زانکۆى جیهان-هەولێر لە ڕیزبەندى (Webometrics) بەرەو ترۆپکى زانکۆکان هەنگاو دەنێ
زانکۆى جیهان-هەولێر لە نوێترین ڕیزبەندى (Webometrics) توانى ژمارەیەکى پێوانەیی نوێ تۆمار بکات و، لەسەر ئاستى جیهان بەرەو ترۆپکى زانکۆ جیهانیەکان هەنگاو دەنێ.
ڕۆژى شەممە ڕێکەوتى (٦/٨/٢٠٢٢) وێبسایتی وێبۆمێتریک نوێترین ڕیزبەندى زانکۆکان لەسەر ئاستى جیهان بۆ ساڵى (٢٠٢٢) بڵاوکردەوە، زانکۆی جیهان-هەولێر لەسەر ئاستى زانکۆ حکومى و تایبەتەکان لە کوردستان و عێراق بەرەوپێشچوونێکی زانستى بەرچاوی بەخۆیەوە بینیەوە، بە جۆرێک تەنها لە ماوەى شەش مانگدا توانیویەتى (٢٠٣)پلە لە ئاستی زانکۆکانى جیهان بچێتە پیشەوە.
بەدیهێنانى ئەم پلەیە دەگەڕێتەوە بۆ هەوڵ و تواناى فێرخوازان و کارمەندان و مامۆستایان و ستافی دڵنیایی جۆری و سێنتەرەکانى توێژینەوەى زانکۆ و، تیمى ڕاگەیاندن و ئای تی، بەسەرپەرشتى و ڕینوێنى سەرۆکایەتی زانکۆ، کە هەموان بەشێکى گرنگن لەم پڕۆسەیەدا.
وێبسایتی وێبۆمێتریک لە ڕێکەوتى (٣١/١/٢٠٢٢) یەکەم ڕیزبەندى زانکۆکان لەسەر ئاستى جیهان بۆ ساڵى (٢٠٢٢) بڵاوکردەوە، ئەو کات زانکۆی جیهان-هەولێر لەسەر ئاستى زانکۆ حکومى و تایبەتەکان لە کوردستان و عێراق بەرەوپێشچوونێکی زانستى بەرچاوی بەخۆیەوە بینیەوە، بە جۆرێک تەنها لە ماوەى یەک ساڵدا توانیوی (٤٣٧٠)پلە لە ئاستی جیهان بێیتە پیشەوە، چونکە لە ڕیزبەندى ساڵى (٢٠٢١) زانکۆى جیهان-هەولێر لەسەر ئاستى جیهان لە پلەى (٩١٠٠)دا بوو، بەڵام لە ڕیزبەندى سەرەتاى ساڵى (٢٠٢٢) ژمارەیەکى زۆر چووە پێشەوە و گەیشتە (٤٧٣٠)، بەو هۆیەشەوە لەماوەى تەنها یەک ساڵدا توانى (٤٣٧٠)پلە لە ئاستی جیهان بێیتە پیشەوە.
ئەم بەرەوپێشچوونەى زانکۆى جیهان-هەولێر بەدەسکەوتـێکى زانستى گرنگ و هەواڵێکی دڵخۆشکەر بۆ هەموو فێرخوازان و مامۆستایان و کارمەندانی زانکۆی جیهان-هەولێر دادەنرێ، بەو بۆنەیەوە سەرۆکایەتی زانکۆی جیهان-هەولێر پیرۆزبایی لەسەرجەم مامۆستایان و فێرخوازانی و کارمەندان و زانکۆ دەکات، لەهەمانکاتدا دوپاتى دەکاتەوە، کە لەهەوڵەکانیان بەردەوام دەبن بۆ بەدیهێنانى دەسکەوتى زانستى دیکەى گرنگ و، بەرەوپێشبردنى زیاترى زانکۆ لەسەرجەم بوارەکان، بەشێوەیەک تا زانکۆى جیهان-هەولێر هەمیشە لە پێشەنگى زانکۆکانى کوردستان و عێراق و جیهاندا بێت.