تەکنەلۆجیای پێشکەوتوو لە بواری بانکی و دارایی پانێڵێکى دیکەى پێنجەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی زانستە کارگێڕی و داراییەکان بوو
لە پانێڵێکى تایبەت بە (تەکنەلۆجیای پێشکەوتوو لە بواری بانکی و دارایی)، کە لە دووەم ڕۆژى پێنجەمین کۆنفرانسى زانستى نێودەوڵەتی زانستە کارگێڕی و داراییەکاندت، کە ڕۆژى پێنچ شەممە ڕێکەوتى (٣٠/١/٢٠٢٥) لە هۆڵى (VIP) زانکۆی جیهان-هەولێر بەڕێوەچوو. پانێڵەکە لەلایەن دکتۆر فوزان ئەلقایسی لە (زانکۆی ئەمریکی مەدابە، ئوردن) سەرپەرشتى دەکرا، پرۆفیسۆری یاریدەدەر دلۆڤان وڕیا حەمدامین لە زانکۆی جیهان – هەولێر بڕیاردەرى بەشەکە بوو.
لەو پانێڵەدا، چەند توێژینەوەیەکى زانستى خرانەڕوو، لەو بارەیەوە سەرەتا دکتۆر یەحیا عەلی كاظم لە زانکۆی بەغدا لە میانەى خستنەڕووى توێژینەوەکەیدا باسی لە بەکارهێنانی تەکنیکەکانی AI کرد، وەکو داتا ماین و پاشەکشەی لۆجستی، بۆ کەمکردنەوەی پراکتیکەکانی بەڕێوەبردنی داهات لە بانکە ئەهلیەکانی عێراق، پاشان دکتۆر ئەیاد مەجید زنرنی لە زانکۆی حەلەب لە سوریا توێژینەوەکەى سەبارەت بە کاریگەری زیرەکی دەستکرد لەسەر نەختینەیی بانکە بازرگانییەکان خستەڕوو، بۆ ئەوەش ڕۆڵی ئەرێنی زیرەکی دەستکرد لە بەرزکردنەوەی بەڕێوەبردنی نەختینەیی لە بانکی بازرگانی سوریا ڕوونکردەوە.
هاوکات پرۆفیسۆری یاریدەدەر عومەر عەلی حسێن کازم لە زانکۆی بەغدا باسی لە ڕۆڵی تەکنەلۆژیای دارایی کرد لە باشترکردنی خزمەتگوزارییەکانی بانکی، بۆ ئەوەش جەخت لە توانا جۆراوجۆرەکان کردەوە، هەروەک ئاماژەى بە ئاستەنگەکانی وەک ئاسایشی ئەلیکترۆنی، متمانەی کڕیاران و، پرسە ڕێکخراوەییەکان کرد و، تیشکیشى خستە سەر ئەوەی کە چۆن هاوکاری نێوان فینتەک و بانکەکان دەتوانێت داهێنان و گشتگیری دارایی بەرز بکاتەوە. هەروەها دکتۆر سینان عەبدوڵڵا هەرجان لە میانەى خستنەڕووى توێژینەوەکەیدا باسی لە پەیوەندی ئەرێنی نێوان شێوازەکانی پلاندانانی ستراتیژی و ئەدای دیجیتاڵی لە زانکۆ تایبەتەکانى عێراق کرد.
پانێڵەکە بە گفتوگۆیەکى گەرمى نێوان توێژەران و ئامادەبوان کۆتایی هات، هەروەک دکتۆر فوزان ئەلقایسی سوپاسی بەشداربووان و ئامادەبووانی کرد بۆ بەشدارییە بەنرخەکانیان، سوپاس و پێزانینی خۆی پێشکەش بە زانکۆی جیهان – هەولێر کرد بۆ سازدانی ئەو چالاکییە زانستیە گرنگە.