تیپى فێرخوازانى بەشى شیکاری تاقیگەى پزیشکى بە پێنج گۆڵ لە تیپى فێرخوازانى بەشى پەروەردەی گشتی بردەوە
لە درێژەی یارییەکانی خولی ناوخۆیی زانکۆی جیهان-هەولێر بۆ تۆپی پێ، لە یاری هەشتەمی خولەکەدا، تیپی فێرخوازانی بەشی شیکاری تاقیگەی پزیشکی ڕووبەڕووی تیپی فێرخوازانی بەشی پەروەردەی گشتی بوونەوە. یارییەکە کە لە کەشوهەوایەکی زستانەی سارد و باراناویدا بەڕێوەچوو، بە باڵادەستییەکی ڕەهای تیپی شیکاری تاقیگە کۆتایی هات.
سەرەتای یارییەکە، کە ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (٢٨/١/٢٠٢٦) بەهۆی بارانی بەخوڕ و نالەباریی کەشوهەواوە تا ڕادەیەک بە سستی دەستی پێ کرد، بەڵام یاریزانانی بەشى شیکاری تاقیگەى پزیشکى زۆر زوو توانییان خۆیان لەگەڵ ژینگەی یاریگاکەدا بگونجێنن و بەربەستی سەرما بشکێنن. بە هێرشی یەک لە دوای یەک، گوشاریان خستە سەر گۆڵی ڕکابەر و توانییان دوو گۆڵی یەک لە دوای یەک تۆمار بکەن، بەمەش گێمی یەکەمیان بە پێشەنگبوونی خۆیان و تا ڕادەیەک یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی یارییەکە کۆتایی پێ هێنا.
لە گێمی دووەمدا، هێرشەکانی تیپی فێرخوازانى بەشى شیکاری تاقیگەى پزیشکى نەک هەر کەم نەبوونەوە، بەڵکو بە گڕوتینێکی زیاترەوە گەڕانەوە ناو یاریگا و توانییان دوو گۆڵی تریش تۆمار بکەن. لە بەرامبەردا، تیپی فێرخوازانی بەشی پەروەردەی گشتی هەوڵی دا لە ڕێگەی هێرشی پێچەوانەوە ئەنجامەکە کەم بکاتەوە، بەڵام بەرگریی توندوتۆڵی ڕکابەرەکەیان ڕێگر بوو لە گەیشتن بە گۆڵ. لە خولەکەکانی کۆتاییدا، هێرشبەرانی بەشى شیکاری تاقیگە بە تۆمارکردنی پێنجەمین گۆڵ، کۆتاییان بە “کەرنەڤاڵی گۆڵهێنان” هێنا.
یارییەکە بە ئەنجامی گەورەی (5-0) لە بەرژەوەندی تیپی فێرخوازانی بەشی شیکاری تاقیگەی پزیشکی کۆتایی هات. بەم سەرکەوتنە شایستەیەش، تیپەکە توانی بە فەرمی بلیتی پەڕینەوە بۆ قۆناغی داهاتووی خولەکە مسۆگەر بکات و ئاست بەرزیی خۆی وەک یەکێک لە تیپە بەهێزەکانی ئەم وەرزەی زانکۆی جیهان –هەولێر بسەلمێنێت.







