بەشی ڕاگەیاندن و سەندیکای ڕۆژنامەنووسان تاوتوێى چەند بابەتێکى پەیوەست بە پەرەپێدانى بەردەوام دەکەن
لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی پەرەپێدانى بەردەوامی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەتایبەتی ئامانجی چوارەم کە تایبەتە بە کواڵیتى خوێندن و پەروەردە، و ئامانجی شازدەیەم کە تەرخانکراوە بۆ ئاشتی و دادپەروەری و دامەزراوە بەهێزەکان، ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (١٥/١/٢٠٢٥) مامۆستاى یاریدەدەر ئەزوەر مەهدی قاسم ئاغا، سەرۆکى بەشى ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان-هەولێر، سەردانى سەندیکاى ڕۆژنامەنوسانى کوردستانى کرد و، لەگەڵ حاکم ئازاد حەمەدەمین نەقیبى سەندیکاى ڕۆژنامەنوسانى کوردستان کۆبوەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر بەرزکردنەوەی ئاستى هاریکاری نێوان بەشی ڕاگەیاندن و سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی هەرێمی کوردستان، بە ئامانجی پەرەپێدانی تواناکانی ڕاگەیاندنی فێرخوازان و، ئاشناکردنیان بە میکانیزمەکانی کاری ڕۆژنامەوانی پیشەیی بەگوێرەی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان و ئاکارى ڕۆژنامەوانی و، ڕەخساندنى دەرفەتى گونجاو بۆ کارکردن لە دامەزراوە میدیایەکان، بۆ ئەوەى بەشێوەیەکى ئەکادیمى پیشەیی لە داهاتودا فێرخوازان بتوانن بەشداری لە بونیاتنانی کۆمەڵگەیەکی تەندروست و ئاشتی و دادپەروەرانە بکەن، هەر لە میانی کۆبوونەوەکەدا چەندین بابەتى دیکە تاوتوێکران.
لەو چوارچێوەیەدا جەخت لە پەرەپێدانی پرۆگرامەکانی خوێندن کرایەوە، بەجۆرێک هاوسەنگ بن لەگەڵ دوایین پێشکەوتنەکانى بواری میدیا و، لەخۆگرتنی چەمکەکانی پەرەپێدانی بەردەوام، مافی مرۆڤ و، ئازادی ڕادەربڕین، بۆ ئەو مەبەستەش پێشنیازى سازدانی وۆرکشۆپ و خولی ڕاهێنان لە بوارەکانی ڕۆژنامەگەری بنکۆڵکارى، فۆتۆ ڕۆژنامەگەری، میدیاى دیجیتاڵ و چەندین بابەتى دیکە کرایەوە، ئەوەش بە گرنگیدان بە وردبینی و بابەتیبون لە ئامادەکردنى هەواڵ و ڕاپۆرت و کارە ڕۆژنامەوانیەکان، بە ئامانجى بەرەنگاربوونەوەی هەواڵی ساختە، جگە لەوەش هەردولا گفتوگۆیان لەبارەى دابینکردنی هەلی ڕاهێنانی پراکتیکی بۆ فێرخوازان کرد بەتایبەت لە دامەزراوە میدیاییەکانی هەرێمى کوردستان، ئەوەش لە پێناو بەرزکردنەوەی ئەزموونی پراکتیکی فێرخوازان و، ئاشناکردنیان بەو لێهاتووییانەی کە پێویستن بۆ کارکردن لە ژینگەیەکی پیشەیی ڕاستەقینەدا.
بەشێکى دیکەى کۆبونەوەکە تەرخانکرا بۆ ئەنجامدانی سیمینار و کۆنفرانسی هاوبەش، بەجۆرێک گفتوگۆ لەبارەى پرسەکانی میدیای هاوچەرخ، ئاڵنگارییەکانى بەردەم کارى ڕۆژنامەوانى لە هەرێمی کوردستان و، ڕۆڵی میدیا لە گەیشتن بە ئامانجەکانی پەرەپێدانی بەردەوام بکرێ، هەروەک جەخت لە پێویستى پشتگیریکردن لە دەستپێشخەرییە میدیاییەکانی فێرخوازان کرایەوە، لە پێناو و هاندان بەرهەمهێنانی ناوەڕۆکی میدیایی ئامانجدار، کە بەشدار بێ لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لەبارەی پرسەکانی کۆمەڵگە و پێشخستنی بەهاکانی لێبوردەیی و پێکەوەژیان.
بۆ ئەو مەبەستە مامۆستاى یاریدەدەر ئەزوەر مەهدی قاسم ئاغا سەرۆکى بەشى ڕاگەیاندن دوپاتیکردەوە زانکۆی جیهان هەولێر هەوڵدەدات و کارى جدى دەکات بۆ ئەوەى نەوەیەکی شایستە و پیشەگەر لە بوارى میدیا پێبگەێنێ بۆ ئەوەى توانای خزمەتکردنی کۆمەڵگەکەیان هەبێ و، بەشداری لە بونیادنانی داهاتوویەکی باشتر بکەن.
لە بەرانبەردا حاکم ئازاد حەمەدەمین نەقیبى سەندیکاى ڕۆژنامەنوسانى کوردستان هەوڵەکانی بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان-هەولێری بەرزنرخاند و، ئامادەیی سەندیکاکەى دەربڕى بۆ پێشکەشکردنی هەموو پاڵپشتییەکی پێویست بۆ پێگەیاندنى فێرخوازى بە توانا لە بوارە جیاکانى میدیا و ڕۆژنامەوانى.