تیپی فێرخوازانى بەشی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشییەکان بەسەر تیپى فێرخوازانى بەشى یاسا سەرکەوتن و، گەیشتنە یاریی پێش کۆتایی
لە درێژەی یارییەکانی خولی ناوخۆیی زانکۆی جیهان–هەولێر بۆ تۆپی پێ، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی (٥/٢/٢٠٢٦)، یارییەکی پڕ لە ململانێ و ئاستبەرز لە نێوان تیپی فێرخوازانی بەشی “پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشییەکان” و تیپی فێرخوازانی بەشی “یاسا” بەڕێوەچوو.
هەردوو تیپ بە ڕوحیەتێکی بەرز و هیمەتێکی پۆڵایینەوە هاتنە ناو یاریگا، چونکە ئەم یارییە بڕیاردەر بوو بۆ دیاریکردنی ناسنامەی یەکێک لە تیپە سەرکەوتووەکان بۆ قۆناغی پێش کۆتایی. هەردوو لا لە یارییەکانی پێشوویاندا ماندووبوونێکی زۆریان چەشتبوو بۆ گەیشتن بەم قۆناغە، هەر بۆیە یارییەکە لە ساتەکانی سەرەتاوە بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە دەستیپێکرد.
لەگەڵ فیکەی دەسپێک، هێرشی هەردوو لا بۆ سەر گۆڵی یەکتر دەستیپێکرد، بەڵام بەهۆی هەستیاریی ئەنجامەکەوە، جۆرێک لە ترس و وریایی زۆر لە یاریی هەردوو تیپدا بەدی دەکرا بۆ ئەوەی دووربن لە هەر هەڵەیەکی کوشندە کە دەرفەت بداتە تیپی بەرامبەر. تا دواجار لە دەرفەتێکی زێڕیندا، هێرشبەری تیپی پەروەردەی جەستەیی توانی هەڵەیەکی هێڵی بەرگریی بەشی یاسا بقۆزێتەوە و گۆڵی یەکەم و پێشەنگبوون تۆمار بکات، گێمی یەکەمیش بەم ئەنجامە کۆتایی هات.
لە گێمی دووەمدا، تیپی فێرخوازانی بەشی یاسا ڕیزەکانیان ڕێکخستەوە و فشارێکی زۆریان بۆ سەر گۆڵی تیپی بەرامبەر دروست کرد و هێرشەکانیان ڕێکخراوتر کرد. سەرەڕای هەوڵە بەردەوامەکانیان، بەڵام دیوارە بەرگرییەکەی تیپی فێرخوازانی بەشی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشییەکان و شارەزایی گۆڵپارێزەکەیان ڕێگر بوون لە تۆمارکردنی گۆڵی یەکسانبوون و هەموو هەوڵەکانی تیپی فێرخوازانی بەشی یاسایان بێ ئەنجام هێشتەوە.
(دیدار حامید) گۆڵپارێزی تیپی بەشی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشییەکان، ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی لەم یارییەدا گێڕا. دیدار کە پێشتر بۆ چەندین ساڵ گۆڵپارێزی یانەی وەرزشیی هەولێر بووە، بە ئەزموون و کارامەیی باڵای خۆی توانی پارێزگاری لە تۆڕی گۆڵەکەی بکات و تیپەکەی لە چەندین گۆڵی مسۆگەر بپارێزێت.
یارییەکە بە ئەنجامی (1-0) لە بەرژەوەندیی تیپی فێرخوازانی بەشی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشییەکان کۆتایی هات. بەم سەرکەوتنە، تیپەکە وەک پاڵێوراوێکی سەرەکی بۆ بەدەستهێنانی نازناوی خولەکە، خۆی گەیاندە قۆناغی پێش کۆتایی.







