زانکۆى جیهان-هەولێر بەشدارى کارا لە ئامادەکردن و بەڕێوەبردنى دیداری خوێندنی باڵا لە نێوان کوردستان و ئوردن دەکات
زانکۆى جیهان-هەولێر لەگەڵ ئەوەى سپۆنسەرى دیداری خوێندنی باڵا لە نێوان کوردستان و ئوردن بوو، لەهەمان کاتدا لە ڕێکخستن و ئامادەکردنى دیدارەکەشدا، پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر ڕۆڵێکى دیار و کاراى هەبوو.
ڕۆژى یەکشەممە ڕێکەوتى (5/5/ 2024)، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و، د.ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، د. مأمون محمد ئەلدبەیعى ئەمیندارى گشتى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە وڵاتى ئوردن و، پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و شاندێکى یاوەرى و، بە بەشدارى دەیان سەرکردەى ئەکادیمى و سەرۆکى زانکۆکان لە ئوردن و هەرێمى کوردستان، لە شارى هەولێر دیداری خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان و ئوردن بەناونیشانى ( وێناکردنی ئایندە لەرێگەی پەرەپێدانی بەردەوام) بەڕێوەچوو.
لەو دیدارەدا، چەندین چالاکى جۆراوجۆر بەڕێوەچو، زانکۆى جیهان-هەولێر لەگەڵ ئەوەى سپۆنسەرى دیدارەکەى کرد بوو، لەهەمان کاتدا لە ڕێکخستن و ئامادەکردنى دیدارەکەشدا، پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر وەک ئەندامى لێژنەى ڕێکخستن و بەڕێوەبردنى باڵاى دیدارەکە ڕۆڵێکى دیار و کاراى هەبوو، هەر لەو چوارچێوەیەدا زانکۆى جیهان-هەولێر ڤیدیۆیەکى تایبەتى بە واقیعى خوێندنى باڵاى هەرێمى کوردستان بە زمانەکانى (کوردى و عەرەبى) ئامادە کرد و لە دیدارەکەدا نمایش کرا و، بووە جێى سەرەنجى ئامادەبوان، لەو ڤیدیۆیەدا کە تایبەت بوو بە دۆخى خوێندنى باڵا لە ڕابردو و ئێستا و داهاتوى هەرێمى کوردستان، تیدا تیشک خرا بوە سەر چەندین دەسکەوتى زانستى لە ڕوى چەندایەتى و چۆنایەتى بەشێوەیەکى گشتى.
هاوکات گروپێک لە فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر وەک ئەندامانى لێژنەى پێشوازى هاوکارى لێژنەى باڵا بوون لە ڕێکخستن و بەڕێوەبردنى دیدارەکەدا.
لە دیدارەکەدا، جگە لە پێشکەشکردنى چەند وتارێک، لە ڕێگەى پێشکەشکردنى چەند پانێڵێک گفتوگۆ لەبارەى بە لایەنە جیاکانى خوێندنى باڵا لە ئوردن و هەرێمى کوردستان کرا، بەتایبەت (متمانە و دڵنیایی جۆرى لە خوێندنى باڵا، توێژینەوەى زانستى، خوێندنى بەردەوام، بەنێودەوڵەتیکردنى خوێندنى باڵا، پراکتیزەکردنى شێوازەکانى فێرکردن لە پسپۆڕییە پزیشکیەکان، خوێندن و ڕاهێنانى تەکنیکى و پیشەیی، کارسازى و داهێنان لە خویندنى باڵا لەگەڵ تەکنەلۆژیاى زانیارى و زیرەکى دەستکرد).