زانکۆى جیهان-هەولێر ڕێکەوتنامەیەک لەگەڵ زانکۆى پۆلیتەکنیکى فوراتى أوسط ئیمزا دەکات
لەپێناو ئاڵوگۆڕکردنى بوارى زانستى و بەدیهێنانى هەماهەنگى و پەرەپێدان بە پەیوەندییە ئەکادیمیەکانى نێوانیان، زانکۆى جیهان-هەولێر ڕێکەوتنامەیەکى لێتێگەیشتنى لەگەڵ زانکۆى پۆلیتەکنیکى فوراتى أوسط ئیمزا کرا.
ڕۆژى پێنچ شەممە رێکەوتى (١٠/٣/٢٠٢٢) پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر پێشوازى لە شاندێکى زانکۆى پۆلیتەکنیکى فۆراتى أوسط کرد، کە بەسەرۆکایەتى (پڕۆفیسۆر دکتۆر مظفر صادق ئەلزوهیرى) سەرۆکى زانکۆکە لەسەر بانگھێشتى سەرۆکایەتى زانکۆى جیهان-هەولێر، سەردانى شارى هەولێریان کردوە.
لە دیدارێکدا، دواى بەخێرهێنانى شاندى میوان لەلایەن پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر، گفتوگۆ لەبارەى چۆنیەتى دروستکردنى پەیوەندى زانستى لە نێوان هەردوولا کرا بەتایبەت لە چۆنیەتى هەماهەنگیکردن لە بوارەکانى زانستى و، کەلتورى و هونەرى و کارگێڕى.
لە سەرەتادا، سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر کورتەیەکى لەبارەى زانکۆى جیهان-هەولێر پێشکەش بەشاندى میوان کرد و، ڕایگەیاند: “زانکۆى جیهان-هەولێر لەسەر ئاستى عێراق و هەرێمى کوردستان یەکەمین زانکۆى تایبەتە”، لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ ڕایگەیاند: یەکەمین زانکۆى تایبەتە کە لە هەرێمى کوردستان لە ساڵى ٢٠٠٧ کراوەتەوە، ئەم زانکۆیە لەو ماوەیەدا گەشەسەندنێکى فراوانى لە ڕووى چەندایەتى و چۆنایەتى بەخۆیەوە بینیوە، کە ئێستا خاوەنى (٧) کۆلێژ و (٢٣) بەش پێکدێ و، لەهەوڵەکانمان بەردەوامین بۆ کردنەوەى کۆلێژى پزیشکى بەتایبەت بەشەکانى ددانسازى و دەرمانسازى، وتیشى میکانزمەکانى کردنەوەى بەش و پڕۆسەى وەرگرتنى فێرخوازان پڕۆسەیەکى قورسە و، پشت بەکۆمەڵێک بنەما و پێوەرى زانستى دەبەستێ.
هەر لەو دیدارەدا، کە دکتۆر عەبدولستار کەریم یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى کارگێڕى و فێرخوازان و، دکتۆر مەیسون حەیدەرى یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى زانستى ئامادەیبون، سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر، ژمارەیەک لەسەرۆکى بەشە زانستیەکان ئامادەیبون، سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر وتى لە ڕووى هونەرى و کەلتوریشەوە، زانکۆکەمان خاوەن کۆمەڵێک دامەزراوە و سێنتەر و تیپى کەلتورى و هونەرییە، لە ڕووى وەرزشیەوە خاوەن ژێرخانێکى وەرزشى پتەوین، لە ڕوى تاقیگەى زانستى و پزیشکی چەندین تاقیگەى پێشکەوتو و ئاستبەرزمان هەیە، بەهەمان شێوە لە ڕووى ستافى زانستیەوە، زانکۆکەمان خاوەن نوخبەیەک لە مامۆستا و شارەزایی خاوەن ئەزمونە کە زۆربەیان لە وڵاتانى دەرەوە بڕوانامەیان بەدەستهێناوە، لەڕوى کواڵیتى خوێندنەوە (١٣) بەشى زانستیمان خاوەن بڕوانامەى متمانەى دامەزراوە نێودەوڵەتیەکانە.
لەسەر ئاستى پەیوەندییە زانستیەکانیش، پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ ڕایگەیاند: زانکۆکەمان خاوەن تۆڕێکى فراوانى پەیوەندى زانستیە لەگەڵ زانکۆکانى ناوخۆ و عێراق و هەرێمى و زانکۆ پێشکەوتوەکانى جیهان، ساڵانە لەسەر ئاستى پسپۆڕییە جیاکان کۆنفرانسى نێودەوڵەتى و هاوبەشى ئەنجام دەدەین، مایەى خۆشحاڵیمانە کە خاوەنى هەزاران دەرچوین، کە بەشێکى زۆریان ئێستا پۆستى باڵا لە دامەزراوە جیاکانى پاڕلەمان و حکومەت بەڕێوەدەبەن.
لە بەشێکى دیکەى دیدارەکەدا، پڕۆفیسۆر دکتۆر مظفر صادق ئەلزوهیرى سەرۆکى زانکۆى پۆلیتەکنیکى فوراتى أوسط وتى: ئێمە خۆشحاڵین بەم سەردانە، ڕونیشکردەوە سیاسەتى کارکردنیان بریتیە لە کرانەوەى زانکۆکەیان بەڕوى زانکۆکانى جیهان بەتایبەت زانکۆکانى هەرێمى کوردستان، بۆ ئەو مەبەستەش چەند ڕێکەوتنامەیەکمان لەگەڵ زانکۆ پۆلیتەکنیکیەکان ئیمزا کردوە، ئاشکراشیکرد، کە زانکۆکەیان کە یەکێکە لەو چوار زانکۆ پۆلیتەکنیەکەى لە عێراق هەن، سەرپەرشتى کۆمەڵێک پەیمانگە و کۆلێژى تەکنیکى دەکات و سنورى زانکۆکەیان فراوان دەبێتەوە بۆ پێنچ پارێزگاى عێراق و، خاوەن ١٠٢ بەشى زانستین و بڕوانامەى دبلۆم و بەکالۆریۆس و ماستەر و دکتۆرا لە بوارى تەکنیکى دەبەخشن بەدەرچوانیان.
لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا، سەرۆکى زانکۆى پۆلیتەکنیکى فوراتى أوسط بەوردى باسى لە هەنگاوەکانى چۆنیەتى گەشەکردنى زانکۆکەیان بەتایبەت لە بوارى زانستى و پەرەپێدان بەپەیوەندییە زانستیەکانى کرد، هەروەک باسى لە ژینگەى زانکۆکەیان و چۆنیەتى کردنەوەى بەشى زانستى لە زانکۆکەیان کردەوە و، ڕایگەیاند: هەر بەشێک لە زانکۆکەمان بکرێتەوە پشت بەپێداویستیەکانى بازاڕ دەبەستین.
پڕۆفیسۆر دکتۆر مظفر صادق ئەلزوهیرى بەشى کۆتایى قسەکەى تەرخانکرد بۆ ئەو پێشکەوتنانەى کە لە بوارى تەکنەلۆژیا لە زانکۆکەیان بەدیهاتووە و، لە ئێستا بۆ ڕایکردنى کاروبارەکانى پشتى پێ دەبەستن، وتیشى هەنگاوەکانمان بۆ پەرەپێدانى بەلایەنى تەکنەلۆژى بەتایبەت و لایەنەکانى دیکە فراوان کردوە.
دوابەدواى دیدارەکە، لە مەراسیمێکدا پرۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و، پڕۆفیسۆر دکتۆر مظفر صادق ئەلزوهیرى سەرۆکى زانکۆى پۆلیتەکنیکى فوراتى أوسط ڕێکەوتنمایەکى هاوبەشیان ئیمزا کرد، وەک لە ڕێکەوتنامەکەدا هاتووە و لە چەند ماددەیەک پێکهاتووە جەخت لە پەرەپێدانى زیاتر بەپەیوەندییە زانستیەکان و، ئاڵوگۆڕى ستافى زانستى و بەشداریکردن لە وۆرکشۆپ و سمینار و کۆنفرانسى زانستى و، ئەنجامدانى کۆنفرانس و توێژینەوەى هاوبەش لە نێوان ستافى زانستى هەردوو زانکۆکە کراوەتەوە.
پاشان لە هۆڵى (VIP) زانکۆى جیهان-هەولێر، کە بەئامادەبونى سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر و سەرۆکى بەشە زانستیەکانى زانکۆ بەڕێوەچوو، دوو کورتە فیلمى جیا لەبارەى زانکۆى پۆلیتەکنیکى فوراتى أوسط زانکۆى جیهان-هەولێر نمایش کرا.
لە کۆتا وێستگەی سەردانەکەیاندا، شاندى زانکۆى پۆلیتەکنیکى فوراتى أوسط، هاوڕێ لەگەڵ سەرۆکایەتى زانکۆى جیهان-هەولێر بەشێوەیەکى مەیدانى زانکۆى جیهان-هەولێریان بەسەرکردەوە و، لە نزیکەوە ئاشناى ژینگەى خوێندن و بەشە زانستیەکانى زانکۆى جیهان-هەولێر بوون و، بەزانکۆیەکى نمونەیی و پێشکەوتوو باسیان کرد و، هیوایان خواست سەردانەکەیان و ئیمزاکردنى ڕێکەوتنامەکەیان سەرەتایەکى گرنگ بێ بۆ داهاتویەکى گەشترى پەیوەندییەکانى نێوانیان.