زانکۆى جیهان-هەولێر و ئاژانسى کۆیکا (KOICA) هەماهەنگییەکانى نێوانیان لە بوارى ژیریى دەستکرد و تەکنەلۆژیا فراوانتر دەکەن
بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە زانستییەکان و دروستکردنی هەماهەنگی لە بوارە تەکنەلۆژییە هاوچەرخەکاندا، ڕۆژى پێنچ شەممە، ڕێکەوتى (٨/١/٢٠٢٦)، پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ، سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر، پێشوازیکرد لە (Junyoung Jong)، بەڕێوەبەرى ئۆفیسى ئاژانسى کۆیکا (KOICA)ى کۆرى لە هەولێر کرد، لە دیدارێکدا کە یاریدەدەرانى سەرۆکى زانکۆ و ژمارەیەک لە سەرۆک بەشە زانستییەکان ئامادەی بوون، گفتوگۆى ورد لەبارەى کارى پێکەوەیی و سوودوەرگرتن لە ئەزموونە نێودەوڵەتییەکان کرا.
پێشەنگیی زانکۆى جیهان-هەولێر لە ئاستی نێودەوڵەتی و ژیریی دەستکرد
لە سەرەتای دیدارەکەدا، پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ کورتەیەکی لەبارەی مێژوو و پێگەی زانکۆ پێشکەش کرد و ڕایگەیاند: “زانکۆى جیهان-هەولێر وەک یەکەمین و گەورەترین زانکۆى تایبەت لە هەرێمى کوردستان کە لە ساڵى ٢٠٠٧ دامەزراوە، ئێستا بە (٩) کۆلێژ و نزیکەى (٣٠) بەشى زانستییەوە، پێشەنگی ڕیزبەندییە نێودەوڵەتییەکانە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێم.”
لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا، سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر جەختی لەسەر ستراتیژی نێودەوڵەتیکردنی زانکۆ کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە زانکۆى جیهان-هەولێر یەکەمین دامەزراوەی ئەکادیمی بووە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمى کوردستان، کە لە ساڵى خوێندنى (٢٠٢٤-٢٠٢٥)دا، “ژیریی دەستکرد”ی وەک بەشێکی سەرەکی لە پرۆگرامەکانی خوێندن لە سەرجەم بەشە زانستییەکاندا جێگیر کردووە. هەروەها خۆشحاڵی زانکۆکەی دەربڕی بۆ دەستپێکردنی هەماهەنگی لەگەڵ ئاژانسی کۆیکا لە بواری تەکنەلۆژیا و ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکان.
کۆریا و وەبەرهێنانی ١٥٠ ملیار دۆلاری لە بواری AI
لای خۆیەوە، (Junyoung Jong)، بەڕێوەبەرى ئاژانسى کۆیکا، خۆشحاڵى خۆى بەو پێشوازییە دەربڕى و وتى: ئێستا کاتێکی گونجاوە بۆ هاوکاری، چونکە حکومەتی کۆریا بڕی ١٥٠ ملیار دۆلاری بۆ وەبەرهێنان لە بواری ژیریی دەستکرد تەرخان کردووە. ڕونیشیکردەوە: “ئێمە لە کۆیکا بەدوای هاوبەشی ناوخۆیی دڵسۆز و نێودەوڵەتى پیشەیی دەگەڕێین بۆ ئەنجامدانی توێژینەوە و پڕۆژەی هاوبەش. تێڕوانینی ئێمە بۆ ژیریی دەستکرد ئەوەیە کە جێبەجێکردنی ئەم تەکنەلۆژیایە پێویستی بە ژێرخانێکی ئاڵۆز نییە، بەڵکو تەنها پێویستی بە داهێنان و بەکارهێنانی مۆدێلە ئامادەکراوەکان هەیە.”
ئاسۆکانی داهاتوو: گۆڕینەوەی زانیاری و مەشقکردن لە کۆریا
لە بەشێکی تری دیدارەکەدا، باس لە ئەزموونی سەرکەوتووی “پەیمانگای ڤێتنام-کۆریا (VKIST)” کرا وەک مۆدێلێک بۆ هاوکاری ئەکادیمی نێوان وڵاتان. نوێنەری کۆیکا ئاشکرای کرد کە ئاژانسەکەیان دەتوانێت ببێتە پردێک بۆ دروستکردنى هەماهەنگى زانکۆی جیهان-هەولێر لەگەڵ زانکۆ پێشکەوتووەکانی کۆریا.ى باشور، هەروەها ئاماژە بە بەرنامە فەرمییەکانی کۆیکا (G2G) کرد، کە ساڵانە دەرفەتی مەشق و ڕاهێنان بۆ ٤٠ کەس لە وڵاتی کۆریا بۆ ماوەی سێ ساڵ دەڕەخسێنێت لە کەرتە جیاوازەکان دەڕخسێنێ.
لە کۆتایی دیدارەکەدا، هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگی بەردەوامی پەیوەندییەکان و داڕشتنی نەخشەڕێگەیەک بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە هاوبەشەکان کردەوە، بە ئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی و تەکنەلۆژی لە هەرێمی کوردستان.








