زانکۆى جیهان-هەولێر ڕێککەوتنامەیەکى هەماهەنگى لەگەڵ دامەزراوەیەکى گرنگى ئەمریکى ئیمزا کرد
لە چوارچێوەى فراوانکردنى بازنەى پەیوەندییە ئەکادیمى و زانستیەکانى لەسەر ئاستى ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا، زانکۆى جیهان-هەولێر ڕێککەوتنامەیەکى هەماهەنگى لەگەڵ دامەزراوەیەکى گرنگى ئەمریکى ئیمزا کرد.
ڕۆژى یەکشەممە ڕێکەوتى (١٨/٧/٢٠٢١) پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر ڕێککەوتنامەیەکى هەماهەنگى و هاوکارى لەگەڵ دکتۆرە ریاحین شێخ عیسا نوێنەرى ئەکادیمى ئەمریکى نێودەوڵەتى بۆ ڕاهێنان و پەرەپێدان ئیمزا کرد.
وەک لە ناوەڕۆکى ڕێککەوتنامەکەدا هاتووە، هەردوولا کارى پێکەوەیی دەکەن بۆ پەرەپێدان و ڕاهێنانى ئارەزومەندان بە بوارەکانى (تەکنەلۆژیاى زانیارى و ئینتەرنێت، یاسایی، کارگێڕى و ئابورى و تەکنیک، لەگەڵ پەرەپێدان بەتوانا مرۆییەکان)، هەر لە ڕێککەوتننامەکەدا جەخت لە ڕێکخستن و بەستنى چالاکى زانستى هاوبەش لە بوارەکانى (کردنەوەى خول، کۆڕ و کۆبونەوە و سیمپۆزیۆم و کۆنفرانس) لە بوارە یاسایی و کارگێڕى و ئابورى و تەکنیکیەکان کراوەتەوە.
پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر ڕایگەیاند: یەکێکە لە پایە سەرەکیەکانى هەر دامەزراوەیەکى زانستى بریتیە لە ئاستى پەیوەندییە زانستیەکانى لەگەڵ زانکۆ ودامەزراوە جیهانیە ئاستبەرزەکان، لەو ڕوانگەیەوە زانکۆکەمان وەک زانکۆیەکى پێشەنگ لە کوردستان توانیویەتى لەگەڵ زۆربەى زانکۆ و دامەزراوە زانستیەکانى جیهان ڕێککەوتنامە و لێکتێگەیشتن ئیمزا بکات، ئەکادیمى ئەمریکى نێودەوڵەتى بۆ ڕاهێنان و پەرەپێدان یەکێکە لە دامەزراوە زانستیە گرنگەکانى ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا، کە بارەگاى سەرەکى لە ویلایەتى کالیفۆرنیایە، هیواشى خواست ڕێککەوتنامەکە ڕەنگدانەوەى باشى لەسەر ئاستى زانستى زانکۆى جیهان-هەولێر و فێرخوازان و مامۆستایان هەبێ.
نوێنەرى ئەکادیمى ئەمریکى نێودەوڵەتى بۆ ڕاهێنان و پەرەپێدان خۆشحاڵى خۆى پیشاندا بەئیمزاکردنى ڕێککەوتنامەکە، هەروەک کورتەیەکى لەسەر دامەزراوەکەیان و گرنگى جێبەجێکردنى ڕێککەوتنامەکە باسکرد.