بەشی ڕاگەیاندن گفتوگۆیەکى ئەکادیمى بۆ فێرخوازەکانى بەڕێوەبرد
ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٩/٢١/٢٠٢٢ سەرۆکایەتى بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆى جیهان-هەولێر لە هۆڵی ئەکادیمیای جیهان چالاکیەکى زاستى بە ناونیشانی ( خوێندنی ئەکادیمی و کاری میدیایی پیشەیی) بەڕێوەبرد.
لە چالاکیەکەدا، کە بەئامادەبوونى مامۆستایان و فێرخوازان بەڕێوەچوو، هەریەک لە فێرخوازانى قۆناخى دووەم (محمد خالد ئەنوەر) و (ژیکار ئەمیر نامیق) گفتوگۆکەیان بەڕێوەبرد، بۆ ئەوەش سەرەتا (محمد خالد ئەنوەر) هەڵوەستەی لەسەر چەمکی خوێندنی ئەکادیمی لە زانکۆ و پێداویستییە زانستی و ئەکادیمییەکان کرد، ئینجا تیشکی خستە سەر کاری پیشەیی بۆ هەر پسپۆڕییەکی زانستی و چۆنیەتی بەکارهێنانی خوێندنی تیۆری و سوودوەرگرتنى لە کاری پیشەییدا، ئەوەشی ڕونکردەوە لە کاتی خوێندنی زانکۆدا فێرخواز دەتوانێ کاری پیشەیی بکات.
دواتر فێرخواز ژیکار ئەمیر نامێق ئاماژەی بە ئەزموونی خۆی کرد بەو پێیەی زیاتر لە ٥ ساڵە لە بواری میدیادا کاردەکات، وتیشى تەواوکردنی خوێندنی ئەکادیمی یەکێکە لە پێداویستیە گرنگەکانى کارى پیشەیی، بۆیە منیش لە بەشى ڕاگەیاندن لە زانکۆى جیهان دەخوێنم تا پەرە بەکار و پیشەى میدیاى خۆم بدەم، چونکە یەکێکە لە ئامانجە سەرەکیەکانى ژیانم، چونکە بەشی ڕاگەیاندن لە زانکۆی جیهان – هەولێر خاوەنی ستۆدیۆى تەلەفزیۆنی و ڕادیۆیە هاوکات گرنگى زۆر بەچالاکى مەیدانى و دەرخستنى توانا و لێهاتویی فێرخوازان دەدات.
لە کۆتایی سیمینارەکەدا بەشێکی زۆر لە فێرخوازان بەشدارییان لە گفتوگۆکەدا کرد، بە تایبەت ئەو فێرخوازانەى کە ئەزموونی دوور و درێژیان لە بواری ڕاگەیاندندا هەیە و، ئێستا لە بەشەکە فێرخوازن و، لە هەوڵدان بۆ تەواوکردنی خوێندنی ئەکادیمی لە بوارى ڕاگەیاندندا.