زانکۆى جیهان-هەولێر ئاهەنگى خەڵات و ڕێزلێنانى دەرچوانى پۆلى (12)ى ئامادەیی ژیار لە ئامێزگرت
لە چەند ڕۆژى ڕابردودا و، لە چەند مەراسیمێکى جیادا، بەسپۆنسەرى زانکۆى جیهان-هەولێر، ئاهەنگى خەڵات و ڕێزلێنانى دەرچوانى پۆلى (12)ى قوتابخانە ئامادەییەکانى ژیارى ناحکومى لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەڕێوەچوون.
ئاهەنگەکان؛ کە بەئامادەبونى کەس و کارى دەرچوان و، بەڕێوەبەر و مامۆستایان و ستافى کارگێڕى قوتابخانەکان بەڕێوەدەچوون، بەساتێک ڕێزلێنان بۆ گیانى پاکى شەهیدان دەستیان پێکرد، پاشان چەند وتارێک بەو بۆنەیەوە پێشکەشکرا، لە وتارى قوتابخانەى ئامادەیی ژیارى ناحکومى کە لەلایەن مامۆستا ئازاد حەمەد بەڕێوەبەرى ئامادەیی ژیار پێشکەشکرا، دواى پیرۆزبایکردن لە دەرچوان و کەسوکاریان، سوپاسى تایبەتى پێشکەش بە سەرۆکایەتى زانکۆى جیهان-هەولێر کرد، کە لە ماوەى چەند ڕۆژى ڕابردودا دەرگاى زانکۆیان بەڕوى دەرچوانى قوتابخانەکانیان واڵا کرد و سپۆنسەرى ئاهەنگى قوتابخانەکەیان کرد، لە بەشێکى دیکەى وتەکانیدا ڕوو لە دەرچوان بەگرنگیەوە باسى لە قۆناغى داهاتوو کرد و وتى: گرنگە بچیتە ئەو بەشەى زانکۆ کە ئارەزوى دەکەیت و توانا و لێهاتوى خۆتانى تێدا دەدۆزنەوە، ڕونیشیکردەوە لە قۆناغى زانکۆ بەدواوە قۆناغى بەرپرسیاریەتى دەست پێ دەکات، بۆ ئەوەش گەشبینى خۆى پیشاندا کە دەرچوەکانیان خاوەن ئەو توانایەن و دەتوانن بەرپرسیاریەتى هەڵبگرن.
لە بەشێکى دیکەى مەراسیمەکەدا؛ مامۆستاى یاریدەدەر هێمن شوانى بە نوێنەرایەتى پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر وتارێکى پێشکەشکرد، لە وتارەکەیدا دواى بەخێرهێنانى میوانان بۆ زانکۆى جیهان-هەولێر، بەناوى سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر پیرۆزبایی گەرمى لە دەرچوان و کەس و کاریان و مامۆستایانى قوتابخانەى ژیار کرد، لە بەشێکى دیکەى وتەکەیدا باسى لە ژیانى زانکۆ بەگشتى و زانکۆى جیهان-هەولێر بەتایبەت بۆ فێرخوازان کرد و ڕایگەیاند: زانکۆى جیهان-هەولێر لەسەر ئاستى عێراق و هەرێمى کوردستان یەکەمین زانکۆى تایبەتە و لە ساڵى (٢٠٠٧) کراوەتەوە و، تا ئێستا بە هەزاران فێرخواز بەسەرکەوتویی قۆناغەکانى خوێندنیان لە بەشە جیاکان تەواو کردوە، کە بەشێکیان ئەمڕۆ سەرکردایەتى کۆمەڵگە دەکەن و، ڕۆڵى کارایان لە بەڕێوەبردنى دامەزراوە نیشتیمانى و نەتەوەیی و حکومیەکان هەیە، هەروەک بەشێکى زۆریشیان خاوەن کار و کۆمپانیا و دامەزراوەى خۆیانن.
وتیشى زانکۆى جیهان-هەولێر لە ڕۆژى دامەزراندنى تا ئێستا گەشەسەندنێکى فراوانى لە ڕووى چەندایەتى و چۆنایەتى بەخۆیەوە بینیوە، و، زۆربەى بەشە زانستیەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر خاوەن بڕوانامە و ئەکریدەیشنی بەناوبانگترین و باشترین دەزگای متمانە بەخشینی ئەوروپی ئاسیک (ASIC) و زیڤا (ZEVA)ن، جگە لەوەى لە ڕێزبەندى نیشتیمانى زانکۆکانى کوردستان پێشەنگى زانکۆ تایبەتەکانە، لەهەمانکاتدا لە زۆربەى ڕێزبەندیە نێودەوڵەتیەکانى وەک ( وێب ساینس (WoS)، (AD Scientific Index)، پەیمانگەی (SCImago)، وێبۆمێتریكس (Webometrics) ) لە ڕیزبەندى یەکەم و پێشەنگى زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بەگشتى و زانکۆ تایبەتەکانە بەتایبەت.
لە کۆتایی وتارەکەیدا ڕایگەیاند: زانکۆى جیهان-هەولێر؛ کە لەلایەن هەردوو وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە هەرێمى کوردستان و بەغداد خاوەن مۆڵەتى فەرمى و دانپیانراوە؛ بە پێشکەشکردنی زانیاری داهێنەرانە، توێژینەوە و خزمەتگوزاری تەندروستى و پزیشکى و خزمەتکردنى کۆمەڵگە لە بوارە جیاوازەکان دەیەوێ هەمیشە بەپێشەنگى بمێنێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش لە ئایندەیەکى نزیکدا نەخۆشخانەى جیهانى فێرکارى بەکواڵیتیەکى بەرزى جیهانى دەکاتەوە.
لە بەشى کۆتایی مەراسیمەکەدا، بەدابەشکردنى خەڵات و ڕێزلێنانى بەسەر دەرچوانى پۆلى (12)ى ئامادەیی ژیار کۆتایی بەئاهەنگەکە هات.