زانکۆى جیهان-هەولێر بەشدارى لە دووەمین پیشانگەی HITEX 2022 دەکات
زانکۆى جیهان-هەولێر وەک زانکۆیەکى پیشەنگ و تایبەت لە هەرێمى کوردستان، بەنمایشکردنى بەرهەمەکانى لە بوارى تەکنەلۆژیا بەشدارى لە دووەمین گەورەترین پیشانگەی تەکنەلۆژی HITEX 2022 دەکات.
ڕۆژى دووشەممە ڕێکەوتى (٢٧/٦/٢٠٢٢) لە مەراسیمێکى تایبەتەدا، بەئامادەبوونى ژمارەیەکى زۆر لە لێپرسراوانى حکومى و حزبى و نوێنەرى دەزگا و دامەزراوە گشتى و تایبەتی و کۆمپانیاکان، لە پیشانگەى نێودەوڵەتى هەولێر دووەمین پیشانگەی HITEX 2022 لە عێراق کرایەوە.
لەو پیشانگەیەدا، کە بەگەورەترین پیشانگەى بوارى تەکنەلۆژیا لەسەر ئاستى عێراق دادەنرێت، زیاتر لە ١٥٠ کۆمپانیا و براندی لۆکاڵی و نێودەوڵەتی، کە هەریەکیان لە بوارە جیاوازەکانی تەکنەلۆژیادا خزمەتگوزارییەکانیان پێشکەش دەکەن بەشدارى دەکەن، زانکۆى جیهان-هەولێریش وەک زانکۆیەکى پیشەنگ و تایبەت بەشدارى لە پیشانگەکەیدا کردوە.
لە میانەى بەشداریکردنیاندا، زانکۆى جیهان-هەولێر بەرهەم و کار و چالاکیە زانستیەکانى فێرخوازەکانى لە هەردوو بەشى ئەندازیارى پرۆگرامسازی وئينفۆرماتيك و زانستى کۆمپیوتەر نمایش دەکات و، توانا و لێهاتویی فێرخوازەکانى بەلایەنە جیاکان و هەموو ئەو کەسانە دەناسێنى کە سەردانى پیشانگەیەکە دەکەن.
هەر لە پیشانگەی هایتێکس کە بۆ ماوەى چوار ڕۆژ بەردەوام دەبێ، کۆنفرانسێکى زانستى بەڕێوەدەچێ کە پێکهاتووە لە ٨ پانێڵی سەرنج راکێش و پر لە زانیاری تەکنەلۆژی، لەو چوارچێوەیەشدا مامۆستایانى زانکۆى جیهان-هەولێر بەشداریەکى کارا لە گفتوگۆ و چالاکیە زانستیەکاندا دەکەن.
هایتێکس کە بەیەکێک لە پیشانگە گەورەکانى ناوچەکە دادەنرێت کە هەموو هەوادارانی تەکنەلۆژیا لەیەک شوێندا کۆدەکاتەوە و هەلێکی زێڕین دەبەخشێتە ئامادەبووانی بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری تەکنەلۆژی و وەرگرتنی بیرۆکە و فێربوونی توانا و کارامەیی نوێ بەتایبەت بەئاستى و لێهاتوویی توانا زانستیەکانى فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر.