زانکۆى جیهان-هەولێر خولێکى ڕاهێنان بۆ بەڕێوەبەرى یەکە کارگێڕییەکانى پارێزگای صلاح الدين بەڕێوەدەبات
لە چوارچێوەى هەماهەنگى نێوان زانکۆى جیهان-هەولێر و دامەزراوە جیاکانى حکومەت لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستان و عێراق، زانکۆى جیهان-هەولێر بەهەماهەنگى پارێزگای صلاح الدين و، کۆمپانیای ڕاهێنان بۆ گەڕان، خولێکی ڕاهێنان بۆ بەڕێوەبەرى یەکە کارگێڕییەکانى سنورى پارێزگاى صلاح الدين بەڕێوەبرد.
لەو خولەدا، کە لە هۆڵى کۆبونەوەکانى هۆتێل ڕامادا لە شارى هەولێر لە ڕێکەوتى (٢٩/٩/٢٠٢٤) دەستپێکرد و تا ڕێکەوتى (٣/١٠/٢٠٢٤) بەڕێوەچوو، چەندین بابەت لە بوارەکانى سەرکردایەتی و کارگێڕی و، شێوازەکانی بەدواداچوون بۆ ئەرکە کارگێڕییەکان و، ئەرکی پلاندانانی ستراتیژی لە زانستی بەڕێوەبردن و بڕیاردانی ستراتیژیدا پێشکەش بە بەشداربوانى خولەکە کرا.
بۆ ئەو مەبەستە دکتۆر سمير صلاح الدين مامۆستا لە بەشی کارگێڕی گشتی لە زانکۆى جیهان-هەولێر بە نوێنەرایەتى زانکۆى جیهان-هەولێر بەشداریکرد و کۆمەڵێکى زانیارى گرنگى لە بوارە جیاکانى سەرکردایەتى کارگێڕى پێشکەش بە ئامادەبووان کرد، هەروەک لە ماوەى بەڕێوەچوونى خولەکەشدا بەشداربوان گفتوگۆیان لەبارەى ناوەڕۆکى بابەتەکان کرد و بەخستنەڕوى ئەزمونى مەیدانیەکان و تێپەڕاندنى ئاڵنگارییەکان تەوەرەکانى بابەتەکەیان دەوڵەمەندتر کرد، لە کۆتایشدا بڕوانامە بەسەر بەشداربوانى خولەکەدا دابەش کرا.
لەماوەى ڕابردودا لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستان و عێراق بەگشتى زانکۆى جیهان-هەولێر چەندین خولى هاوشێوەى بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران لە دامەزراوە جیاکان کردوە بۆ بەرزکردنەوەى ئاست و تواناى کارگێڕى بەڕێوەبردن و ڕاهێنان لە بوارە جۆراوجۆرەکانى حکومڕانى.