بەشی ڕاگەیاندن ڕاهێنانێك دەربارەی بەڕێوەبردنی سەرچاوە مرۆییەكان لە دامەزراوەكانی میدیا بۆ فێرخوازان بەڕێوەدەبات
ڕۆژی دووشەممە، ڕێكەوتی 12-1-2026، سەرۆکایەتى بەشی ڕاگەیاندن لە زانكۆی جیهان-هەولێر، بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (ئەحمەد جەمال حەمەكەریم)، ڕاهێنانێكی تایبەتی لەبارەى بەڕێوەبردنی سەرچاوە مرۆییەكان لە دامەزراوە میدیاییەكاندا ئەنجام دا.
ئەم ڕاهێنانە؛ کە لە هۆڵی ئەكادیمیای جیهان بۆ ڕاهێنان و پەرەپێدان بەڕێوەچوو، فێرخوازانی هەرچوار قۆناغی بەشی ڕاگەیاندن تێیدا بەشداربوون. ڕاهێنانەكە لەلایەن (ئەحمەد ئەسكەندەر ئیبراهیم)ەوە پێشكەش كرا، كە ڕاهێنەرێكی شارەزایە لە بواری بەڕێوەبردن و كواڵێتی.
لە سەرەتای ڕاهێنانەكەدا، ئەحمەد ئەسكەندەر باسی گرنگی سەرچاوە مرۆییەكانی كرد لە دامەزراوەكاندا و، ڕوونی كردەوە سەرچاوە مرۆییەكان بە بنەمای سەرەكی و هێزی بنەڕەتی هەر دامەزراوەیەك دادەنرێن، چونكە سەركەوتن و شكستی هەر دامەزراوەیەك بەستراوەتەوە بە چۆنێتی بەڕێوەبردن و بەكارهێنانی توانا و لێهاتوویی كارمەندەكانی. دواتر، باسی تایبەتمەندییەكانی دامەزراوە میدیاییەكانی كرد، ئاماژەی بەوە دا ئەم دامەزراوانە جیاوازن لە دامەزراوەكانی دیكە لە ڕووی سروشت و شێوازی كارەكەیانەوە، چونكە پەیوەندیدارن بە درووستكردنی ناوەڕۆكی میدیایی، هەواڵ، پڕۆگرام و بڵاوكردنەوەی زانیاری، كە پێویستی بە داهێنان، خێرایی لە كاركردن و، شارەزایی تایبەتی هەیە.
پاشان، ڕاهێنەر تیشكی خستە سەر ئەركەكانی بەڕێوەبردنی سەرچاوە مرۆییەكان لە دامەزراوەكانی میدیا و ڕاگەیاندن؛ كە پێك دێن لە هەڵبژاردن و دابینكردنی كارمەندی شارەزا، ڕاهێنان و پەرەپێدانی بەردەوامی تیم، هەڵسەنگاندنی كارایی، دابینكردنی ژینگەیەكی كاری گونجاو، بەڕێوەبردنی كێشە و ململانێكان، هەروەها دانانی پلان و ستراتیژی بۆ بەرەوپێشبردنی كارمەندان. هەروەها، گرنگی دا بە شارەزاكردن و تێگەیشتنی فێرخوازان لە گرنگی سەرچاوە مرۆییەكان لە بواری میدیا و ڕاگەیاندن، ئاماژەی بەوەش كرد سەركەوتنی هەر دامەزراوەیەكی میدیایی بەستراوەتەوە بە هەبوونی تیمێكی شارەزا و بەتوانا، چونكە لە بوارێكی وەك میدیادا كە پێشكەوتنی تەكنەلۆژی و گۆڕانكاری خێرایە، پێویستە كارمەندەكان بەردەوام خۆیان نوێ بكەنەوە و لەگەڵ پێشكەوتنەكاندا بگونجێن.
لە كۆتاییشدا، ڕاهێنەرەكە شیكردنەوەیەكی وردی لەبارەى ئەركەكانی بەڕێوەبردنی سەرچاوە مرۆییەكان لە دامەزراوەكانی میدیا و ڕاگەیاندن پێشكەش بە فێرخوازان كرد و، نموونە و كەیسی واقیعی خستە ڕوو لەسەر چۆنێتی جێبەجێكردنی ئەم ئەركانە لە دامەزراوە میدیاییە سەركەوتووەكاندا. فێرخوازانیش لەڕێگەی ڕاهێنان و پێشكەشكردنی كارەكانیانەوە بەشێوەی گرووپ، بەشدارییەكی كارا و چالاكانەیان لەو ڕاهێنانەدا كرد.
لە كۆتایی ڕاهێنانەكەدا، مامۆستای سەرپەرشتیار سوپاسنامەی پێشكەش بە (ئەحمەد ئەسكەندەر) كرد بۆ پێشكەشكردنی ناوەڕۆكی ڕاهێنانەكە، هەروەها بڕوانامەی بەشداریكردن بەخشرایە فێرخوازانی ئامادەبوو.








