دەیەمین پێشبڕکێی ئەکادیمیای هواوی لە زانکۆی جیهان – هەولێر بەڕێوەچوو
ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێکەوتی ٢٩/١٠/٢٠٢٥، دەیەمین پێشبڕکێی کۆمپانیاى (Huawei ICT Competition) بۆ تەکنەلۆجیای زانیاری و پەیوەندییەکانی لە بەشی ئەندازیاری پرۆگرامسازى و ئينفۆرماتيك لە زانکۆی جیهان – هەولێر بە سەرکەوتوویی بەڕێوەچوو.
لە پێشبڕکێیەکەدا ژمارەیەکى بەرفراوانی لە فێرخوازانى هەردوو بەشی ئەندازیاری پرۆگرامسازى و ئينفۆرماتيك و بەشی زانستەکانی کۆمپیوتەر بە بەشدارییان تیایدا کرد، کە تێیدا تاقیکردنەوە تەکنیکییە پێشکەوتووەکان بۆ هەڵسەنگاندنی لێهاتوویی و زانیارییەکانیان لە بوارەکانی تۆڕ، هەژمارکردنی هەور (Cloud Computing)، ژیری دەستکرد (AI)، و ئاسایشی زانیاریدا ئەنجام دران.
پێشبڕکێیەکە بە چاودێری مامۆستای یاریدەدەر فراس محەمەد زەکی، بەڕێوەبەری ئەکادیمیای هواوی لە زانکۆی جیهان – هەولێر و، دکتۆر ماردین ئەنوەر، نوێنەری ئەکادیمیای هواوی لە هەرێمی کوردستان و، بە هاوکاری ستافی وانەبێژی زانکۆى جیهان-هەولێر بەڕێوەچوو.
لەم پێشبڕکێیەکەدا، هانى فێرخوازان درا بۆ پەرەپێدانی تواناکانیان لە بواری تەکنەلۆجیا و داهێنان، بە شێوەیەک لەگەڵ پێداویستییەکانی بازاڕی کار لەسەر ئاستی ناوخۆیی و جیهانیدا بگونجێت. هەروەها، هەوڵ درا هاوکاری نێوان دامەزراوە ئەکادیمییەکان و کۆمپانیای هواوی لە بواری بنیاتنانی توانا دیجیتاڵییەکان و بەهێزکردنی گەنجان لە بوارەکانی تەکنەلۆجیای زانیاری و پەیوەندییەکاندا پەرەپێ بدرێ.
لە کۆتایی پێشبڕکێیەکەدا، کارگێڕی زانکۆی جیهان – هەولێر سوپاس و دەستخۆشى لە هەوڵەکانی ئەکادیمیای هواوی کرد، لەهەمان کاتدا ئاستی بەرز و نایابی فێرخوازە بەشداربووەکانیش بەرز نرخێنرا و، جەخت لەسەر بەردەوامبوونی زانکۆ لە پشتگیریکردنی ئەم جۆرە دەستپێشخەرییانە کرایەوە، کە ئاسۆیەکی نوێ بۆ فێرخوازان لە جیهانی تەکنەلۆجیای نوێدا دەکاتەوە.






