تیپى فێرخوازانی پەروەردەی بهشى تەکنیکی سڕکردن لە خولی تۆپی بالە توانیان سەرکەون بەسەر تیپى فێرخوازانی بەشی ئەندازیاری پڕۆگرامسازی و ئینفۆڕماتیک
لە یاری چوارەم خولی بالەی زانکۆی جیهان -هەولێر بۆ فێرخوازانی لە سەرجەم بەشە زانستیەکان، کە ڕۆژی یەک شەممە ڕێکەوتی 30/11/2025 لە هۆڵی داخراوی زانکۆ بەڕێوەچوو ، تێیدا ڤیرخوازانی هەردووبەشی تەکنیکی سڕکردن و ڤیرخوازانی بەشی ئەندازیاری پڕۆگرامسازی و ئینفۆڕماتیک بە یەک گەیشتن.
لە یارییەکی پڕ هاندەر کە کەشی یارییەکەیان هێندەی تر گەرم کردبوو، لە گێمی یەکەم ئاستی یارییەکە وەکو پێوێست نەبوو هۆکارێک درەنگ دواکەوتنی هەندێک لە یاریزانە سەرەکیەکانی بەشی تەکنیکی سڕکردن بوو، کە وای کرد بەشی ئەندازیاری پڕۆگرامسازی و ئینفۆڕماتیک بە ئاسانی ئەو گێمە بە ئەنجامی (25-14 ) لەبەرژەوەندی خۆیان کۆتایی پێبێنن.
لە گێمی دووەمدا بە هەمان شێوەی گێمی یەکەم فێرخوازانی بەشی سڕکردن وەکو پێوست دەرنەکەوتن و بە ئاستێکی لاواز یارییان دەکرد، ئەمەش وایکرد یاریزانانی بەشی ئەندازیاری پڕۆگرامسازی و ئینفۆڕماتیک لەو گێمەدا زیاتر نمایش بکەن و بە ئەنجامی (25-20) توانیان ببە بڕاوەی ئەو گێمەش.
لە گێمی سێیەمدا کە گێمێکی یەکلاکەرەوەبوو بۆ هەردوو بەش، تیپى فێرخوازانى بەشی ئەندازیاری پڕۆگرامسازی و ئینفۆڕماتیک بە بردنەوەی ئەو گێمە دەبوە براوەی یارییەکە و بەشی تەکنکی سڕکردن بە بردنەوەیان هیوایەکیان لە پاڵەوانیەتیەکە دەمایەوە . گێمێک پڕ لە هونەری یاری بەرز بوو، گێمێک دەنگ و هاواری یاریزان و هاندەری تێکەڵ بە یەکتر دەکرد ، بەو جۆرە تا کۆتایی نەدەتوانرا پێش بینی بکەی کێ براوەیە . بەگەیشتنی یاریزانانی سەرەکی بەشی سڕکردن ، ئەو بەشە جیاوازتر دەرکەوت تۆکمەتر یاری کرد ، هێرشی ڕێکخراو ، بەرگری پۆڵایین ، هاوئاهەنگی لە نێوان یاریزانەکان ، زیاتر لە یانەک دەچوون ، لە یارییەکی درێژو پڕ کێشمەکێش و حەماسەت فێرخوازانی بەشی تەکینکی سڕکردن لە کۆتاییدا بە ئەنجامی (25-23) بوونە براوەی ئەو گێمە و هیوایەکیان بۆ گەڕایەوە.
لە گێمی چوارەمدا ، تا دەهات کات درەنگتر و یاری گەرمتر دەبوو ، هاندەر و بینەر لە بیریانکردبوو کە درەنگانێکی ئێوارەیە و نزیک بە 2 کاتژمێرە هاندان دەکەن ، لە یارییەک کە هاندەر لە دوای تۆمارکردنى هەر خاڵێک دەنگی بەزرتر دەبویەوە ، یارییەک کە هەمووان نەیاندەویست تەواو بێت و کۆتایی بەو نمایشە وەرزشیە جوانانە بێت ، لە کۆتایی ئەو گێمەدا بە ئەنجامی (27-25) دووبارە تیپى فێرخوازانی بەشی سڕکردن توانیان قورسی و تۆکمەیی خۆیان بسەپێنن و ببنە براوەی ئەو گێمە.
بۆ دیاریکردنی براوە و دیاریکردنی یەکەم تیپی سەرکەوتوو بۆ یاری کۆتایی ، ناوبژیوان پەنای بردە بەر گێمی یەکلایی کەرەوەی پێنجەم . لە دەستپێکدا تیپى فێرخوازانی ئەندازیاری پڕۆگرامسازی و ئینفۆڕماتیک باشتر دەرکەوتن و پێشکەوتن ، دوای چەندین گۆڕانکاری و گۆڕینی تەکتیکی یاری ، فێرخوازانی بەشی تەکنیکی سڕکردن گەڕانەوە کەش و هەوای یاری ، لە لایەکی تر هاندەر وەکو یاریزانی حەوتەم وابوو لە یارییەکە بۆ بەشی تەکنکی سڕکردن ، بۆیە یایزانانی بەشی تەکنیکی سڕکردن مکوڕتر و پێداگرتربوون لەوەی ئەو هەموو هاندەرە بە دڵشکاوی و زویری هۆلەکە بە جێنەهێڵن ، بۆیە وەکو پیشەی خۆیان ئەمجارە لە بری نەخۆش ، یاریزانانی بەشی ئەندازیاری پڕۆگرامسازی و ئینفۆڕماتیکیان سڕکرد بە بردنەوەی گێمی یەکلاکەرەوەی پێنجەم و تەپڵی سەرکەتنیان لێدا و خۆیان گەیاندن یاری کۆتایی کە چاوەڕێی براوەی یاری نێوان بەشی (پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشیەکان – بەشی شیکاریی کیمایی پزیشکی ) دەکەن . ئەو گێمەش بە ئەنجامی (15-8)کۆتایی هات .






