توێژەرانی بیانی ستایشى زانکۆی جیهان-هەولێر و پێنجەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی زانستە دارایی و کارگێڕییەکان دەکەن
ڕاپۆرت: هێڤى فەهمی مەلکۆ و سەفوان بەهاءالدین بەکر – بەشی ڕاگەیاندن، قۆناغی سێیەم
پێنجەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی زانستە دارایی و کارگێڕییەکان کە لەلایەن زانکۆی جیهان-هەولێر بە هاوکاری زانکۆی وۆچ و زانکۆی موسڵ ڕێکخرابوو، بەشدارییەکی بەرفراوانی زانا و توێژەرانی لە زانکۆ پێشکەوتووەکانى وڵاتانى (بەریتانیا، تورکیا، قەتەر، ئوردن، سوریا، کەنەدا، ئەندەنوسیا، قوبرس، مالیزیا، ئیمارات، مەکسیک، بەحرەین، و پۆڵەندا)ى تێدا بوو. کۆنفرانسەکە وەک سەکۆیەک بۆ ئاڵوگۆڕی ئەکادیمی کاری کرد و، تیشکی خستە سەر توێژینەوە پێشکەوتووەکان لە بوارەکانی ئابووری، دارایی، کارگێڕی بازرگانی، و تەکنەلۆژیا. هەروەها زۆرێک لە توێژەران و پسپۆڕانی نێودەوڵەتی تێڕوانینێکی بەنرخیان لەسەر بابەتە جۆراوجۆرەکانى زیرەکى دەستکرد بەتایبەت پێشکەش کرد، ئەوەش ڕەنگدانەوەی ڕۆڵى گرنگی زانکۆی جیهان-هەولێر دوپات دەکاتەوە لە بەرەوپێشبردنی توێژینەوەی زانستی و داهێنان.
هەربۆیە سەرکردە ئەکادیمییەکان ستایشی کار و توێژینەوە زانستیەکانی زانکۆی جیهان-هەولێر دەکەن، لەو بارەیەوە لە پرۆفیسۆر تۆماس دۆرۆزینسکی لە زانکۆی وۆچ لە پۆڵەندا کە یەکێک لە قسەکەرانی سەرەکى کۆنفرانسەکەش بوو، سەرسامی خۆی بە ئاستی ئەکادیمی زانکۆکە دەربڕی. وتیی: ئەمە یەکەم سەردانمە بۆ زانکۆی جیهان-هەولێر، سەرسام بووم بە ڕێکخستن و میوانداری و پیشەیی بوونی بەرزی زانکۆکە، کە بە تەواوەتى پاڵپشتی توێژینەوەی زانستی و پڕۆژە نێودەوڵەتییەکان دەکات.
هەروەها پڕۆفیسۆر دکتۆر عەمار ئەلبازی لە زانکۆی ئەستۆن لە بەریتانیا، جەختی لەسەر زیادبوونی کاریگەریی زیرەکی دەستکرد لە بوارى بەڕێوەبردن کردەوە و ڕوونیکردەوە: توێژینەوەکەى لەسەر باشترکردنی کارایی زنجیرەکانی دابینکردن لە ڕێگەی زیرەکی دەستکرد و تەکنەلۆژیای بلۆکچەین و شێوازەکانی باشترکردن بوو، وتیشى ئێمە چارەسەری داهێنەرانە پێشکەش بە کۆمپانیا بەریتانییەکان دەکەین کە ئەم تەکنەلۆژیایانە بەکاردەهێنن، دکتۆر عەمار ئەلبازی پەیامێکی پاڵپشتى بۆ فێرخوازان نارد و، جەختی لەسەر گرنگی بەدەستهێنانی لێهاتوویی بەرنامەسازی کرد و وتی: (پێشنیاز دەکەم لانیکەم یەک زمانی بەرنامەسازی فێربن، بەتایبەتی پایتۆن، بەهۆی زیادبوونی گرنگییەکەی لە داهاتوودا ).
پەرەپێدانی توێژینەوەی ژینگەیی و دارایی
دکتۆر توانا تەحسین، مامۆستا لە بەشی کارگێڕی کار، وتى لە کۆنفرانسە زانستیەدا توێژینەوەیەکم لەسەر ژمێریاری تێچووی ژینگەیی و کاریگەرییەکانی لەسەر ئەدای دارایی پێشکەش کرد و ئاماژەم بەوەدا کە: (کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان زیاتر گرنگی بە بەردەوامی دەدەن لە کارە داراییەکانیاندا). دکتۆر توانا تەحسین هەروەها جەختی لە ڕۆڵی کۆنفرانسە ئەکادیمییەکان لە بەرزکردنەوەی هاوکاری توێژینەوەکان کردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە: (ئەم ڕووداوانە دەرفەتمان بۆ دەڕەخسێنن بۆ ئاڵوگۆڕی بیرۆکە و ئەزمونەکان، کارلێککردن لەگەڵ زانایانی پێشەنگ و، گفتوگۆکردن لەسەر نوێترین توێژینەوە لە ژینگەیەکی ئەکادیمی هاندەردا).
ڕۆڵی تەکنەلۆژیای دارایی لە خزمەتگوزارییە بانکییە مۆدێرنەکاندا
پرۆفیسۆری یاریدەدەر دکتۆر فەوزان ئەلقیسى، لە زانکۆی ئەمەریکی لە مەدابە لە ئوردن، تیشکی خستە سەر گۆڕینی خزمەتگوزارییە بانکییەکان لە شێوازە تەقلیدییەکانەوە بۆ تەکنەلۆژیای دارایی مۆدێرن (FinTech)، ئاماژەی بە کاریگەریی ئۆتۆماتیکی و بڕیاردان لەسەر بنەمای AI و چارەسەری پارەدانی ئەلیکترۆنی لە پەرەپێدانی کەرتی بانکی کرد. دکتۆر فەوزان ئەلقیسی ستایشی هەوڵەکانی زانکۆی جیهان-هەولێری لەو بوارەدا کرد و جەختی لەوە کردەوە: کە (زانکۆکە دەستکەوتی گرنگی بەدەستهێناوە لە توێژینەوەی تەکنەلۆژیای داراییدا، لەوانە سیستمی پارەدانی ئەلیکترۆنی و پلاتفۆرمی ڕاوێژکاری و تاقیگەی تایبەتمەند). هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد؛ (زانکۆکە بەشدارییەکی نایابی لە توێژینەوەی زانستی و کەرتی دارایی لە عێراقدا کردووە، هەروەها لە بوارى ڕیزبەندی ئەکادیمی ناوبانگی بەدەستهێناوە و، پێگەی خۆی وەک یەکێک لە باشترین زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بەرزکردووەتەوە).
کۆبوونەوەی نێودەوڵەتی سەرکەوتوو
کۆنفرانسەکە بە شێوەیەکی بەرفراوان وەک ڕووداوێکی ئەکادیمی سەرکەوتوو لەلایەن توێژەرانى بەشداربوو ستایشی کرا، کە بەهۆیەوە بەشداری لە پێشکەشکردنى توێژینەوە و پێشخستنی هاوکاری زانستی نێودەوڵەتی کرد. توێژەران و بەشداربووان ستایشی ڕێکخستن و هەوڵە هاوبەش و نایابەکانیان کرد، کە زانکۆی جیهان-هەولێر بە هاوکاری زانکۆی وۆچ و زانکۆی موسڵ بۆ سەرخستنی ئەم بۆنەیە پێشکەشیان کرد.
کۆنفرانسەکە پابەندبوونی زانکۆی جیهان-هەولێری بە باشی ئەکادیمی و داهێنان دووپاتکردەوە، پێگەی خۆی وەک دامەزراوەیەکی پێشەنگ لە خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیدا بەرزکردەوە. هەروەها گفتوگۆ ئاست بەرزەکان لەسەر زیرەکی دەستکرد، فینتەک، بەردەوامی و ئابووری نێودەوڵەتی تیشکیان خستە سەر گرنگی هاوکاری ئەکادیمی نێودەوڵەتى لە چارەسەرکردنی ئاستەنگە جیهانییەکان و پێشخستنی زانستە دارایی و کارگێڕییەکاندا.