بەشی کارگێڕى کار هەڵمەتی بۆ پاکڕاگرتنی ژینگە و سەلامەتی تەندروستی بەڕێوەبڕد
رۆژی پێنج شەممە رێکەوتی (6/11/2025) فێرخوازانی بەشی کارگێری کار لە زانکۆی جیهان-هەولێر هەڵمەتێکی گرنگیان بۆ پاکڕاگرتنی ژینگە و سەلامەتی تەندروستی رێکخست. ئەم چالاکییە بە مەبەستی پەرەپێدان و بڵاوکردنەوەى هزرى ژینگە پارێزى و سەلامەتى تەندروستی رێکخرا.
هەڵمەتەکە بە چاودێری پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر هاوکار قاسم پیرداود و، بەسەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر هێڤی محمد قادر بەرێوەچوو، بۆ ئەو مەبەستەش سەرەتا مامۆستای سەرپەرشتیار وفێرخوازان زیاتر لە (100) کیسی کاغەزیان ئامادەکرد، بۆ ئەوەی هاوڵاتیان هۆشیار بکەنەوە لە بری کیسە لایلۆنەکان بەکارى بهێنن.
لە بەشێکى دیکەى چالاکیەکەیاندا، فێرخوازان کیسەکانیان بەسەر (8) سەمونخانە و نانەواخانە جیاوازەکانی شاری هەولێر دابەشکرد، فێرخوازان لە کاتی سەردانکردن و دابەشکردنى کیسە کاغەزەکان ڕوونیان کردەوە کە بەکارهێنانی کیسی کاغەز لە شوێنی کیسی لایلۆن دەتوانێت کاریگەری باشی هەبێت بۆ کەمکردنەوەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و پیسبوونی ژینگە. دواتر فێرخوازان داوایان لە خاوەندارانی سەمونخانە و نانەواخانەکان کرد هەوڵ بدەن بەکارهێنانى کیسی نایلۆن بنەبڕ بکەن و، لە برى ئەوەى کیسی کاغەز بەکاربهێنن، هەروەها ڕوونیان کردەوە کە چۆن گۆڕانکارییە سادەکان لە خووەکانی ڕۆژانەدا دەتوانێت کاریگەری ئەرێنی بەرچاوی لە داهاتوودا هەبێت.
لە کۆتاییدا؛ هەڵمەتەکە بووە مایەی خۆشحاڵی ودەستخۆشی خاوەن سەمونخانە و نانەواخانەکان، هاوکات داوایان کرد ئەو جۆرە هەڵمەتە بەردەوامى پێ بدرێ.






