بەمەبەستی ئاشنابوون بە سیستمە ژمێریارییە پیشەسازییەکان؛ فێرخوازانی بەشى ژمێریارى سەردانی “گرووپی نەوزاد” دەکەن
بۆ ئاشناکردنی فێرخوازانی قۆناغی چوارەم بە ژینگەی کاری کۆمپانیا کان، ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێکەوتی (٢٢/١/٢٠٢٦)، سەرۆکایەتى بەشی ژمێریاری لە زانکۆی جیهان–هەولێر، گەشتێکی زانستی مەیدانی بۆ فێرخوازانی قۆناغی چوارەم بۆ (گرووپی نەوزاد بۆ تەکنەلۆژیای پیشەسازی و بازرگانی-NIT) ڕێکخست.
ئەم سەردانە بە سەرپەرشتی مامۆستا (ڕێبین بیلال محەممەد) بەڕێوەچوو. لە سەرەتای گەیشتنیاندا، شاندی فێرخوازان لە لایەن (ئەحمەد نەوزاد محەممەد) ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبردن و (ویسام کەنعان) بەڕێوەبەری ژمێریاری کۆمپانیاکە بە گەرمی پێشوازییان لێکرا. لە دیدارێکی زانستیدا، نوێنەرانی کۆمپانیاکە تێڕوانینێکی گشتگیریان دەربارەی پێکهاتەی کارگێڕی و سیستمە ژمێریارییەکانی گرووپەکە پێشکەشى فێرخوازان کرد و، جەختیان لە سەر “ژمێریاری پیشەسازی” بۆ کڕینی کەرەستەی خاو، پرۆسەکانی بەرهەمهێنان و فرۆشتنی بەرهەمەکانی ئەلەمنیۆم و شووشەی تەلارسازی کردەوە.
پاشان فێرخوازان بەشێوەیەکى مەیدانى لە میانەی گەشتەکەدا، لە نزیکەوە ئاشنای “سووڕی بەڵگەنامەیی” (Documentary Cycle) و، قۆناغەکانی ڕێکخستنی دۆکیومێنتە ژمێریارییەکان بوون لە هەر یەکەیەکی کارکردندا، هەروەها تێگەیشتن لە چۆنیەتی هەماهەنگی و تەواکاری (Integration) لە نێوان بەشە جیاوازەکانی کۆمپانیا و بەشی ژمێریاریدا.
بەشێکى دیکەى سەرەکی سەردانەکەیان تەرخانکرد بۆ پرسی “ژمێریاری کۆگا و چاودێری ناوخۆیی”؛ تێیدا ڕوونکردنەوەی ورد درا لەسەر چۆنیەتی وەرگرتنی کەرەستەکان، کۆگاکردن، و دابەشکردنیان بۆ پڕۆژەکانی بەرهەمهێنان، لەگەڵ چۆنیەتی تۆمارکردنی ئەم جووڵانە لە سیستمی ژمێریاریدا. هەروەها ڕۆڵی ژمێریاری لە “کۆنترۆڵکردنی تێچوو” (Cost Control)، بڕیاردانی نرخاندن و، ئامادەکردنی ڕاپۆرتە داراییەکان بە وردی شیکرانەوە، کە ئەمەش یارمەتیدەری فێرخوازان بوو بۆ تێگەیشتن لە گرنگی وردبینی و دۆکیومێنتکردن لە ناوەندە پیشەسازی و بازرگانییەکاندا.
لە کۆتایی سەردانەکەدا، مامۆستا ڕێبین بیلال سوپاس و پێزانیانی ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی گرووپی نەوزاد (NIT) کرد بۆ پێشوازییە شایستەکەیان.







