خولى تۆپى پەرمووچ بۆ مامۆستایانى کچ لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەسەرکەوتوویی کۆتایهات
لە یارى کۆتایی خولى تۆپى پەڕەمووچ بۆ مامۆستایانى کچ، کە لە نێوان مامۆستایەکى بەشی پەروەردەی گشتى و مامۆستایەکى بەشى کۆمپیوتەر لە زانکۆی جیهان-هەولێر بەڕێوەچوو، بەیەکێک لە یارییە گرنگەکانى ئەو خولە دادەنرا، چونکە پاڵەوانى خولەکەى تێدا دەستنیشان کرا، هەربۆیە مامۆستایانى یاریزان زۆر بەهێزى یارییەکەیان دەکرد.
ڕۆژى یەک شەممە ڕێکەوتى (١١/٤/٢٠٢١)، بەئامادەبوونى پرۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆر عبدالستار کەریم سەعید یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى کارگێڕى و، سەرۆکى ژمارەیەک لە بەشە زانستییەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر یارى کۆتایی خولى تۆپى پەرەمووچ لە نێوان یاریزانان (مامۆستاى یاریدەدەر سۆما عەزیز محەمەد) مامۆستا لە بەشى کۆمپیوتەر و، (مامۆستاى یاریدەدەر دەشنێ عەبدوڵلا سەعید) مامۆستا لە بەشى پەروەردەى گشتى بەڕێوەچوو.
لەو یارییەدا، کە لە نێو گڕوتینى یاریزانان و مامۆستا و فێرخوازانى هاندەر لە یاریگەى داخراوى زانکۆى جیهان- هەولێر بەڕێوەچوو، لە ئەنجامدا یاریزان (مامۆستاى یاریدەدەر سۆما عەزیز محەمەد) مامۆستا لە بەشى کۆمپیوتەر بەبردنەوەى (٢-٠) توانى ناسناوى یارییەکە بۆ خۆى مسۆگەر بکات و یاری کۆتایی بباتەوە.
لە پێناو بایەخدان و ئاوەڕلێدانەوە بەلایەنى وەرزشى مامۆستایان و فێرخوازان و فەرمانبەرانى زانکۆ، بەشى پەروەردەى جەستەیی و زانستییە وەرزشییەکان لە زانکۆى جیهان-هەولێر، ساڵانە و لە وەرزى خوێندندا چەندین خولى وەرزشى جۆراوجۆر لەسەر ئاستى کۆلێژ و بەشەکان و مامۆستایان و فێرخوازان ڕێکدەخات، بەڕێوەچوونى ئەم خولەش لە چوارچێوەى ئەو چالاکیانە دێ، کە مامۆستایانى کچ و ژن لە بەشە جیاکان بەگڕوتین بەشدارییان تێدا کرد و توانا وەرزشییەکانیان خستەڕوو.
یارى تۆپى پەرمووچ یەکێکە لە یارییە وەرزشییە گرنگەکان، کە خاوەن تایبەتمەندى خۆیەتى و، پێویستى بەوردى و شارەزایی و لێهاتووییەکى زۆرى یاریزانان هەیە، هەربۆیە مامۆستایانى یاریزانى کچ و ژن لە ماوەى بەڕێوەچوونى ئەو خولەدا زۆر بەوردى یارییەکانیان ئەنجامدەدا.
لە کۆتایی یارییەکەدا، لەلایەن پرۆفیسۆرى یاریدەدەر دکتۆر عبدالستار کەریم سەعید یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى کارگێڕى مەداڵیاى سەرکەوتن بەسەر یەکەم و دووەمى خولەکەدا دابەش کرا.