زانکۆی جیهان-هەولێر؛ لە هەنگاوێکی ستراتیژیدا زیرەکیی دەستکردى کردە بەشێک لە پرۆگرامی خوێندنی سەرجەم بەشەکان
لە هەنگاوێکی ئەکادیمیی پێشەنگدا، زانکۆی جیهان-هەولێر بە فەرمی بابەتی “زیرەکیی دەستکرد” (Artificial Intelligence) وەک وانەیەکی بنەڕەتی خستە نێو پرۆگرامی خوێندنی سەرجەم بەشە زانستییەکان. ئەم پرۆگرامە لە ساڵی خوێندنی (٢٠٢٤-٢٠٢٥) لە کۆرسى دوومى قۆناغى یەکەم دەست بە جێبەجێکردنى کراوە و ناوەڕۆکەکەی بەپێی پسپۆڕیی هەر بەشێک داڕێژراوە، بە ئامانجی پەرەپێدانی توانای پیشەیی و زانستیی فێرخوازان لە بوارەکانی خۆیاندا.
پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەمجەد سابر دەلۆ، سەرۆکی زانکۆی جیهان-هەولێر، دەڵێ: “جیهانی ئەمڕۆ شایەتی پێشکەوتنێکی گەورەیە لە بواری زیرەکیی دەستکرددا و ئاوێتەی ژیانی ڕۆژانەمان بووە.” ئەم هەنگاوە وەڵامدانەوەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ ئەم گۆڕانکارییە جیهانییە، بە ئامانجی ئامادەکردنی نەوەیەکی نوێ کە بتوانن زیرەکانە مامەڵە لەگەڵ دەرفەت و ئاڵنگارییەکانی ئەم تەکنەلۆژیایەدا بکەن. هەروەها ئاراستەکردنی توێژینەوەی زانستیی مامۆستایانە بەرەو بوارەکانی وەک پزیشکی، تەندروستى، ئەندازیارى کارگێڕى و ژمێریارى، یاسا و پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان و، زمان و ڕاگەیاندن و پەروەردە.
گرنگى و کاریگەرى وانەکە:
وەک پسپۆڕان و شارەزاییانى بوارەکە لە زانکۆ ئاماژەى پێ دەکەن، کاریگەریی ئەم دەستپێشخەرییە لە چەند خاڵێکدا خۆى دەبینێتەوە، ئەوانیش بریتین لە:-
- قەبارەی جێبەجێکردن: پرۆگرامەکە سەرجەم بەشە زانستییەکان دەگرێتەوە.
- بەرەنجامی فێربوون: ئامانجە سەرەکییەکە بریتییە لە بەرزکردنەوەی توانای فێرخوازان لە بەکارهێنانی ئامرازەکانی زیرەکیی دەستکرددا لە پڕۆژە و توێژینەوە زانستیەکاندا.
- بەرهەمی توێژینەوە: هاندانی مامۆستایان بۆ ئەنجامدانی توێژینەوەی تایبەتمەند لە بواری AI.
میکانزمەکانى وانەکە:
زانکۆى جیهان-هەولێر لە ڕێگەی دوو میکانیزمی سەرەکییەوە کار لەسەر بەدیهێنانى ئەم ئامانجە کردوە، ئەوانیش:
- داڕشتنی پرۆگرام: دیزاینکردنی وانەی تایبەت بە زیرەکیی دەستکرد بۆ هەر بەشێک، کە لەلایەن ستافی ئەکادیمیی پسپۆڕى بەشەکە لە کۆرسى دووەمى قۆناغى یەکەم دەوترێتەوە، جگە لەوەش لە قۆناغەکانى دیکە لە چوارچێوەى چەند بابەتێکى دیاریکراودا وانەى تایبەت بۆ زیرەکى دەستکرد دیاریکراوە و، لەلایەن مامۆستاى بابەت ناوەڕۆکەکەى پێشکەش بە فێرخوازان دەکرێ.
- پشتگیریی توێژینەوە: دابینکردنی ژینگەیەکی ئەکادیمیی لەبار بۆ توێژەران تا بتوانن توێژینەوەکانیان لەگەڵ پێداویستییەکانی بازاڕی کار و، کۆمەڵگەدا بگونجێنن و بە شێوەیەکی دروست سوود لە زیرەکیی دەستکرد وەربگرن.
ئەم پرۆگرامە ستراتیژییە لە ساڵی خوێندنی نوێی (٢٠٢٤–٢٠٢٥)ەوە دەستى پێ کردوە، ئەمەش قۆناغێکی نوێ لە پەرەپێدانی تواناى ئەکادیمی و تەکنەلۆژی لە زانکۆی جیهان-هەولێردا دیاری دەکات.