تیپى فێرخوازانى بەشى پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشیەکان بە شەش گۆڵ لە تیپى فێرخوازانى بەشى وەرگێڕانی بردەوە
لە درێژەی کێبڕکێکانی قۆناغی دووەمی خولی تۆپی پێی ناوخۆیی زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژى سێ شەممە ڕێکەوتى (٣/٢/٢٠٢٦)، یارییەکی ئاستبەرز لە نێوان تیپی فێرخوازانی بەشی “پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشییەکان” و تیپی فێرخوازانی بەشی “وەرگێڕان” بەڕێوەچوو.
یارییەکە بە جۆش و خرۆشێکی زۆر و ئامادەییەکی تەکتیکیی بەرز لە لایەن هەردوو تیپەوە دەستی پێکرد. تیپی فێرخوازانی بەشی وەرگێڕان بە ئامانجی سەلماندنی شایستەیی خۆیان بۆ گەیشتن بەم قۆناغە هاتبوونە نێو یاریگە، لە بەرامبەردا تیپی فێرخوازانی بەشی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشییەکان بە ئاستە هونەرییەکەیان پەیامێکی توندیان بۆ هەموو ڕکابەرەکانیان نارد کە کاندیدی سەرەکیی بەدەستهێنانی نازناون.
هەر لەگەڵ فیکەی دەستپێک، یاریزانانی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشیەکان کۆنترۆڵی ڕەهای یاریگەیان گرتە دەست و بە هێرشی چڕ و ڕێکخراو توانییان لە سەرەتای گێمی یەکەمدا دوو گۆڵی یەک لە دوای یەکیان تۆمار بکەن. لە گێمی دووەمدا، کە بە “گێمی ڕاهێنەران” ناسراوە، ئەزموونی ڕاهێنەری تیپی فێرخوازانی بەشی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشیەکان کاریگەریی ڕاستەوخۆی هەبوو؛ بە دەستنیشانکردنی خاڵە لاوازەکانی تیپی بەرامبەر، یاریزانەکانی توانییان چوار گۆڵی دیکە تۆمار بکەن.
یارییەکە بە ئەنجامی گەورەی (6-0) لە بەرژەوەندیی تیپی فێرخوازانی بەشی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشییەکان کۆتایی هات و بە شایستەیی بلیتێکی سەرکەوتنیان بۆ قۆناغی داهاتوو بڕی.







