تیپی فێرخوازانى بەشی یاسا بە “ڕیمۆنتادا”یەکی سەرنجڕاکێش شکستی بە تیپی دووەمی فێرخوازانى بەشی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشیەکان هێنا
لە یارییەکی پڕ لە ڕکابەری و وروژاندنی خولی ناوخۆیی زانکۆی جیهان–هەولێر، ڕۆژی سێ شەممە ڕێکەوتی (٢٧/١/٢٠٢٦)، هەردوو تیپی فێرخوازانى بەشی یاسا و تیپی فێرخوازانى بەشی دووەمی بەشی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشییەکان لە شەشەمین یاری خولەکەدا ڕووبەڕووی یەک بوونەوە.
سەرەتای یارییەکە بۆ تیپی فێرخوازانى بەشی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشیەکان بوو، کە توانییان کۆنترۆڵی تەواوی یاریگە بکەن و بە سوودوەرگرتن لە ئەزموونی وەرزشییان، دوو گۆڵی خێرا تۆمار بکەن. تیپی فێرخوازانى بەشی یاسا کە لەژێر کاریگەری شۆکی دوو گۆڵەکەدا بوون، گێمی یەکەمیان بە دوو گۆڵی بێ بەرامبەر لە بەرژەوەندی ڕکابەرەکەیان کۆتایی پێ هێنا.
لە گێمی دووەمدا، چیرۆکی یارییەکە بە تەواوی گۆڕا؛ یاریزانانی بەشی یاسا بە ورەیەکی بەرز و بە پاڵپشتی جەماوەرە زۆرەکەیان گەڕانەوە نێو یاریگا. توانییان گۆڵی یەکەم تۆمار بکەن و ئومێد بۆ یەکسانبوونەوە بگەڕێننەوە. لە بەرامبەردا، کاریگەری ماندوێتی و کەمیی یاریزانی یەدەگ بە سیمای تیپی فێرخوازانى بەشی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشییەکانەوە دیار بوو، ئەمەش دەرفەتی بۆ یاریزانانی یاسا ڕەخساند تا گۆڵی دووەم و یەکسانبوون تۆمار بکەن.
لەکاتێکدا یارییەکە بەرەو کۆتایی و لێدانە یەکلاکەرەوەکان (پەناڵتی) دەچوو، یاریزانانی بەشی یاسا کۆڵیان نەدا و لە دوا خولەکەکانی یارییەکەدا گۆڵی سێیەم و سەرکەوتنیان تۆمار کرد. بەم شێوەیە، تیپی فێرخوازانى بەشی یاسا توانی “ڕیمۆنتادا”یەکی مێژوویی تۆمار بکات و بە ئەنجامی (3-2) گۆڵ یارییەکە بباتەوە و پلیتی سەرکەوتن بۆ قۆناغی داهاتوو مسۆگەر بکات.






