوانێت دڵنیایی لە دەرچوونی وێنەیەكی پیشەیی و جوان بكات لە كاتی تۆماركردنی بەرنامە تەلەڤزیۆنییەكاندا.
لە بەشێكی دیكەی ڕاهێنانەكەدا، ڕاهێنەر بەشێوەیەكی كرداریی، ڕاهێنانی چۆنییەتی میكیاجكردنی درووستی ئەنجامدا، كە دەرفەتێكی گرنگ بوو بۆ فێرخوازان تا لە نزیكەوە ئاشنای ئەم كارە تایبەتە بن. ڕاهێنەر عەدنان سیروان، باسی لە دەرفەتی كاركردن كرد بۆ ئەو كەسانەی دەیانەوێت ببنە مەیكئەپ ئارتیست و، ڕوونی كردەوە كە ئەم بوارە دەرفەتی كاری باشی تێدایە بۆ ئەوانەی حەزیان لە كاركردن لە بواری میدیایە.
لە كۆتاییدا، مامۆستای سەرپەرشتیار، بەناوی سەرۆكایەتیی بەشی ڕاگەیاندنەوە، بڕوانامەی سوپاس و پێزانینی بەخشییە (عەدنان سیروان)، هاوكات بڕوانامەی بەشداریكردن پێشكەش بە فێرخوازانی ئامادەبوو كرا.







