تیپى فێرخوازانى بەشى تەکنیکی سڕکردن بە سێ گۆڵی بەسەر تیپى فێرخوازانى بەشى ئەندازیارى تەلارسازی سەرکەوتن
لە درێژەی کێبڕکێکانی خولی ناوخۆیی زانکۆی جیهان-هەولێر بۆ تۆپی پێ، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١/٢/ ٢٠٢٦، یارییەکی پڕ بایەخ لە نێوان هەردوو تیپی فێرخوازانی بەشی “تەکنیکی سڕکردن” و بەشی “ئەندازیاری تەلارسازی” بەڕێوەچوو.
سەرەڕای ئەوەی یارییەکانی دەسپێکی خول هەمیشە فشار و سەختیی تایبەتی خۆیان هەیە، بەڵام یاریزانانی تەکنیکی سڕکردن بە ئاستێکی بەرزەوە دەرکەوتن. هەر زوو بە هێرشێکی ڕێکخراو توانییان “گورزی یەکەم” بوەشێنن و گۆڵی پێشەنگ تۆمار بکەن. لە بەرامبەردا، تیپی فێرخوازانی بەشی ئەندازیاری تەلارسازی لە بارودۆخێکی پەرشوبڵاودا بوون و نەیانتوانی هیچ هێرشێکی مەترسیدار بۆ سەر گۆڵی بەرامبەر دروست بکەن؛ ئەمەش دەرفەتی بۆ هێرشبەرانی تیپی فێرخوازانی بەشی سڕکردن ڕەخساند کە جیاوازییەکە بۆ دوو گۆڵ زیاد بکەن و گێمی یەکەم بە سوودی خۆیان کۆتایی پێ بهێنن.
لە گێمی دووەمدا، کۆنترۆڵی ڕەهای یاریگە لە دەستی تیپی فێرخوازانی بەشی سڕکردن بوو، بە جۆرێک ڕاهێنەرەکەیان توانی بەشداریی بە هەموو یاریزانە یەدەگەکانی بکات بۆ تاقیکردنەوەی تواناکانیان. لە لایەکی دیکەوە، بێهیوایی بە ڕووخساری یاریزانان و ڕاهێنەری تیپى ئەندازیارى تەلارسازییەوە دیار بوو کە نەیانتوانی بگەڕێنەوە نێو کەشوهەوای کێبڕکێکە. لە دواساتەکانی یارییەکەدا، هێرشبەرانی تیپی فێرخوازانی بەشی سڕکردن بە تۆمارکردنی گۆڵی سێیەم، کۆتاییان بە هیواکانی تیپی بەرامبەر هێنا و یارییەکەیان بە ئەنجامی (3-0) یەکلا کردەوە، بەوەش بە شایستەیی بلیتێکی سەرکەوتنیان بۆ قۆناغی داهاتوو بڕی.







