بەشی ڕاگەیاندن وۆرک شۆپێک لەبارەى بنەماکانی پێشکەشکردنی تەلەڤزیۆنى و لێهاتوویی پەیوەندیکردن بۆ ڕۆژنامەنووسان بەڕێوەبرد
ڕۆژى دووشەممە ڕێکەوتى (٢٠/١/٢٠٢٥) سەرۆکایەتى بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان-هەولێر وۆرک شۆپێکی لەبارەى “بنەماکانی پێشکەشکردنی تەلەڤزیۆن و لێهاتوویی پەیوەندیکردن بۆ ڕۆژنامەنووسان”، لە هۆڵى ئەکادیمیاى زانکۆ بەڕێوەبرد.
لەو وۆرکشۆپەدا، کە بە ئامادەبوونى مامۆستاى یاریدەدەر ئەزوەر قاسم ئاغا سەرۆکى بەشى ڕاگەیاندن و، ژمارەیەک لە فێرخوازانى ڕاگەیاندن لە قۆناغە جیاکان بەڕێوەچوو، لەسەرەتادا دکتۆر ئەمجەد یونس ئەلجەنابی، ئەکادیمی و میدیاکار لە کەناڵی ئاسمانى سامەڕا باسى لە “بنەماکانی پێشکەشکردن و مامەڵەکردن لەگەڵ کامێرا” کرد، بۆ ئەوەش ڕوونکردنەوەیەکی گشتگیری سەبارەت بە چۆنیەتی ئامادەکاری بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کامێرا لە ڕووی دەروونی و جەستەیی و دەروونییەوە پێشکە بە فێرخوازانى ئامادەبوو کرد، هەروەک جەختى لەسەر گرنگی فێربوونى پراکتیکی کردەوە.
لە بەشی دووەمی وۆرکشۆپەکە، کە لەلایەن دکتۆر عەلی مونعیم پێشکەشکرا، تیایدا تیشکی خستە سەر “کارامەییەکانی پەیوەندیکردن کە پێویستن بۆ ڕۆژنامەنووسانی تازەپێگەیشتوو”، بۆ ئەو مەبەستەش پێداچوونەوەی بە کۆمەڵێک کارامەیی سەرەتایی وەک نووسین و مۆنتاژکردن، کەڵک وەرگرتن لە تەکنەلۆژیای مۆدێرن ، توانای قسەکردن لەبەردەم خەڵک، گفتوگۆ، خوێندنەوە و پەیوەندی نازارەکی کرد و، جەختى لەسەر گرنگی ڕاهێنان و پراکتیزەکردن بۆ پەرەپێدانی ئەم کارامەییانە کردەوە.
ئەم وۆرک شۆپە لە چوارچێوەی پەرۆشی سەرۆکایەتى بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان-هەولێر بۆ دابینکردنی باشترین ژینگەى فێربوون و ڕاهێنان بۆ فێرخوازانى دێ، تا بەشێوەیەکى تەواو بۆ بازاڕی کار لە بوارە جیاکانى ڕاگەیاندن ئامادەبن و بەشدارى کارا لە پەرەپێدانى بوارى میدیاى بکەن.