تیپى فێرخوازانى بەشى ڕاگەیاندن بە پێنج گۆڵ لە تیپى فێرخوازانى شیکارى تاقیگەی پزیشکی بردەوە
لە درێژەی یارییەکانی قۆناغی دووەمی خولی تۆپی پێی ناوخۆیی زانکۆی جیهان-هەولێر، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢/٣/ ٢٠٢٦، هەردوو تیپی فێرخوازانی بەشی “ڕاگەیاندن” و تیپی فێرخوازانی بەشی “شیکاریی تاقیگەی پزیشکی” ڕووبەڕووی یەکتر بوونەوە.
یارییەکە بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە هاندەرانی هەردوو تیپ دەستی پێکرد. لە گێمی یەکەمدا ململانێیەکی توند بۆ تۆمارکردنی گۆڵی پێشەنگ هەبوو، تا دواجار تیپی فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن توانییان لە ناوەڕاستی گێمەکەدا گۆڵی یەکەم تۆمار بکەن. خۆشییەکانی هاندەرانى ڕاگەیاندن زۆری نەخایاند، کاتێک یاریزانانی بەشى شیکارى تاقیگەی پزیشکی ڕیزەکانیان ڕێکخستەوە و گۆڵی یەکسانبوونیان تۆمار کرد، بەو ئەنجامەش (1-1) نیوەی یەکەم کۆتایی هات.
لە گێمی دووەمدا، هاندەران جۆش و خرۆشێکی زیاتریان بەخشییە یارییەکە. هێرشبەرانی ڕاگەیاندن مەترسیدارتر دەرکەوتن، لە بەرامبەردا ماندووبوونی جەستەیی و نەبوونی یاریزانی یەدەگ کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئاستی تیپی فێرخوازانی بەشی شیکارى تاقیگەی پزیشکی دروست کرد. خاڵی وەرچەرخانی یارییەکە کاتێک بوو کە هێرشبەرێکی تیپی فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن بە هەوڵێکی تاکەکەسیی نایاب گۆڵی دووەمی تۆمار کرد. هەر ئەو یاریزانە توانی گۆڵی سێیەمیش زیاد بکات و هیواکانی تیپی بەرامبەر بۆ گەڕانەوە بپچڕێنێت.
لە خولەکەکانی کۆتاییدا، تیپی فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن دوو گۆڵی تری تۆمار کرد و یارییەکەی بە ئەنجامی گەورەی (5-1) لە بەرژەوەندی خۆی کۆتایی پێ هێنا، بەوەش بە شایستەیی پلیتێکی سەرکەوتنی بۆ قۆناغی داهاتوو مسۆگەر کرد.







