بە ئامادەبوونی سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر؛ یەکەمین فیستیڤاڵی ڕۆژانی ڕەمەزانی بەناونیشانى “هەولێر ستریت بازاڕ” کرایەوە
بە چاودێریی پارێزگاری هەولێر و، بە ئامادەبوونی پڕۆفیسۆر دکتۆر (ئەمجەد سابر دەلۆ) سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر و، دکتۆر (نەوزاد یەحیا باجگر) سەرۆکی دەستەی ئەمیندارێتی زانکۆکانی جیهان و (ئومێد خۆشناو) پارێزگاری هەولێر، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتى (٢٣ی شوباتی ٢٠٢٦)، یەکەمین فیستیڤاڵی ڕۆژانی ڕەمەزانی بەناونى (هەولێر ستریت بازاڕ) بە فەرمی کرایەوە.
لە مەراسیمی کردنەوەی فیستیڤاڵەکەدا، کە ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکومی و ئەندامانی ژووری بازرگانی و پیاوانی کار ئامادەی بوون، جەخت لەسەر گرنگیی ڕەخساندنی هەلی کار و دروستکردنی کەشێکی شایستەی خێزانی بۆ مانگی پیرۆزی ڕەمەزان کرایەوە. لە مەراسیمى کردنەوەى فیستیڤاڵەکەدا، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ، سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر، هاوەڵیی پارێزگاری هەولێر و سەرۆکی دەستەی ئەمیندارێتی زانکۆکانی جیهانی کرد لە بەسەرکردنەوەی مەیدانیی یەکە یەکەی بەشەکان و دوکانی کاسبکاران. لە میانی ئەم بەسەرکردنەوەیەدا، سەرۆکی زانکۆ لە نزیکەوە گوێبیستی داواکاری و پێویستییەکانی خاوەنکارەکان بوو و دەستخۆشی لە لێهاتوویی و کارە دەستییەکانی گەنجان و کاسبکاران کرد. پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ ئاماژەی بەوە کرد کە زانکۆی جیهان-هەولێر هەمیشە پاڵپشتی لەو پڕۆژانە دەکات کە خزمەت بە پەرەپێدانی مرۆیی و ئابووریی هەرێمی کوردستان دەکەن.
ئەم فیستیڤاڵە زیاتر لە (50) کوخ و خێمەی جۆراوجۆر لەخۆ دەگرێت، کە لە لایەن لایەنی ڕێکخەرانەوە بەبێ بەرامبەر بۆ کاسبکاران و خاوەنکارە بچووکەکان تەرخان کراوە تاوەکو بەرهەمە خۆماڵییەکانی خۆیان تێدا نمایش بکەن. زۆربەی کاڵاکان بریتین لە خواردەمەنییە تەقلیدییەکان، کارە دەستییەکان و پۆشاکی کوردەواری، کە ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە بۆ بوژانەوەی بازاڕی ناوخۆیی و ناساندنی کەلەپووری نەتەوەیی بە سەردانیکەران.
هاوکات گروپێک لە فێرخوازانى بەشى بایۆمیدیکاڵ لە زانکۆى جیهان-هەولێر وەک کارێکى خۆبەخشى بەشدارییان لە فیستیڤاڵەکەدا کردوە و، پشکنینى بێ بەرامبەر بۆ هاوڵاتیان و سەردانیکەرانى فیستیڤاڵەکەئەنجام دەدەن و هۆشیارى تەندروستى بڵاودەکەنەوە.







