زانکۆى جیهان-هەولێر لە ڕیزبەندى (Webometrics) ڕیکۆردێکى نوێ تۆمار دەکات
زانکۆى جیهان-هەولێر لە نوێترین ڕیزبەندى (Webometrics) جارێکى دیکە توانى ژمارەیەکى پێوانەیی نوێ تۆمار بکات و، لەسەر ئاستى جیهان هەنگاوێکى زۆر بچێتە پێشەوە.
ڕۆژى سێ شەممە ڕێکەوتى (٣١/١/٢٠٢٣) وێبسایتی وێبۆمێتریک نوێترین ڕیزبەندى زانکۆکان لەسەر ئاستى جیهان بۆ ساڵى (٢٠٢٣) بڵاوکردەوە، زانکۆی جیهان-هەولێر لەسەر ئاستى زانکۆ حکومى و تایبەتەکان لە کوردستان و عێراق و جیهان بەرەوپێشچوونێکی زانستى بەرچاوی بەخۆیەوە بینیەوە، بە جۆرێک تەنها لە ماوەى شەش مانگدا توانیویەتى (٣٩٨)پلە لە ئاستی زانکۆکانى جیهان بچێتە پیشەوە.
بەدیهێنانى ئەم پلەیە دەگەڕێتەوە بۆ هەوڵ و تواناى فێرخوازان و کارمەندان و مامۆستایان و ستافی دڵنیایی جۆری و سێنتەرەکانى توێژینەوەى زانکۆ و، تیمى ڕاگەیاندن و ئای تی، بەسەرپەرشتى و ڕینوێنى سەرۆکایەتی زانکۆ، کە هەموان بەشێکى گرنگن لەم پڕۆسەیەدا.
وێبسایتی وێبۆمێتریک لە ڕێکەوتى (٣١/١/٢٠٢٢) یەکەم ڕیزبەندى زانکۆکان لەسەر ئاستى جیهان بۆ ساڵى (٢٠٢٢) بڵاوکردەوە، ئەو کات زانکۆی جیهان-هەولێر لەسەر ئاستى زانکۆ حکومى و تایبەتەکان لە کوردستان و عێراق بەرەوپێشچوونێکی زانستى بەرچاوی بەخۆیەوە بینیەوە، بە جۆرێک تەنها لە ماوەى یەک ساڵدا توانیوی (٤٣٧٠)پلە لە ئاستی جیهان بێیتە پیشەوە، چونکە لە ڕیزبەندى ساڵى (٢٠٢١) زانکۆى جیهان-هەولێر لەسەر ئاستى جیهان لە پلەى (٩١٠٠)دا بوو، بەڵام لە ڕیزبەندى سەرەتاى ساڵى (٢٠٢٢) ژمارەیەکى زۆر چووە پێشەوە و گەیشتە (٤٧٣٠)، لە ڕیزبەندى ئەمساڵیشدا کە لەم مانگەدا بڵاوکرایەوە زانکۆى جیهان-هەولێر گەیشتە پلەى (٤٣٣٢)، بەوەش زانکۆى جیهان-هەولێر بەرەو ترۆپکى زانکۆکانى لەسەر ئاستى جیهان هەنگاو دەنێ.
ئەم بەرەوپێشچوونە بەردەوامانەى زانکۆى جیهان-هەولێر بەدەسکەوتـێکى زانستى گرنگ و هەواڵێکی دڵخۆشکەر بۆ هەموو فێرخوازان و مامۆستایان و کارمەندانی زانکۆی جیهان-هەولێر دادەنرێ.