زانکۆى جیهان-هەولێر بەشاندێکى باڵا بەشدارى لە کۆنفرانسی نیشتمانی کۆلێژەکانی پزیشکی ددان لە عێراق دەکات
ڕۆژى هەینى (١٤/١٢/٢٠٢٤) لە شارى بەغداد بەدروشمى (وەبەرهێنان لە توێژینەوەی زانستی و ڕۆڵی لە گەشەپێدانی ئابووریدا)، کۆنفرانسی نیشتمانی کۆلێژەکانی پزیشکی ددان لە عێراق دەستى پێکرد و، تیایدا شاندێکى باڵاى زانکۆى جیهان-هەولێر بەسەرۆکایەتى دکتۆر قەیس ئەلجومەیلى ڕاگرى کۆلێژى پزیشکى ددان و ژمارەیەک لە مامۆستایان و فێرخوازانى کۆلێژەکە بەشداریان لە کۆنفرانسەکەدا کرد.
لەو کۆنفرانسە زانستیەدا، کە هۆڵەکانى گۆڕەپانى ئاهەنگ (ساحة الاحتفال) دەستپێکرد، لە مەراسیمى کردنەوەیدا دکتۆر رغد الهاشمي سەرۆکى لێژنەى ڕاگرى کۆلێژەکانى پزیشکى ددان لە زانکۆکانى عێراق وتارێکى پێشکەشکرد، لە وتارەکەیدا بە گرنگیەوە باس لە کۆنفرانسەکە کرا، چونکە دەرفەتێکی ناوازە بۆ بەهێزکردنى پەیوەندی نێوان توێژەران، لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتی دەڕخسێنێ، چونکە دەیان توێژەر و مامۆستا و پسپۆڕ لە وڵاتانی وەک بەریتانیا، ئەمریکا، هیندستان، ئێران، میسر، بەحرەین، سعودیە، تونس، ئوردن، سوریا، ئیمارات و لوبنان و فەلەستین ئامادەییان هەیە، هاوکات کۆنفرانسەکە پێداچوونەوە بە نوێترین داهێنانەکانی پزیشکی ددان و بەکارهێنانیان لە ناوخۆدا بۆ باشترکردنی کوالیتی خوێندن و توێژینەوەی زانستی و بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی ئەکادیمی بەهێز دەکات، هەروەک ئەوەى لە کۆنفرانسەکەدا ئاماژەى بۆ کرا بە گرنیگەوە تیشک دەخرێتە سەر گرنگی ئابووریی مەعریفە وەک پایەیەکی بنەڕەتی بۆ گەشەسەندنی بەردەوام.
دوا بەدواى کردنەوەى بەرنامەى کۆنفرانسەکە، کارنامەى کۆنفرانس دەستپێکرد، لەو چوارچێوەیەدا، مامۆستایان و فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر دابەشى سەر پانێڵەکانى کۆنفرانسەکە بوون و، بە شێوازى جیاواز بەشداریان لە کار و چالاکیەکانى کۆنفرانسەکەدا کرد، واش بڕیارە لە ماوەى دوو ڕۆژى کۆنفرانسەکەدا، شاندى زانکۆى جیهان-هەولێر چەندین چالاکى زانستى جیاواز بەڕێوەببەن.