تەکنیک و داهێنانە هاوچەرخەکان لە بواری ژمێریاریدا؛ پانێڵێکى دیکەى پێنجەمین کۆنفرانسى زانستى نێودەوڵەتى بوارى زانستە دارایی و کارگێڕییەکان بوو
لە بەر ڕۆشنایی کارنامەى پێنجەمین کۆنفرانسی زانستی نێودەوڵەتی زانستە کارگێڕی و داراییەکان کە لەلایەن زانکۆی جیهان – هەولێر بە هاوبەشى زانکۆی وۆچ پۆڵەندی و زانکۆی موسڵ ڕێکخراوە، لە پانێڵێ دووەم لە ڕۆژی یەکەمى کۆنفرانسەکەدا باس لە تەکنیک و داهێنانە هاوچەرخەکان لە بواری ژمێریاری کرا.
لەو پانێڵەدا،کە لە هۆڵی ئەکادیمیای جیهان لە کاتژمێر ١٢:٠٠ پاشنیوەڕۆی ى ڕۆژى چوارشەممە ڕێکەوتى (٢٩/١/٢٠٢٥) دەستپێکرد، سەرەتا دکتۆر مستەفا ساسان لە زانکۆی قوبرس، کە یەکێکە لە وتاردەرە سەرەکیەکانى کۆنفرانس، وتەیەکى ورد و زانستى لەسەر تواناکانی مرۆڤ و جیاکردنەوەی نێوان تاکەکان کە تواناى بەرهەم و داهێنانیان هەیە، لەگەڵ ئەو تاکانەی کە توانای داهێنانیان، بەپێی تواناکانی مێشکی مرۆڤ نیە؛ پێشکەش کرد، بۆ ئەو مەبەستەش دەستی خستە سەر زۆر ڕەهەندی فەلسەفی و دەروونی و ڕادەی کاریگەرییەکانیان لەسەر توانای تاکەکان بۆ گونجاندن لەگەڵ داتاکانی کۆمەڵگەی مۆدێرن .
پاشان دکتۆر هاشم محمد سافی توێژینەوەکەی بەناونیشانی (کاریگەریی پشکنینی گۆڕاوە ئامارییەکان لەسەر کارایی و کاریگەریی وردبینی بازنەی داهات) پێشکەش کرد، بۆ ئەوەش کێشەی توێژینەوەکەی لە نوێنەرایەتی لە قبووڵکردنی هەڵەی دارایی دوای وردبینی خستەڕوو، هەروەک باسى ڕێگە گرنگەکانى بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم کێشەیە کرد، کە دوای ئەنجامدانی توێژینەوەکە بە شێوەیەکی کردەیی لەسەر نمونەیەک لە کارمەندانی ژمێریاری لە کۆمپانیایەکی تایبەت بە بەڵێندەرایەتى پێى گەیشتووە، وتیشى ئەوەش پێویستی بە جێبەجێکردنی پشکنینی ئاماری ورد هەیە بۆ دوورکەوتنەو لە کێشە و هەڵە داراییەکان، ئەوەش بە بەکارهێنانی بەرنامەی داواکاری ئامادەکراو و، تەکنەلۆژیاکانی زیرەکی دەستکرد بە شێوەیەکی کارا.
هەروەها دووەم توێژینەوەى پانێڵەکە لەلایەن دکتۆر ساکار زاهیر بەناونیشانی “کاریگەریی ئاشکراکردنی دارایی لە بەرزکردنەوەی پەروەردەی ژمێریاریدا” پێشکەشکرد، ئەو توێژەرە لەڕێگەی توێژینەوەکەى جەختی لەسەر ڕۆڵی ئاشکراکردنی دارایی و ئامادەکردنی ڕاپۆرتە داراییەکان و کاریگەرییەکانیان لەسەر بڕیارە ئابوورییەکان کردەوە، وتیشى پرسە داراییەکان بەشدارن لە بەرزکردنەوەی پەروەردە و خوێندنى ژمێریاریدا. دواتریش دکتۆر ئیبراهیم حسێن ئەحمەد توێژینەوەیەکی بەناونیشانی “ڕۆڵی زیرەکی دەستکرد لە بەرزکردنەوەی وردبینی ئەلیکترۆنی” پێشکەشکرد، لە توێژینەوەکەیدا باسى لە گرنگی پرۆگرامە ئەلیکترۆنیەکان لە وردبینی و شێوازەکانی بەکارهێنانی سیستمی زیرەکی دەستکرد ، کە ڕاستەوخۆ بەشدارن لە ئامادەکردن و وردبینی و پێداچوونەوە بە بەیاننامە و بەڵگەنامە داراییەکاندا.
لەلایەکى دیکەوە؛ مامۆستا لەیلا عیسا ئەبو ئەلقاسم توێژینەوەیەکى زانستى بە ناونیشانى (بەرزکردنەوەی ڕۆڵی ژمێریاری دادوەری لە کەمکردنەوەی ساختەکاری دارایی) پێشکەش کرد، بۆ ئەوەش لە میانەى خستنەڕوى توێژینەوەکەیدا کۆمەڵێک شێوازی یاسایی و کارگێڕی پێشنیاز کرد، کە دەتوانن بەشداربن لە کەمکردنەوەی دەستکاریکردن و ساختەکاری دارایی، هەر بۆ ئەو مەبەستە ئاماژەى بە گرنگترین ئەو تەکنەلۆژیانە کرد، کە دەتوانن بەشدار و بەسودبن بۆ کەمکردنەوەی ساختەکاری دارایی، بەڵام پێویستە لەبەر ڕۆشنایی یاسا نیشتمانییە کارپێکراوەکانى وڵاتدا بێت.
لە بەشێکى دیکەى پانێڵەکەدا؛ دکتۆر غوفران حاتم عەلوان توێژینەوەکەى بەناونیشانی (ڕۆڵی دیسپلینی دارایی لە کەمکردنەوەی قەبارەی قەرزی گشتی لە عێراق) خستەڕوو، توێژەر لە توێژینەوەکەیدا باسی لە گرنگترین ڕێگەکانی کەمکردنەوەی قەرزی گشتی کرد، ئەوەش بە پەیڕەوکردنی سیاسەتی دیسیپلینی دارایی و چاودێریکردنی بەردەوامی خولیی خەرجییەکان و، سیستمی بەکاربردن، کە قەبارەی قەرزە گشتیەکانی عێراق کەمدەکاتەوە، کۆتا توێژینەوەى ئەو پانێڵەش لەلایەن مامۆستاى یاریدەدەر ڕاز ئازاد جەلال لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەناونیشانی (بەرزکردنەوەی ئەرکەکانی ژمێریاری لە ڕێگەی تەکنەلۆژیای بلۆکچەین)ەوە پێشکەش کرد، لە ڕێگەی توێژینەوەکەدا توێژەر باسی لە گرنگترین ئەرکەکانی ژمێریاری و بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد لە بەکارهێنانەکانیاندا کرد، وتیشى بەکارهێنانی ئەم تەکنەلۆژیایە لە چالاککردنی ئەرکە ژمێریارییەکان و داراییەکان زۆر گرنگ و پێویستن.
لە کۆتایی پێشکەشکردنى توێژینەوەکاندا، ئامادەبووان کۆمەڵێک پرسیاریان ئاراستەی توێژەران کرد، کە باسیان لە بابەتى جۆراوجۆری دارایی و ژمێریاری و چۆنیەتی بەکارهێنانی سیستمی زیرەکی دەستکرد بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ئەدای دامەزراوەیی لە بواری داراییدا دەکرد، بۆ ئەوەش توێژەران وەڵامى پێویستى پرسیار و سەرەنجە زانستیەکانیان دایەوە.