زانکۆى جیهان وۆرکشۆپێکى سێ ڕۆژەى بۆ یەکێتى مامۆستایان ڕێکدەخات
بۆ پاڵپشتیکردن لە وەزارەتى پەروەردە و، درێژەدان بەپڕۆسەى خوێندن لەناوەندەکانى خوێندن، زانکۆى جیهان-هەولێر وۆرکشۆپێکى سێ ڕۆژەى بۆ ژمارەیەک لە مامۆستایانى سنورى پەروەردەى هەولێر بۆ فێربوونى بەرنامەکانى خوێندنى ئەلکیترۆنى ڕێکخست.
لەو خولەدا، کە بەهاوکارى سکرتاریەتى یەکێتى مامۆستایانى کوردستان ڕێکخراوە، ژمارەیەک مامۆستا بەشدارییان تێدا کردەوە، لە مەراسیمى کردنەوەى وۆرکشۆپەکەدا، کە جێگرى سکرتێرى یەکێتى مامۆستایانى کوردستان و، ژمارەیەک لە ئەندامانى سکرتاریەت و سکرتێر و جێگرى سکرتێرى لقى هەولێرى یەکێتى مامۆستایان ئامادەیبوون، چەند وتەیەک پێشکەشکران.
لە وتەکاندا، دواى ئەوەى سوپاسى سەرۆکایەتى زانکۆى جیهان و یەکێتى مامۆستایان کرا، بەگرنگیەوە باس لە کردنەوەى ئەو جۆرە خولانە کرا بۆ پاڵپشتیکردن لە پڕۆسەى خوێندن.
مامۆستا عەبدول واحید محەمەد جێگرى سکرتێرى یەکێتى مامۆستایانى کوردستان لە لێدوانێکدا باسى لە بیرۆکەى ڕێکخستنى وۆرکشۆپەکە کرد و ڕایگەیاند: لەسەروبەندى هاتنى پەتاى کۆرۆنا پرۆسەى پەروەردە دووچارى گیروگازى زۆر بووەوە و، کاریگەرى نەرێنى زۆریشى دروستکرد، ئەم کاریگەرىە ڕەنگدانەوەى لە ئایندەش دەبێ، تەنانەت کاریگەرى نەرێنى لەسەر خودى تواناى مامۆستاش دەبێ، چونکە ماوەیەکە دابڕاون لە وانەوتنەوە.
جێگرى سکرتێرى یەکێتى مامۆستایان وتى: ئێمە پێویستمان بەتەکنیکى تازەى فێربوون هەیە، بۆیە لەگەڵ یەکێتى مامۆستایانى جیهانى گفتوگۆمان کرد وتمان مامۆستایانى ئێمە پێویستیان بەپاڵپشتى زیاترە بەتایبەتى لە لایەنى تەکنیکى تازە، ئەوانیش بڕیاریاندا لە ڕووى ماددیەوە پشتگیرى یەکێتى مامۆستایانى کوردستان بکەن، بەو هۆیەوەشەوە تا ئێستا نۆ خولمان لە سنورى نۆ لق کردۆتەوە.
سەبارەت بە وۆرکشۆپى زانکۆى جیهان، ڕایگەیاند: بەخۆشحاڵیەوە بۆ کردنەوەى ئەم وۆرکشۆپە لەگەڵ د.ئەمجەد سابر سەرۆکى زانکۆى جیهان-هەولێر گفتوگۆمان کرد، ئەوان وەک سەرۆکایەتى زانکۆ ئامادەیی تەواوى زانکۆیان پیشاندا بۆ ئەوەى هاوکاربن لە بەڕێوەچوون و سەرخستنى خولەکەدا، ئەمەش جیگەى ڕێز سوپاسە کە زانکۆى جیهان بەدەنگ بانگەوازەکەى ئێمەوە هات و، ئەمرۆ بەرهەمەکەى دەبینن.
لە کۆتایى لێدوانەکەشیدا ڕونیکردەوە دواى ئەوەى مامۆستایانى بەشداربوو فێرە تەکنیکەکانى نوێى فێربوون دەبن دواتر دەتوانن ئەو زانیارییەى فێرى بوون بیگوازنەوە بۆ مامۆستایانى هاوڕێیان لە ناوەندەکانى خوێندن، ئومێدیشى خواست لە ئایندەشتان لەگەڵ زانکۆى جیهان-هەولێر درێژە بەو خولانە بدەن.
م. محەمەد باجەلان سەرۆکى بەشى زانستەکانى کۆمپیوتەر بەنوێنەرایەتى سەرۆکایەتى زانکۆ، دواى بەخێرهێنان و پیرۆزبایکردن لە بەشداربووان ڕایگەیاند: ڕاستە وۆرکشۆپەکە ماوەى سێ رۆژ بەردەوام دەبێ، بەڵام دەرگاى زانکۆى جیهان هەمیشە بەڕووى مامۆستایانى بەشداربوو و یەکێتى مامۆستایانى کوردستان کراوە دەبێ بۆ هەر پرسیارى و پێداویستیەک بۆ ئایندە، ئاشکراشیکرد لە وۆرکشۆپەکەدا جەخت لەسەر فێربوونى سێ پڕۆگرام سەرەکى دەکەنەوە کە بریتین لە (Zoom, ClassDojo, Moodle)، کە هەریەک لەم پڕۆگرامانە گرنگى خۆیان بۆ پڕۆسەى فێربوون هەیە، بەتایبەت لە قۆناغى (١) بنەڕەتى تا (١٢)ى ئامادەیی، کە لە زۆرێک لە وڵاتان سەرکەوتنى گەورەیان بەەستهێناوە، بەهەمان شێوە ماوەى ساڵێکیش لە ژمارەیەک لە قۆتابخانەکانى هەولێر پیادەکراوە، هیواشى خواست بەشداربووان سوودى تەواو لە وانەکان وەربگرن.
مامۆستا عەبدولسەمەد محەمەد عەلى یەکێک لە بەشداربووانى وۆرکشۆپەکە ووتى: ئەم وۆرکشۆپە کە تایبەت بە پێشکەشکردنى وانە بەشێوازێکى سەردەمیانە، گرنگى زۆرى بۆ ئێمەى مامۆستا لە ناوەندەکانى خوێندن هەیە، لەم وۆرکۆشۆپەدا فێرى ئەوە دەکرێن، کە چۆن بە ڕێگەى ئۆنلاین مامۆستا دەتوانێ لە بەرامبەر کۆمپیوتەر وانەکانى ڕوون بکاتەوە، بەهەمان شێوە قوتابیش دەتوانێ سوود لە تەکنەلۆژیا وەربگرێت بۆ بەردەوامیدان بەپڕۆسەى خوێندن، ئەو مامۆستا وتى: گرنگى ئەم خولە لەوە دەبینم، کە لە ئەگەر ڕوودانى قەدەغەى هاتوچۆ یان کەرەنتینە بۆ ئەوەى پڕۆسەى خوێندن، کە پڕۆسەیەکى زۆر گرنگە پەکى نەکەوێت و بەردەوام بێت سوود لەو پرۆگرامە کۆمپیوتەریانە وەربگرین، لەبەرئەوە دەمانەوێت هاوشێوەى بوارەکانى دیکە ئێمەى توێژەى مامۆستا سوود لە تەکنەلۆژیا وەربگرێن بۆ بەردەوامیدان بەپڕۆسەى خوێندن، وتیشى زۆر سوپاسى سکرتاریەتى یەکێتى مامۆستایانى کوردستان و زانکۆى جیهان دەکەم بۆ ڕێکخستن و بەڕێوەبردنى ئەم وۆرکشۆپە.
وۆرکشۆپى پەرەپێدان بەتواناى زانستى مامۆستایانى پەروەردە بۆ چۆنیەتى فێربوون و بەکارهێنانى پڕۆگرامەکانى وانەوتنەوە، کە ڕۆژى شەممە، ڕێکەوتى (٣٠/١/٢٠٢١) دەستپێکرد، بۆ ماوەى سێ ڕۆژ لە زانکۆى جیهان-هەولێر بەڕێوەدەچێ، کە (٢٧) مامۆستا لە ناوەندێکى خوێندنى شارى هەولێر و دەوروبەرى بەشدارییان تێدا کردوە و، لەلایەن مامۆستایانى بەشى زانستەکانى کۆمپیوتەر ڕۆژانە وانەکان بەشێوازێکى پراکتیکى بەڕێوەدەچێ.