بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆ؛ تیپی بەشی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشییەکان بووە پاڵەوانی خولی بالەی زانکۆی جیهان-هەولێر
لە کەشێکی وەرزشیی پڕ لە جۆش و خرۆشدا، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی (٥/٢/٢٠٢٦)، یاری کۆتایی خولی بالەی نێوان بەشە زانستییەکانی زانکۆی جیهان-هەولێر لە یاریگای داخراوی زانکۆ بەڕێوەچوو.
یارییەکە بە ئامادەبوونی پڕۆفیسۆر دکتۆر (ئەمجەد سابر دەلۆ) سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر، یاریدەدەرانی سەرۆکی زانکۆ و، سەرۆکی بەشی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشییەکان و ژمارەیەکی زۆر لە مامۆستایان و هاندەران بەڕێوەچوو.
یاری کۆتایی لە نێوان هەردوو تیپی فێرخوازانی بەشی “پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشییەکان” و تیپی فێرخوازانی بەشی “تەکنیکی سڕکردن” ئەنجامدرا. یارییەکە بە ساتێک وەستان بۆ ڕێزلێنان لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان و چڕینی سروودی نیشتمانیی (ئەی ڕەقیب) دەستیپێکرد.
لە گێمی یەکەمی یارییەکەدا، ڕکابەرییەکی توند و ئاستێکی تەکتیکی بەرزی لە هەردوو لا بەدی دەکرا. تیپی فێرخوازانی بەشی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشییەکان بە سوودوەرگرتن لە لێهاتوویی جەستەیی یاریزانەکانیان توانییان قورسایی خۆیان بەسەر یارییەکەدا بسەپێنن و دوای ململانێیەکی بەهێز، گێمەکە بە ئەنجامی (٢٧-٢٥) خاڵ لە بەرژەوەندی خۆیان کۆتایی پێ بهێنن.
لە گێمی دووەمدا، بەهۆی دابەزینی ئاستی جەستەیی یاریزانانی تیپی فێرخوازانی بەشی تەکنیکی سڕکردن، یاریزانانی تیپی فێرخوازانی بەشی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشیەکان توانییان بە ئاسانی کۆنتڕۆڵی یاریگاکە بکەن و، گێمەکە بە ئەنجامی (٢٥-١٢) خاڵ ببەنەوە و هەنگاوێکی گەورە بەرەو نازناوەکە بنێن.
لە گێمی سێیەم و کۆتاییدا، تیپی فێرخوازانی بەشی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشییەکان بە دەروونێکی ئارام و سەقامگیرەوە یارییان کرد، بە جۆرێک ڕاهێنەری تیپەکە دەرفەتی بەشداریپێکردنی بە سەرجەم یاریزانانی یەدەگی تیپەکە دا. ئەم گێمە بە ئەنجامی (٢٥-٢٠) خاڵ کۆتایی هات، بەمەش تیپی فێرخوازانی بەشی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشییەکان بە کۆی سێ گێمی بێ بەرامبەر سەرکەوتنیان بەدەستهێنا و بوونە پاڵەوانی خولی ناوخۆیی زانکۆی جیهان-هەولێر بۆ ساڵی ٢٠٢٦ و تاجی سەرکەوتنیان لەسەر نا.
لە کۆتایی یارییەکەدا، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر، وێڕای دەستخۆشی لە لایەنی سەرپەرشتیار، پیرۆزبایی گەرمی لە تیپی پاڵەوان و تیپی دووەم کرد بۆ ئەو ئاستە بەرزەی پێشکەشیان کرد. جێگەی ئاماژەیە ئەم خولە کە لە ڕێکەوتی (٢٤/١١/٢٠٢٥) دەستیپێکرد، بەشێکە لە چالاکییە وەرزشییە ساڵانەکانی سەرۆکایەتى زانکۆی جیهان-هەولێر، بەسەرپەرشتى بەشى پەروەردەى جەستەیی و زانستە وەرزشیەکان بە مەبەستی برەودان بە توانای جەستەیی و بەهێزکردنی ڕۆحی ڕکابەریی دروست لە نێو فێرخوازاندا ڕێکى دەخات.









