تیپى فێرخوازانى بەشی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشییەکان بە تۆمارکردنى سێ گۆڵ گەیشتە یاری کۆتایی
لە درێژەی یارییەکانی خولی ناوخۆیی زانکۆی جیهان-هەولێر بۆ تۆپی پێ، ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی (٨/٢/٢٠٢٦)، یارییەکی پڕ لە ڕکابەری لە قۆناغی پێش کۆتایی لە نێوان تیپی فێرخوازانی بەشی “پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشییەکان” و تیپی فێرخوازانی بەشی “تەکنیکی سڕکردن” بەڕێوەچوو. هەردوو تیپ کە بە ئامادەکارییەکی زۆرەوە هاتبوونە نێو یاریگا، ئامانجیان بەدەستهێنانی بلیتی یاری کۆتایی بوو.
لەگەڵ دەستپێکی فیکەی ناوبژیوان، تیپی فێرخوازانی بەشی پەروەردەی جەستەیی وزانستە وەرزشییەکان بە پلانێکی هێرشبەرانە دەستی پێکرد و توانییان هەر لە سەرەتاوە گوشار بخەنە سەر تیپی بەرامبەر، ئەمەش وایکرد پلانی ڕاهێنەرەکەیان سەر بگرێت و گۆڵی پێشکەوتن تۆمار بکەن. لە بەرامبەردا تیپی فێرخوازانی بەشی تەکنیکی سڕکردن هەوڵی زۆری دا بۆ یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکە، بەڵام لێهاتوویی هێڵی بەرگری و گۆڵپارێزی تیپی فێرخوازانی بەشی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشییەکانڕێگر بوو لە هەموو هێرشەکانیان، گێمی یەکەم بەو ئەنجامە کۆتایی هات.
لە گێمی دووەمدا سیناریۆکە گۆڕا؛ تیپی فێرخوازانی بەشی تەکنیکی سڕکردن کەوتە هێرشبردن و پەروەردەی جەستەیی پەنای بۆ بەرگری برد، بەڵام سەرەڕای چەندین دەرفەت، تیپی فێرخوازانی بەشی تەکنیکى سڕکردن نەیتوانی گۆڵ تۆمار بکات. لای خۆیانەوە، تیپی فێرخوازانی بەشی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشییەکان پشتیان بە هێرشی هەڵگەڕاوە بەست و توانییان دوو گۆڵی دیکە تۆمار بکەن. یارییەکە بە ئەنجامی (3-0) کۆتایی هات و بەمەش تیپی فێرخوازانی بەشی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشیەکان وەک دووەم لایەنی یاری کۆتایی سەرکەوت، کە بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا ڕووبەڕووی تیپی فێرخوازانی بەشی بەشی ڕاگەیاندن ببێتەوە.







