دەستەى مافى مرۆڤ پەیوەندییەکانى لەگەڵ زانکۆى جیهان-هەولێر پتەودەکات
بۆ پتەوکردنى پەیوەندییەکانى نێوانیان، وەفدێکى دەستەى سەربەخۆى مافەکانى مرۆڤ لە هەرێمى کوردستان سەردانى زانکۆى جیهان-هەولێرى کرد و، گفتوگۆیان لەبارەى چۆنیەتى چەسپاندنى زیاترى مافەکانى مرۆڤ لە ناوەندەکانى خوێندن کرد.
ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتى (١٠/١/٢٠٢٢) پڕۆفیسۆر دكتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر، پێشوازى لە وەفدێکى دەستەى سەربەخۆى مافەکانى مرۆڤ کرد، لە میانەى دیدارێکدا کە بەئامادەبونى دکتۆر عبدالستار کەریم سەعید یاریدەرى سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى کارگێڕى و فێرخوازان بەڕێوەچوو، لەسەرەتادا سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر دواى بەخێرهێنانى وەفدى میوان کورتەیەکى لەبارەى دیدگە و تێڕوانینى زانکۆ بۆ بایەخدان بەمافى مرۆڤ کرد، هەروەک باسى لەو کاروپڕۆژانە کرد، کە لەماوەى ڕابردو بۆ خزمەتکردن بەمافى مرۆڤ ئەنجامیانداوە. ڕاشگەیاند: هەر کۆمەڵگەیەک لە داڕشتنى کارنامەکەیاندا پشتى بەزانکۆکان بەستێ، ئەوە لەسەر هەنگاویکى دروست هەنگاو دەنێ
لە بەشێکى دیکەى دیدارەکەدا، سلێمان محسن سندى بەڕێوەبەرى گشتى ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانى دەستەى سەربەخۆى مافى مرۆڤ باسى لە پلان و کارنامەى نوێى دەستەکەیان کرد و وتى: لە پلانى نوێى کارکردن دەستەکەماندا گرنگى و بایەخدانە بەناوەندەکانى خوێندن بەتایبەت زانکۆکان بۆ هۆشیارکردنەوەى مافەکانى مرۆڤ، ئاشکراشیکرد سەردانەکەمان هەر لەو چوارچێوەیەدایە و دەخوازین زانکۆکەتان ڕۆڵێکى کاریگەر بگێڕن لە پەرەپێدانى بەهۆشیارى و بایەخدان بەمافەکانى مرۆڤ, هیواشى خواست لە زانکۆى جیهان-هەولێر تیمێکى خۆبەش دروستبکرێ تا بتوانن لەگەڵ دەستەکەیان هەماهەنگ و هاوکار بن.
لە تەوەرێکى دیکەى کۆبونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەى دیاریکردنى نەخشەڕێى کارى داهاتووى نێوانیان کرا، بەئامانجى سوود وەرگرتن لە تواناکانى زانکۆ بۆ ڕێزگرتنى زیاتر لە مافى چین و توێژە جیاکانى کۆمەڵگە.