دروستکردنى باڵەخانە لەبەر ڕۆشنایی پەرەپێدانى ژینگەى بەردەوام؛ ناونیشانى دانیشتنێکى پێنجەمین کۆنفرانسی زانستی نێودەوڵەتی ئەندازیارى تەلارسازی و شارستانی بوو
ڕۆژى پێنچ شەممە ڕێکەوتى (٢٧/٢/٢٠٢٥) لە زانکۆی جیهان-هەولێر بە هاوکاری زانکۆی پوترا مالیزی درێژە بە کارەکانى پێنجەمین کۆنفرانسی زانستی نێودەوڵەتیی ئەندازیارى تەلارسازی و شارستانی درا، لەو چوارچێوەیەدا لە دانیشتنى یەکەمدا، کە لە هۆڵى کۆنفرانسەکانى زانکۆ بە بەشدارى ئەکادیمیست و توێژەران و پسپۆڕان و مامۆستایانى بوارى ئەندازیارى بەڕێوەچوو، چەند توێژینەوەیەک لەبارەى نوێترین پێشهاتەکانی بیناسازی لەبەر ڕۆشنایی پەرەپێدانى ژینگەیی بەردەوام و پلاندانانی شارەکان خرانەڕوو.
دانیشتنەکە بە سەرۆکایەتی دکتۆر کازم فاریس عیساوی لە زانکۆی بەغداد و، دکتۆر نەغم ئیسماعیل یەحیا لە زانکۆی جیهان – هەولێر بەڕێوەچوو، لەسەرەتادا تیشک خرایە سەر گرنگى توێژینەوەی ڕەسەن و داهێنەرانە لە بواری ئەندازیارى تەلارسازی و پەرەپێدانى بەردەوام، پلاندانانی شار و ڕەچاوکردنى ژینگەیی لە دیزاینی باڵەخانەکاندا، بۆ ئەو مەبەستەش دانیشتنەکە بە پێشکەشکردنى توێژینەوەیەکى دکتۆر سارا عەبدولکەریم ساڵح لە زانکۆی پوترا – مالیزیا دەستیپێکرد، توێژینەوەکەی بە ژینگەى فێربوونی کۆمەڵایەتی لە زانکۆ گەرمەکان (Nearby Pocket Settings for Social Learning on Tropical Universities Campuses )، لە توێژینەوەکەیدا توێژەر جەختی لەسەر گرنگی یەکخستنی فەزای فێربوونی کۆمەڵایەتی لەناو ژینگەکانی زانکۆدا کردەوە بۆ بەرزکردنەوەی بەردەوامیی و بەشداریکردنی لە بەهێزکردنى پایەکانى کۆمەڵگە.
دواتر دکتۆر نەغەم ئیسماعیل یەحیا لە زانکۆی جیهان – هەولێر توێژینەوەیەکى لەبارەى مۆدێلێکی پێشکەوتووی بۆ نیشتەجێکردنی بەردەوام لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشکەشکرد (Beyond Efficiency: An Upgraded Sustainable Housing Model for the Middle East (A Case Study of Erbil)) لە توێژینەوەیەکەیدا توێژەر کۆمەڵێک نموونەى لە شارى هەولێر وەرگرتبوو و، بەشێوەیەکى زانستى لایەنە جیاوازەکانى نیشتەجێکردنی لەبەر ڕۆشنایی پەرەپێدانى بەردەوام بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشکەش کرد، لە کۆتایی توێژینەوەکەیدا کۆمەڵێک ڕێگەچارەی داهێنەرانەی بۆ بەرزکردنەوەی کارایی وزە و خۆڕاگری ژینگەیی لە پرۆژەکانی نیشتەجێکردنی ناوچەکەدا پێشنیاز کرد. لە بەشێکى دیکەى چالاکیەکانى ئەو دانیشتنەدا ڕەعد فەوزی محەمەد ئەمین لە پەیمانگای BRE بۆ ئەندازیاری بەردەوام لە زانکۆی کاردیف لە (UK) توێژینەوەیەکی لەبارەى کاریگەری بەکارهێنانی ئامرازە ناسراو و متمانەپێکراوەکان بۆ هەڵسەنگاندنی بەردەوامیی دیزاینی شارەکان لە عێراق بەناونیشانى (The effectiveness of employing reliable Well-known Tools for the sustainability assessment of urban design in Iraq) پێشکەش کرد. لە توێژینەوەکەیدا توێژەر باسى لە شێوازە جیاوازەکانی هەڵسەنگاندنی بەردەوامی و کارپێکردنیان لە پلاندانانی شارەکان لە عێراقدا کرد.
لە توێژینەوەیەکى دیکەى هاوبەشى هەریەک لە سوهەیب عەباس عەلی و، دکتۆر کازم فارس لە زانکۆی بەغدا باس لە ستراتیجی چاکسازی بەردەوام بۆ خانەکانی کرا، توێژینەوەکە بە ناونیشانى (Sustainable Rehabilitation Strategy for Heritage Khans (A Case Study of The Heritage Khan of Alexandria in Iraq)) بوو، لە توێژینەوەکەیاندا توێژەران خانەکانى ئەسکەندەریە لە عێراقیان بە نموونە وەرگرتبوو، توێژینەوەکە لە کۆمەڵێک گۆشە نیگاوە خوێندنەوەیەکى زانستى بۆ بابەتەکە کردبوو، کە تیایدا جەختی لەسەر گرنگی ئاوێتەکردنى پەرەپێدانى بەردەوام لە نۆژەنکردنەوەی شوێنە مێژوویی و کەلتورى و شوێنەوارییەکان کردەوە. دانیشتنەکە بە پێشکەشکردنى توێژینەوەیەکى پڕۆفیسۆری یاریدەدەر مازن جابر عومەر لە زانکۆی موسڵ لەبارەى پەرەپێدانی بەردەوام و زەوی نیشتەجێبوونی شارەکان بەناونیشانى (Sustainable Development and Residential Urban Land Performance: An Analysis of Modern Quarters in Mosul ) کۆتایی هات، لە توێژینەوەکەیدا توێژەر شیکاریی بۆ گەڕەکە نوێییەکانى موسڵ کرد و، تێڕوانینێکی بەنرخی لەبارەی شێوازەکانی بەکارهێنانی زەوی شارەکان لە چوارچێوەى پەرەپێدانى بەردەوام پێشکەش کرد.
دانیشتنەکە بە گفتوگۆیەکی بەرهەمدار لە نێوان بەشداربووان و توێژەران کۆتایی هات، لە میانەى گفتوگۆ و پرسیارەکاندا جەخت لە پێویستی پەسەندکردنی لایەنى پراکتیکی پەرەپێدانى بەردەوام لە بوارى جێبەجێکردنى پرۆژەکانى تەلارسازی و پلاندانانی شارەکاندا کرایەوە، هەروەک ئامادەبووانى دانیشتنەکە ستایشی ئاستی بەرزی توێژینەوە پێشکەشکراوەکانیان کرد و بە توێژینەوەى گرنگ و ڕەسەن و ناوازە وەسفیان کرد.