زانکۆى جیهان-هەولێر لە پلاتفۆرمێکى تایبەت بە ڕیزبەندییە نێودەوڵەتیەکان، میتۆدۆلۆژیاى هەریەک لە ڕیزبەندییەکان نمایش دەکات
لە دەستپێشخەرییەکى نوێدا، زانکۆى جیهان-هەولێر پلاتفۆرمێکى تایبەتى بە ڕیزبەندییە نێودەوڵەتیەکانى کردەوە، کە میتۆدۆلۆژیاى هەریەک لە ڕیزبەندییە نێودەوڵەتییەکانى تیادا نمایش کردوە، بەئامانجى تیشک خستەسەر لایەنە جیاوازەکانى ئەو پلاتفۆرمە و ڕیزبەندییە نێودەوڵەتیەکانى زانکۆکان و، تاوتوێکردنى بوارەکان، بەئامادەبوونى پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و یاریدەدەر و ڕاگر و سەرۆکى بەش و مامۆستایانى زانکۆى جیهان-هەولێر لە هۆڵى (VIP) زانکۆ؛ سمینارێکى زانستى بە ناونیشانى “گەشتکردن بە جیهانی ڕیزبەندی زانکۆکان” ڕێکخرا.
لەو سمینارە زانستیەدا، کە ڕۆژى یەکشەممە ڕێکەوتى (2024/12/22) بەڕێوەچوو، پرۆفیسۆر دکتۆر سەڵاح یەحیا بەشێوەیەکى زانستى لایەنە جیاوازەکانى ڕیزبەندییە جیهانیەکان بۆ ئامادەبوان باسکرد، بۆ ئەو مەبەستەش لە سمینارەکەیدا، بە وردى باسى لە پێوەرە سەرەکى و لاوەکیەکانى هەریەک لە ڕیزبەندییەکان باسکرد و، تێڕوانینێکی بەنرخی لەبارەی میتۆدۆلۆژیا و لایەنە گرنگەکانی هەریەک لە ڕیزبەندییەکان پێشکەشى ئامادەبوان کرد، بۆ ئەو مەبەستەش ئاماژەى بە هەریەک لە ڕیزبەندیە دیار و بەرچاوەکانى کرد، لەوانەش ڕیزبەندی شەنگەهای (Shanghai Ranking)، ڕیزبەندى تایمزى بەریتانى بۆ خوێندنى باڵا (Times Higher Education )، ڕیزبەندی زانکۆکانی جیهانی QS (QS World University Rankings)، ڕیزبەندى وێبۆمێتریک (Webometrics)، ڕیزبەندی (UI Green Metric)، ڕیزبەندی پەیمانگەی توێژینەوەی زانستی (SCImago) و..هتد، لەگەڵ ڕیزبەندی نیشتمانی زانکۆکانى (NUR)ى هەرێمى کوردستان، بۆ ئەوەش ڕونی کردەوە هەریەک لەم ڕیزبەندیانە پشت بە چەند پێوەر و میتۆدۆلۆژیایەکى جیاواز دەبەستن بۆ هەڵسەنگاندن و ڕیزبەندکردنى زانکۆکان، ئەوەش پەیوەست بە سیاسەتى کارکردنیان، ڕونیشکردەوە گرنگە مامۆستایان و توێژەرانى زانکۆى جیهان-هەولێر لە خاڵە بەهێز و لاوازەکانی هەریەک لەو ڕیزبەندیانە تێبگەن تا بوارەکانی کارکردنیان بەشێوەیەکى باشتر دەستنیشان بکەن و، لە ڕووی ستراتیژییەوە پێگەی جیهانی زانکۆى جیهان-هەولێر خۆیان بەرز بکەنەوە. لە بەشى کۆتایی سمینارە زانستیەکەیدا؛ پڕۆفیسۆر دکتۆر سەڵاح یەحیا ئاماژەى بە پێگەى زانستى زانکۆى جیهان-هەولێر لە ڕیزبەندییە نێودەوڵەتییە جۆراوجۆرەکان کرد.
هەر بەو بۆنەیەوە؛ پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر دواى دەستخۆشیکردن لە پڕۆفیسۆر دکتۆر سەڵاح یەحیا، ئاماژەى بە سیاسەت و کارنامەى زانکۆى جیهان-هەولێر کرد و، ڕایگەیاند: زانکۆکەمان بەرەو زانکۆیەکى نێودەوڵەتى هەنگاوەکانى دەستپێکردوە، وتیشى لە ماوەى ساڵانى ڕابردودا لەسەر ئاستى نێودەوڵەتى زانکۆى جیهان-هەولێر دەسکەوت و پێگەى زانستى لە زۆربەى ڕیزبەندییە نێودەوڵەتیەکاندا دیار و بەرچاوە و، هەنگاوى گەورەى بەرەو پێشەوە ناوە، بەڵام ئێمە دەمانەوێ بە تێگەیشتنێکى ورد و باشتر و زانستیانە تر؛ مامۆستایان و توێژەرانمان ئاشناى پێوەر و میتۆدۆلۆژیا جیاکانى ڕیزبەندییە نێودەوڵەتیەکان ببن و، تا بتوانن بە شێوەیەکی کاریگەرتر خاڵە بەهێزەکانمان بەکاربهێنین بۆ ئەوەى زانکۆکەمان لەسەر ئاستى نێودەوڵەتیدا دەسکەوتى زانستى گەورەتر بەدەست بهێنێ، بۆ ئەوەش گرنگە بایەخى زیاتر بە بوارەکانى توێژینەوەى زانستى و، ناوبانگی ئەکادیمی و، فراوانترکردنى هاوکاریى نێودەوڵەتییەکان…هتد بدەین، چونکە چاومان لە ئایندەیەکى ڕونتر و داهاتویەکى گەشترە.
لە بەشى کۆتایی قسەکانیدا، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر پلاتفۆرمێکى تایبەت بە ڕیزبەندییە نێودەوڵەتیەکانى ڕاگەیاند، کە تیایدا میتۆدۆلۆژیاى هەریەک لە ڕیزبەندییە نێودەوڵەتیەکانى تیادا نمایش کراوە، وتیشى زانکۆى جیهان-هەولێر لە ڕێگەى ئەم پلاتفۆرمەوە کارئاسانیەکى زۆر بۆ مامۆستایان و توێژەران دەکات بۆ تێگەیشتن لە هەریەک لە ڕیزبەندییە نێودەوڵەتیەکان، بۆیە توێژەران و مامۆستایانمان دەتوانن سوود لەو پلاتفۆرمە وەربگرن و لە پێوەر و مەرجەکان ورد ببنەوە، بۆ ئەوەى لەبەر ڕۆشنایی ئەو پێوەرانە توێژینەوە و کارى زانستى جۆراوجۆر ئەنجام بدەن، چونکە مەرج و پێوەرەکان لەسەر بنەماى پێداویستیەکان و چارەسەرى کێشە نێودەوڵەتیەکان دیاریکراون، بۆ زانیارى زیاتر توێژەران و مامۆستایانى زانکۆى جیهان-هەولێر بەتایبەت و، توێژەران و مامۆستایان لەسەرجەم زانکۆکان دەتوانن سەردانى ئەم بەستەرە بکەن و ئاشناى ڕیزبەندییە نێودەوڵەتیەکان بن:
URL: https://rankings.cihanuniversity.edu.iq
لە بەشى کۆتایی سمینارەکەدا، ڕاگر و مامۆستایانى ئامادەبوو بە پرسیار و خستنەڕووى بۆچونەکانیان بەشداریان لە دەوڵەمەندکردنى لایەنە جیاوازەکانى بابەتەکەدا کرد.