تیپی فێرخوازانى بەشی ڕاگەیاندن بە ئەنجامێکی گەورە لە تیپی فێرخوازانى بەشی مایکرۆبایۆلۆجی پزیشکی بردەوە
لە درێژەی یارییەکانی خولی ناوخۆیی زانکۆی جیهان–هەولێر بۆ تۆپی پێ، ڕۆژی سێ شەممە ڕێکەوتی (٢٧/١/٢٠٢٦) لە پێنجەمین یاری خولەکەدا، هەردوو تیپی فێرخوازانی بەشی ڕاگەیاندن و تیپی فێرخوازانى بەشی مایکرۆبایۆلۆجی پزیشکی ڕووبەڕووی یەکتر بوونەوە.
تیپی فێرخوازانى بەشی ڕاگەیاندن، کە وەک یەکێک لە پاڵێوراوە سەرەکییەکانی بەدەستهێنانی نازناوەکە دەردەکەوێت، لە سەرەتای یارییەکەوە بە ئاستێکی بەرز و هێرشبەرانە دەستی پێکرد و توانی لە خولەکەکانی یەکەمدا دوو گۆڵی یەکبەدوای یەک تۆمار بکات و باڵادەستیی خۆی بەسەر یاریگەدا بسەلمێنێت.
لە بەرامبەردا، تیپی فێرخوازانی بەشی مایکرۆبایۆلۆجی پزیشکی هەوڵەکانی چڕکردەوە و توانی گۆڵێک تۆمار بکات و جیاوازییەکە کەم بکاتەوە، بەڵام گوشارە بەردەوامەکانی یاریزانانی ڕاگەیاندن ڕێگر بوون لە گەڕانەوەی ئەوان و کەرنەڤاڵی گۆڵ تۆمارکردن بەردەوام بوو، بە جۆرێک تیپی فێرخوازانى بەشی ڕاگەیاندن گۆڵی سێیەمی تۆمارکرد و گێمی یەکەم بە پێشەنگی ئەوان کۆتایی هات.
لە گێمی دووەمدا، تیپی فێرخوازانى بەشی مایکرۆبایۆلۆجی پزیشکی بە ڕێکخستنەوەی ڕیزەکانی توانی گۆڵی دووەم تۆمار بکات و ئەنجامەکە بکاتە (3-2)، ئەمەش وایکرد یارییەکە گەرموگوڕی زیاتر بەخۆیەوە ببینێت. بەڵام لێهاتوویی هێرشبەرانی تیپی فێرخوازانى بەشی ڕاگەیاندن یارییەکەی یەکلاکردەوە و توانییان گۆڵی چوارەم و پێنجەمیش تۆمار بکەن. بەم سەرکەوتنی (5-2) گۆڵە، تیپی فێرخوازانى بەشی ڕاگەیاندن نەک تەنیا گەیشتە قۆناغی داهاتوو، بەڵکو پەیامێکی توندی بۆ هەموو ڕکابەرەکانی نارد کە ئەمساڵ چاویان تەنیا لە نازناوی پاڵەوانێتییەکەیە.







