تیپی فێرخوازانى بەشى پەروەردەی جەستەیی لە تیپى فێرخوازانى بەشى پەرستاری تەندروستى کۆمەڵیان بردەوە و، گەیشتە قۆناغی داهاتووی خولەکە
لە درێژەی یارییەکانی خولی ناوخۆیی زانکۆی جیهان–هەولێر بۆ تۆپی پێ، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢٦/١/٢٠٢٦، لە یاری سێیەمدا، هەردوو فێرخوازانى بەشى “بەشی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشییەکان” و فێرخوازانى بەشى “بەشی پەرستاری تەندروستی کۆمەڵ” ڕووبەڕووی یەکتر بوونەوە. یارییەکە کەشێکی پڕ لە جۆش و خرۆشی بەخۆیەوە بینی و جەماوەرێکی زۆری فێرخوازان ئامادەی بوون.
لە دەستپێکی یارییەکەوە، تیپی فێرخوازانى بەشى پەروەردەی جەستەیی بە سوودوەرگرتن لە لێهاتوویی جەستەیی و شارەزایی تەکتیکییان، کۆنتڕۆڵی یاریگەیان گرتە دەست. سەرەڕای باڵادەستییان، گۆڵ تۆمارکردن بەهۆی درەوشانەوەی گۆڵپارێزی هەردوو تیپەوە ئاسان نەبوو. پاش چەندین هێرشی یەک لە دوای یەک، دواجار تیپی فێرخوازانى بەشى پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشیەکان توانی بەربەستی یەکسانبوون بشکێنێت و گۆڵی پێشکەوتن تۆمار بکات.
لە گێمی دووەمدا، تیپی فێرخوازانى بەشى پەرستاری تەندروستی کۆمەڵ بە ڕێکخراوی گەڕانەوە ناو یاریگە و چەندین هێرشی مەترسیداریان بۆ یەکسانکردنەوەی ئەنجامەکە ئەنجامدا، بەڵام بەرگریی پتەوی تیپی بەرامبەر ڕێگر بوو لە گۆڕینی ئەنجامەکە. لە کۆتایدا یارییەکە بە ئەنجامی (1-0) لە بەرژەوەندی فێرخوازانى بەشى بەشی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشییەکان کۆتایی هات. بەم ئەنجامە، تیپی پەروەردەی جەستەیی سەرکەوت بۆ قۆناغی داهاتوو، و تیپی پەرستاری تەندروستی کۆمەڵ ماڵئاوایی لە خولەکە کرد.







