پڕۆژەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر لە پیشانگە و کێبڕکێیى تەکنەلۆژى TECHFEST بوونە پێشەنگى پڕۆژە بەشداربووەکان
لە شارى سلێمانى ژمارەیەک لە فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر بەشدارییان لە فیستیڤاڵ و پیشانگەى (TECHFEST) بۆ کێبڕکێی تەکنەلۆژى و توانى پلەى دووەمى کێبڕکییەکە بەدەست بهێنن.
لە ڕۆژانى (٢١تا ٢٣/٨/ ٢٠٢١) بەچاودێرى و ئامادەبوونى قوباد تاڵەبانى جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، کۆمپانیاى (MINO) دووەمین فیستیڤاڵ و پیشانگەى (TECHFEST) بۆ کێبڕکێی تەکنەلۆژى بەڕێوەبرد، تیایدا (٤) چوار فێرخوازانى بەشى ئەندازیارى گەیاندن و کۆمپیوتەر لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەسەرپەرشتى مامۆستا عادل حسین محەمەد سەرۆکى بەش بە (١٠) پڕۆژە بەشدارییان تێدا کرد.
دواى کردنەوەى پیشانگەکە و لەمیانەى بەسەرکردنەوەى پڕۆژەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر قوابد تاڵەبانى جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و، دکتۆر ئارام محەمەد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى و، دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگارى سلێمانى سەرسامى خۆیان بۆ ئامادەکردنى پڕۆژەکان پیشاندا و دەستخۆشیان لە فێرخوازانى زانکۆى جیهان-هەولێر کرد، هەروەک هانیشیدان کە بەردەوام بن لە پەرەپێدان بەپڕۆژە تەکنەلۆژییەکانیان بۆ خزمەتکردن بە کۆمەڵگە و بەرەوپێشبردنى بوارى زانست و تەکنەلۆژیا، لە هەمان کاتدا چەندین پرسیاریان لەبارەى شێواز و چۆنیەتى کارکردنى پڕۆژەکان لە فێرخوازان کرا.
لە ڕووى ڕاگەیاندنەوە، دامەزراوە جیاکانى ڕاگەیاندن بایەخێکى زۆریان بە پڕۆژەکانى زانکۆى جیهان-هەولێردا و، سەرپەرشتیار و فێرخوازان لەماوەى ڕۆژانى بەڕێوەچوونى پیشانگەکەدا چەندین چاوپێکەوتنیان لەگەڵ ئەنجامدرا بەتایبەت کەناڵەکانى (کوردسات، کوردسات نیوز، گەلى کوردستان، بى ئێم سى و…چەندانى دیکە).
لە ڕۆژى دووەمى پیشانگەکەشدا کە تایبەت بوو بە زانکۆ و کۆمپانیا پەیوەندیدارەکان و کەسایەتى و شارەزایانى بوارەکە، ژمارەیەکى زۆریان بەشەکانى زانکۆى جیهان-هەولێریان لە پیشانگەکە بەسەرکردەوە و، پرسیاریان لەبارەى چۆنیەتى پەرەپێدان و فراوانکردنى پڕۆژەکانیان ئاراستەى فێرخوازان کرد.
لە کۆتایشدا، لێژنەى هەڵسەنگاندنى کێبڕکێى پڕۆژەکانى پیشانگەکە، سەردانى پڕۆژەکانى زانکۆى جیهان-هەولێریان کرد و، هەڵسەنگاندنى زانستى بیرۆکەکانى چوار پڕۆژەیان کرد، لە ئەنجامدا زانکۆى جیهان-هەولێر توانى پلەى دووەمى کێبڕکێى پیشانگەکە بەدەست بهێنێ، بەوەش فێرخوازانى بەشى ئەندازیارى گەیاندن و کۆمپیوتەر لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەچوار پڕۆژە توانیان پلەى دووەمى پیشانگەکە بەدەست بهێنن و، دەسکەوتێکى دیکە بۆ زانکۆى جیهان-هەولێر مسۆگەر بکەن.
فیستیڤاڵ و پیشانگەى (TECHFEST) بۆ كێبڕكێی تەكنەلۆجیا بۆ ساڵى دووەمە لەلایەن رێكخراوی بیری نوێ و کۆمپانیاى (MINO) و تیمی گەنجانی نووسینگەی جێگری سەرۆك وەزیرانى هەرێمى کوردستان رێكخراوە و ئامانج لە کردنەوەى ناساندنی گەنجانی داھێنەر و خاوەن بیرۆكەیە بە كۆمپانیاكان.
لە زانکۆى جیهان-هەولێر ئەم فێرخوازانەى خوارەوە بەشداریان لە پیشانگەکەدا کرد:
- ئوسامە ئەبوبەكر شەفيق (قۆناغى چوارەم)
- مينا طارق عومەر (قۆناغى سێیەم)
- عەلى سامى سەیدا (قۆناغى چوارەم)
- بۆتان کامەران (قۆناغى چوارەم)
- سۆما ڕیبوار عومەر (هاوکار)
- دەریا عوسمان عەلى (هاوکار)
پڕۆژەکانیش بریتبوون لەمانەى خوارەوە:
- گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن پێو: پڕۆژەی پێوەری (سی ئۆ تو) کە تێیدا چەند سێنسەرێك بەکارھاتووە بۆ دیاریکردنی بڕی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لە ژوورەکەدا و، لەکاتی بەرزبوونەوەی ئەو ڕێژەیەی لەڕێژەی ئاسای زانستی، زەنگێک لێدەدات تاوەک ئاگادارت بکاتەوە لە مەترسی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لە ژوورەکەدا ، ئەم پڕۆژەیە بۆ کەسانی ئاسای دەتوانن لە ژوورەکانیان دایبنێن یاخود لە نەخۆشخانەی حوکومی و ئەهلى دەکرێت بەکار بێت .
- پاکەرەوەی دەستی زیرەک: ئەم پڕۆژەییە لە بواری پاک و خاوێنی و خۆپارێزیدا بەکار دێت بۆ شوێنە گشتیەکان و ڕێستۆرانتەکان و نەخۆشخانەکان، کە تێیدا پاک کەرەوەی دەست (موعەقەم)ی دەستت دەکات بەبێ ئەوەی دەستت بدەی لە ھیچ شوێنێکی پاکەرەوەکە، تەنھا بە نزیک خستنەوەی دەستت لێی ئەوا بڕێکی گونجاو موعەقەم یاخود پاکەرەوە دەڕژێنێتە ناو دەستەکانت.
- کۆنتڕۆڵی ڕادەی شێ و پلەی گەرمی لە سایلۆکانی کوردستاندا : ئەم پڕۆژەیە یەكێكە لە پڕۆژە هەرە بەسودەكان لە بواری كشتوكاڵ و ئابوریدا، ئەویش سایلۆیەكی پارێزراوا لە پلەی گەرمی بەرز و ڕادەی شێ كە ساڵانە زیانێكی زۆر دەگەینێت بە دانەوێڵەكانی نێو سایلۆكان، بەڵام بەهۆی ئەمپڕژەیەوە لە ڕێگەی چەند هەستەوەرێكەوە ڕێژەی شێ لە سایلۆكەدا بە جێگیری دەهێڵێتەوە .
- سەلەی زیرەک بۆ پاشماوەکان :ئەم پڕۆژەیە لە بواری خۆپارێزی و پاك ڕاگرتندا بەكاردێت كە پێك دێت لە سەلەی پاشماوەیەك كە بە سێنسەرێك كار دەكات، بەبێ ئەوەی دەستت بدەیت لە هیچ سوێنێكی سەلەی پاشماوەكە ئەوا خودكارانە خۆی سەری سەلەكە دەكاتەوە و دوای فڕێدانی پاشماوەكەت دادەخرێتەوە، دەكرێت بەكاربێت لە ماڵی خۆت یاخود هۆتێل و ڕێستۆرانت و نەخۆشخانەكان.
- قاپی خۆراکی ئاژەڵی ماڵی بە کۆنتڕۆڵ: ئەم پڕۆژەییە پێکدێت لە شوێنێکی تایبەت کە تێیدا خۆراکی ئاژەڵە ماڵیەکەتی لێدادەنێیت و بەکۆنتڕۆڵ خواردن دەخاتە شوێنی مەبەست بۆ ئاژەڵە کە و، چەند گڵۆپێکی سەوزی پێوەییە بۆ ئەوەی ئاژەڵەکەت بزانێ کاتی نان خواردنە.
- دەرگای دژە قەرەباڵخی: ئەم پرۆژەیە بۆ کەمکردنەوەی بڵاوبونەوەی کۆرۆناو ڕێگریکردن لە قەرەباڵخی بەکاردێت لە دەرمانخانەکان و مارکێت و شوێنە گشتیەکان کە تێیدا دەرگایەکمان هەیە بەستراوەتەوە بە دوو سێنسەر (هەستەوەر)ی زیرەکەوە لەکاتی چونە ژورەوەی چوار کەس ئەوا دەرگاکە دادەخرێت و، رێگەنادات کەسی دیکە بچێتە ژورەوە تا قەرەباڵخی دروست نەبێت لەکاتی هاتنە دەرەوەی کەسەکانیش دەرگاکە خودکارانە دەکرێتەوە و کەسی دیکە دەتوانێ بچێتە ژورەوە ئەمەش سودی هەیە بۆ رێگری کردن لە قەرەباڵجی و بڵاو بونەوەی کۆرۆنا
- پێوەری بڕی شلەمەنی لە تانکیەکەتدا: ئەم پڕۆژەیە دەکرێت لە کۆمپانیاکان یاخود لەماڵی خۆتدا بەکاری بهێنی بۆ دیاری کردنی بڕی ئەو ئاوەی خەزنکراوە لە تەنکیەکەتدا کەبە سێنسەرێک و چەند ئەلەرمێکەوە بەستراونەتەوە لەکاتی پڕبونی تەنکیەکانت ئەوا ئاگادارت ئەکاتەوە لە پڕبوونی و لە کاتی کەم بونەوەی ئاوی نێو تەنکیەکاندا ئەوا بە زەنگێک پێت دەڵێ کە تەنکیەکە بەرەو بە تاڵبون دەڕوات
- جی پی ئێس، ئامێری چاودێریکردن: ئەم پڕۆژەیە بەكاردێت بۆ سیستەمی پارێزگاری و ئاسایش و هەروەها چاودێریكردنی كەسێك یان سەیارەیەك یان بارهەڵگرێك، كە تێیدا هەموو جموجۆڵەكان و وەستانەكانی ئەو كەس یاخود سەیارەیەیی مەبەستتە دەتداتێ بە داتا لەسەر نەخشەیەك و زانیاریەکان بە شێوەی نامەیەک دەنێرێت بۆ ژمارە مۆبایلەکەت.
- گەراجی خودکار و زیرەک: ئەم پڕۆژەیە بریتیە لە گەراجێکی ئۆتۆماتیکی کە تێیدا چەند سێنسەرێك بەکار ھاتووە ، کە تێیدا دەرگای گەراجەکە خودکارانە دەکرێتەوە، وە تایبەتمەندی ئەم پڕۆژەیە لەوەدایە کە ھەرکات گەراجەکە پیڕبوو لە ئۆتۆمۆبێل ئەوە ئاگادارت دەکاتەوە کە چی دی ئۆتۆمۆبێلی تر وەرناگرێ و، ھەروەھا ژماردن بۆ سەرجەم ئۆتۆمۆبێلەکان دەکات کە لە ڕۆژەکەدا داخڵی بوون .
- سەقفی ئاو نەبڕ، سەقفی پارێزراو لە ئاو: ئەم پڕۆژەییە تێیدا سێنسەرێك بەکار ھاتووە کە باران بارین دیاری دەکات، وەکو سەقفێک بەکار دێت بۆ کافێیەکان یاخود سایلۆکان یاخود ئەو شوێنانەی خۆراکی تێدا ھەڵدەگیرێ یاخود بۆ ماڵەکەی خۆت دەتوانی بەکاری بھێنی کە لە کاتی باران باریندا ڕاستەوخۆ کەپرێک دروست دەکات بۆ شوێنی مەبەست کە تۆ دەتەوێت و ناھێلیت ھیچ شتێک تەڕ ببێت.