تواناى قسەکردن و تێگەیشتن بەزمانى ئینگلیزى لە چالاکیەکى زانستیدا
لەبەر ڕۆشنایى پلانى ستراتیژى زانکۆى جیهان-هەولێر و، بۆ بەستنەوەى پرۆگرامەکانى خوێندن بە بازارى کار، سەرۆکایەتى بەشى ژمێریارى چالاکیەکى زانستى زمانزانى بەڕێوەبرد.
ڕۆژى پێنچ شەممە ڕێکەوتى (٨/٤/٢٠٢١) بۆ پراکتیزەکردنى وانە تیورییەکان بەتایبەت لە بابەتى دیبەتى زمانى ئینگلیزى (Academic English) بۆ فێرخوازانى قۆناغى یەکەم، بەسەرپەرشتى مامۆستا عیمادەدەین ماجد، دکتۆر (Grzegorz Poprawa) چالاکیەکەى بەڕێوەبرد.
ئامانج لەو چالاکیەدا، زانینى ستراتیژى تواناى قسەکردن و تێگەیشتنە لەگەڵ کەسانى بیانى، هەروەک ئامانجێکى دیکەى چالاکیەکە بریتى بوو لە پەرەپێدانى تواناى زمانەوانى و قسەکردن بەزمانى ئینگلیزى لەلاى فێرخوازانى بەشى ژمێریارى، چونکە بۆتە زمانى گەیاندن.
تواناى قسەکردن و تێگەیشتن بەزمانى ئینگلیزى، لە پاڵ زانینى بوار و لایەنە جیاوازەکانى ژمێریارى یەکێکە لە پێداویستیە سەرەکیەکانى دەرچووانى بەشى ژمێریارى، چونکە بازارى کارى ئەمڕۆ بەشێوەیەکى هاوتەریب زانینى لایەنە جیاکانى زانستەکە و زانینى زمانى ئینگلیزى بەدوو مەرجى سەرەکى بۆ دەسکەوتنى هەلى کار هەژمار کردوە، بەشى ژمێریارى لە زانکۆى جیهان-هەولێر بایەخێکى زۆر بەفێربوون بەزمانى ئینگلیزى دەدات، تا دەرچووان بتوانن لە داهاتودا باشترین هەلى کار بەدەست بهێنن و بتوانن خۆیان لەگەڵ گۆڕانکارییەکان بگونجێنن.