تیپى فێرخوازانى هەریەک لە بەشەکانى چارەسەرى سروشتى و ئەندازیارى پرۆگرامسازى و ئینفۆرماتیک لە یاریی تۆپى پێ سەرکەوتنیان تۆمارکرد
لە یارییەکانى کۆتایی قۆناغى یەکەمى خولى تۆپى پێى نێوان فێرخوازانى بەشە جیاکانى زانکۆى جیهان-هەولێر، کە ڕۆژى پێنچ شەممە ڕێکەوتى (23/1/2025) لە یاریگەى زانکۆى جیهان-هەولێر بەڕێوەچوو، هەریەک لە تیپى فێرخوازانى هەریەک لە بەشەکانى چارەسەرى سروشتى و ئەندازیارى پرۆگرامسازى و ئینفۆرماتیک بەسەر بەرانبەرەکانیان سەرکەوتنیان تۆمارکرد.
لە یارى یەکەمدا، کە لە نێوان تیپى فێرخوازانى بەشى چارەسەرى سروشتى و کۆلێژى پزیشکى ددان بەڕێوەچوو، لە ئەنجامدا یارییەکە لە نێو جۆش و خرۆشى هاندەرانى هەردوو تیپەدا، تیپى فێرخوازانى بەشى چارەسەرى سروشتى توانیان سەرکەوتن تۆمار بکەن و، بە لێدانى سزا و بە تۆمارکردنى چوار گۆڵ بەرانبەر بە سێ گۆڵ لە تیپى فێرخوازانى کۆلێژى پزیشکى ددان ببنەوە.
لە یارى دووەمیشدا، کە دەیەم یارى قۆناغى یەکەمى خولى تۆپى پێى زانکۆى جیهان-هەولێر بوو، تیپى فێرخوازانى بەشى ئەندازیارى پرۆگرامسازى و ئینفۆرماتیک ڕوبەڕووى تیپى فێرخوازانى بەشى پەروەردەى گشتى بوونەوە، هەردوو گێمى یارییەکە بە یەکسان بوون تەواوو بوو، بەڵام بۆ یەکلایکردنەوەى براوەى یاریەکە پەنا برایە بەر لێدانى سزا، لە ئەنجامدا تیپى فێرخوازانى بەشى ئەندازیارى پرۆگرامسازى و ئینفۆرماتیک توانیان بە تۆمارکردنى حەوت گوڵ بەرانبەر بە شەش گوڵ لە تیپى فێرخوازانى بەشى پەروەردى گشتى ببنەوە و یاریەکە بە قازانى خۆیان کۆتایی پێ بهێنن.
ساڵانە سەرۆکایەتى بەشى پەروەردەى جەستەیی و زانستە وەرزشیەکان بە چاودێرى سەرۆکایەتى زانکۆى جیهان-هەولێر خولى تۆپى پێ بۆ فێرخوازان لە بەش و قۆناغە جیاوازەکانى زانکۆ دەکاتەوە، بۆ ساڵى خوێندنى (٢٠٢٤-٢٠٢٥) لە زانکۆى جیهان-هەولێر (٢١) تیپ لە بەش و کۆلێژە جیاوازەکان لە نێوان قۆناغە جیاوازەکانى فێرخوازان پێکهاتووە و، تا ئێستا (١٠) یارى بەڕێوەچوو، لە ڕۆژانى داهاتوودا یارییەکان بەردەوامیان دەبێ تا دەگاتە قۆناغى کۆتایی و دیاریکردنى تیپى پاڵەوانى پاڵەوانێتیەکە.