بە بۆنەی ڕۆژی نێودەوڵەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی، فێرخوازانى بەشى زمانى ئینگلیزى چالاکیەک لە قوتابخانەی فینلەندی نێودەوڵەتی بەڕێوەدەبەن
بەبۆنەی ڕۆژی جیهانى بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی، ژمارەیەک لە فێرخوازانی قۆناغى دووەمى بەشی زمانی ئینگلیزی لە زانکۆی جیهان – هەولێر بە سەرپەرشتی مامۆستای یاریدەدەر (مروە مەحمود ئەمین) سەردانی قوتابخانەی فینلەندی نێودەوڵەتییان کرد و، چالاکیەکیان لە بارەى مەترسییەکانی توندوتیژی و پەرەپێدانی کەلتووری ئاشتی و لێبوردەیی لەناو کۆمەڵگەدا، بەتایبەتی لەنێو نەوەی نوێدا ئەنجامدا.
لەو چالاکیەدا، کە ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێکەوتی (٢/١٠/٢٠٢٥) بەڕێوەچوو، سەرەتا فێرخوازان بە گەرمی لەلایەن مامۆستا (تابان دلشاد محەمەد)، بەڕێوەبەری قوتابخانەی فینلەندی نێودەوڵەتی پێشوازییان لێکرا و، لە وتەیەکدا وتى: ئەم چالاکیە نیشانەی پابەندبوونی هەردوو دامەزراوە بوو بە پەرەپێدانی پەیوەندییە ئەکادیمییەکان و ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکان لە بواری چەسپاندنی بەها مرۆییەکاندا. پاشان فێرخوازان ناوەڕۆکى سمینارەکەیان دەربارەی “ڕۆژی نێودەوڵەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی” پێشکەشکرد و لەسەرەتادا تیشکیان خستە سەر چەمکی توندوتیژی بە شێوە جیاوازەکانیەوە، هەروەک لێکەوتە نەرێنییەکانی لەسەر تاک و کۆمەڵگەیان شیکردەوە، هاوکات ئاماژەیان بە ڕێگەکانی خۆپاراستن کرد.
لە بەشێکى دیکەى چالاکیەکەدا فێرخوازان چەندین قەسیدەی شیعری کاریگەریان بۆ قوتابیانى پۆلی هەشتەم لە قوتابخانەکەدا خوێنددەوە، ئەم قەسیدانە پەیامی قووڵ و بەرز و بەها جیهانییەکانی وەک ئاشتی هەمیشەیی، یەکڕیزیی کۆمەڵایەتی، ڕەتکردنەوەی ڕق و کینە و جەختکردنەوە لەسەر گرنگیی ڕێزگرتنی دوولایەنە لەنێوان تاکەکان و کەلتوورە جیاوازەکانى لە خۆگرتبوو. کاریگەریی ئەم پێشکەشکردنانە لەسەر ئامادەبووان زۆر ئەرێنی بوو، چونکە هانی قوتابیانى قوتابخانەی دا شێوازی ئاشتییانە لە چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و مامەڵەکانی ڕۆژانەیاندا پەیڕەو بکەن، ئەمەش کاریگەریی لەسەر بنیاتنانی نەوەیەکی هۆشیار و بەرپرسیار دەبێت.
لە درێژەی بەرنامەی هۆشیاریدا، فێرخوازانی زانکۆ سەردانی باخچەی ساوایانی فینلەندییان کرد. ئەم هەنگاوە ستراتیژییە ئامانجی چاندنی تۆوی هۆشیاری بوو دەربارەی پەیڕەوکردنی ڕێگەکانی ئاشتی و بڵاوکردنەوەی ەولتووری پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە ناو منداڵان. بۆ ئەوەش باسى پرسەکانی ئاشتی و توندوتیژییان کرد و، هانی منداڵانیان دا ببنە باڵوێزی ئاشتی لە کۆمەڵگەکانیاندا.