تیپى فێرخوازانى بەشى چارەسەری سروشتی بە سێ گۆڵ لە تیپى فێرخوازانى بەشى شیکاریی کیمیایی پزیشکی بردەوە
لە درێژەی یارییەکانی خولی تۆپی پێی بچووککراوەی زانکۆی جیهان-هەولێر، کە لەلایەن سەرۆکایەتى بەشی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشییەکانەوە سەرپەرشتی دەکرێت، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١/٢/٢٠٢٦، یارییەکی دواخراوی گەڕی یەکەم لە نێوان تیپی فێرخوازانی بەشی “چارەسەری سروشتی” و تیپى فێرخوازانى بەشى “شیکاریی کیمیایی پزیشکی” بەڕێوەچوو.
سەرەڕای نالەباریی کەشوهەوا و بارینی باران، یارییەکە ململانێیەکی توند و ئاستێکی بەرزی بەخۆیەوە بینی. بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە هاندەرانی هەردوو بەش، یاریزانانی بەشی چارەسەری سروشتی کە وەک یەکێک لە پاڵێوراوە سەرەکییەکانی خولەکە دەبینرێن، هەر لە سەرەتاوە بە فشارێکی زۆر و هێرشبەری دەستیان پێکرد و توانییان لە خولەکەکانی سەرەتادا گۆڵی پێشەنگ تۆمار بکەن و کۆنترۆڵی ڕەهای نیوەی یەکەمی یارییەکە بگرنە دەست.
لە گێمی دووەمدا، یارییەکە ڕکابەریی زیاتری تێکەوت؛ تیپى فێرخوازانى بەشى بەشی شیکاریی کیمیایی پزیشکی بە پلانێکی نوێوە گەڕانەوە نێو یاریگە و چەندین هێرشی مەترسیداریان بۆ سەر تۆڕی گۆڵی بەرامبەر ئەنجامدا بە مەبەستی تۆمارکردنی گۆڵی یەکسانبوون، بەڵام پتەویی هێڵی بەرگری و لێهاتوویی گۆڵپارێزی بەشی چارەسەری سروشتی ڕێگر بوون لە گەیشتن بە ئامانجەکەیان.
لە کاتێکدا یارییەکە بەرەو کۆتایی دەچوو، هێرشبەرانی بەشى چارەسەری سروشتی توانییان لە ڕێگەی هێرشێکی هەڵگەڕاوەوە گۆڵی دووەم و “دڵنیایی” تۆمار بکەن. پاش ماوەیەکی کەم و پێش لێدانی فیکەی کۆتایی، بە تۆمارکردنی گۆڵی سێیەم، یارییەکەیان بە تەواوی بە سوودی خۆیان یەکلا کردەوە.
بەم ئەنجامە، یارییەکە بە (3-0) لە بەرژەوەندیی تیپى فێرخوازانى بەشى چارەسەری سروشتی کۆتایی هات و بە شایستەیی بلیتێکی سەرکەوتنیان بۆ قۆناغی داهاتووی خولەکە بەدەستهێنا.







