زانکۆی جیهان-هەولێر بۆ جارى دووەم دەرفەتێکی نێودەوڵەتیی بۆ کۆرسێکى ڕاهێنان لە وڵاتی چیک بۆ فێرخوازانی ڕادەگەێنێت
لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی بۆ بەنێودەوڵەتیکردنی خوێندن و فراوانکردنی ئاسۆی زانستیی فێرخوازان، زانکۆی جیهان-هەولێر دەرفەتێکی ناوازە بۆ فێرخوازانى ڕادەگەێنێت بۆ بەشداریکردن لە کۆرسێکى هاوینەی نێودەوڵەتی (Summer School) بە ناونیشانی “تەندروستی، سەلامەتی و ژینگە (HSE)”، کە بە هاوبەشی لەگەڵ زانکۆی پالاسکی (Palacký University Olomouc)ی بەناوبانگ لە وڵاتی چیک بەڕێوەدەچێت.
ئەم کۆرسە هاوشێوەى کۆرسى پێشوتر بە شێوەیەکی تایبەت بۆ فێرخوازانی پسپۆڕییەکانی ئەندازیاری تەلارسازی، تەکنیکیی تەندروستی، زانستەکان (Applied Sciences) وەک بایۆمێدیکاڵ و مایکرۆبایۆلۆجیی پزیشکی و سەرجەم ئەو بەشانەی کارکردن لە تاقیگەدا بەشێکی سەرەکیی خوێندنیانە دیزاین کراوە، بەشداریکردن لەم دەرفەتە زێڕینە، ئەزموونێکی نێودەوڵەتیی گرنگ و بڕوانامەیەکی باوەڕپێکراو لە زانکۆیەکی پێشەنگی ئەوروپی بە فێرخوازان دەبەخشێت.
زانیارییە گشتیەکان لەبارەى کۆرسەکە:
- ماوەی کۆرس: کۆرسەکە ماوەى (١٠) ڕۆژ دەخاێنێت، بەجۆرێک لە ڕێکەوتى (٢٠/٦/٢٠٢٦) دەست پێ دەکات و، لە ڕێکەوتى (٢٩/٦/٢٠٢٦) کۆتایی دێ.
- ناوەڕۆکی کۆرس:بابەتە سەرەکییەکان بریتین لە بنەماکانی HSE لە ئەندازیاریدا، هەڵسەنگاندنی مەترسییەکان، سەلامەتی لە شوێنی کار و تاقیگە، بەڕێوەبردنی پاشماوە، پلانی فریاکەوتن، سەردانی مەیدانی و وەرگرتنی بڕوانامەی بەشداریکردن.
- تێچوو:مەزەندە دەکرێت تێچووی بەشداریکردنی هەر فێرخوازێک (بەبێ تکتی فڕۆکە) نزیکەی ٨٠٠ دۆلاری ئەمریکی بێت، کە کرێی کۆرس، شوێنی مانەوە و، بەشێک لە چالاکییەکانی دیکە لەخۆدەگرێت.
- ژمارەی بەشداربووان:دەرفەتەکە سنووردارە بۆ نزیکەی ٢٠ تا ٢٥ فێرخواز.
- هەر فێرخوازێکی ئارەزوومەند کە مەرجەکانی تێدایە، دەتوانێت لەم کۆرسەدا بەشدار بێت، بۆ ئەو مەبەستەش خوازیاران پێویستە لە ئەمڕۆ دوو شەممە ڕێکەوتى (٣٠/٣/٢٠٢٦) بە زووترین کاتسەردانی ئۆفیسی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە سەرۆکایەتیی زانکۆی جیهان-هەولێر بکەن بۆ خۆتۆمارکردن و وەرگرتنی زانیاریی زیاتر.
- دوا مۆڵەت بۆ خۆتۆمارکردن، ڕۆژی دووشەممەى داهاتوو ڕێکەوتى (٦/٤/٢٠٢٦)، کاتژمێر ١:٠٠ی پاشنیوەڕۆیە و دوای ئەو کاتە هیچ ناوێک وەرناگیرێت.
- بۆ چۆنیەتى خۆتۆمارکردن کلیک لەم بەستەرە بکە (https://docs.google.com/forms/d/1fsO48aHFJisKNwU9wfberDQxzvq_liqLwDDsSRfsUGo/viewform?pli=1&pli=1&edit_requested=true).





